سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ شانۆ ساز دەکرێت


بڕیارە لە ڕێکەوتی ١١/١٢/٢٠٢٢ بەڕێوەبەرایەتی هونەری شانۆی هەولێری سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ شانۆ بە بەشداری وڵاتانی عەرەبی و بیانی و چوار پارچەی کوردستان لە هەولێری پایتەخت بەڕێوەبچێت.
لە فیستیڤاڵەکەدا چەندین بەرهەمی شانۆیی کلتوورە جیاوازەکان دێنە نمایش و هەولێریش نوێترین بەرهەمی شانۆیی خۆی پێشکەش دەکات.
سەبارەت بە ئەنجامدانی فیستیڤاڵەکە (هیوا سوعاد یونس) بەڕێوەبەری هونەری شانۆی هەولێر گوتی: جێگەی خۆشحاڵیە جارێکی تر هەولێر فیستیڤاڵێکی هونەری بۆ ماوەی هەفتەیەک بە ئامادەبوونی میوانانی عەرەبی و بیانی لە سەرجەم وڵاتانی جیهان لە ئامێز دەگرێت و لە پایتەختی کوردستان بەرهەمە شانۆییەکانیان نمایش دەکەن، هاوکات چەندین کۆڕ و سیمیناری تایبەت لە بارەی شانۆگەرییەکان ساز دەکرێت، وەک هەولێریش بەرهەمێکی ناوازەمان ئامادەکردووە بۆ یەکەم جار نمایشی دەکەین، جگە لە وڵاتانی دنیاش شارەکانی کەرکوک و سلێمانی و دهۆک و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بەرهەمە شانۆییەکانیان لێرە نمایش دەکەن و کێبڕکێی بردنەوەی خەڵاتی باشترین ئەکتەر و سیناریۆ و دەرهێنان و باشترین بەرهەمی شانۆیی دەکەن.
گوتیشی: ئەگەرچی وەک خولەکانی پێشوو دەست کراوەنین لە ئەنجامدانی چالاکیی ڕەنگاوڕەنگ لە چوارچێوەی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی هەولێر بەهۆی بارودۆخی دارایی کوردستان، بەڵام میوانانمان لە دوورترین وڵاتی جیهانەوە دێنە کوردستان و ئەزموونی سەقامگیری هەرێم بە چاوی خۆیان دەبینن و لە کەشێکی هونەریی دا گەنگەشەی پتەوکردنی پێوەندی نێوانمان دەکەین و نەخشە بۆ چەند پڕۆژەیەکی نوێی هونەری دادەڕێژین بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بە هەماهەنگی چەندین کاری شانۆیی ئەنجام بدەین.