چوارەمین فیستیڤاڵی ھونەری تورکمان بە چەندین بڕگەی ھونەری بەڕێوە چوو

شیڤان شێرزاد – هەولێر

بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیری تورکمان/ وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، چوارەمین خولی فیستیڤاڵی ھونەری تورکمانی بە چەندین بڕگەی جیاوازی ھونەری بە ئامادەبوونی پارێزگاری ھەولێر و سکرتێری پەرلەمانی کوردستان و وەزیری کاروباری پێکھاتەکان و “د. سالار عوسمان” بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و بەڕێوبەری گشتی ڕۆشنبیری و ھونەری تورکمان و ژمارەیەکی بەرچاو لە نووسەر و شاعیر و ھونەرمەندانی ھەولێر و کەرکوک و دووزخورماتوو ساز کرد.

لە دەسپێکی پڕۆگرامەکانی فیستیڤاڵەکەدا چەندین وتاری تایبەت لە بارەی پێکەوەژیانی تورکمان و نەتەوە جیاجیاکان لە چوارچێوەی ھەرێمی کوردستان خوێندرایەوە، کە گوزارشتیان لە مێژووی ئەو شارە دەکرد، پاشان دوو کاتژمێر تەرخان کرا بۆ خوێندنەوەی شیعرە تورکمانیەکان، کە چەندین شاعیری ناسراوی تورکمانی لە کەرکوک و دووزخورماتوو ھاوشانی شاعیرە ھەولێرییەکان ھۆنراوەکانیان خوێندەوە.

پێشانگایەکی فۆتۆگرافی کرایەوە
لە چوارچێوەی فیستیڤاڵە ھونەرییەکەدا پێشانگایەکی فۆتۆگرافی تایبەت بە وێنەکانی فۆتۆگرافەرە ناسراوەکانی تورکمان کرایەوە، کە چەندین وێنەی سوریالی و سرووشتی جوانی کوردستان و ناوچە تورکماننشینەکانی وەک کەرکوک و دووزخورماتووی لەخۆوە گرتبوو، دیارترینشیان فۆتۆکانی خانمە ئەکتەر و فۆتۆگرافەر (وەفا ئەحمەد) بوو، کە لە کەرکوکەوە میوانی ئەو فیستیڤاڵە ھونەرییەی ھەولێر بوو.

نمایشێکی ھونەری و کلتووری بەڕێوە چوو
لە دوای کۆتایی ھێنان بە پێشانگا فۆتۆگرافیەکە تابلۆیەکی ھونەریی بەڕێوەچوو، کە گوزارشتی لە شایی و ھەڵپەڕکێی تورکمانی دەکرد و ئامادەبووانی ھێنایە جۆش و خرۆش، ھاوکات ئەو گرووپە ھەڵپەڕکێیە تورکمانیە چەندین داھێنانیان لە ھەڵپەڕکێکەدا کردبوو، بە پۆشینی جلە ڕەنگاوڕەنگەکانیان جوانیەکی دیکەیان بە فیستیڤاڵەکە بەخشی بوو.

ئێوارەیەکی پڕ لە گۆرانی و موزیک لە ماڵی تورکماندا
ھەر لە پەراوێزی چالاکییە ھونەرییەکانی نێو فیستیڤاڵەکەدا ئێوارەیەکی پڕ لە ئاواز و گۆرانی ڕەسەنی تورکمانی بەڕێوە چوو، کە چەندین ھونەرمەندی دیاری تورکمانی بە گۆرانیە ڕەسەنەکانیان دڵی ئامادەبووانیان بە لای خۆیان ڕاکێشا و ھێمای خۆشەویستیان بۆ ھەولێر و مێژوویی ئەو شارە دەکرد.

خەڵاتێک بۆ خانەوادەی ئاڵتی بەرماغ
لە پای خزمەتی بەرچاوی خانەوادەی ئاڵتی بەرماغ، کە مێژووێکی دێرینیان لە ھەولێر ھەیە و خاوەنی چەندین پڕۆژەی مرۆیی و ھونەرین خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرایە (گەیلان ئاڵتی بەرماغ) بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و ھونەری تورکمان، کە ساڵانێکی زۆرە خۆی و خانەوادەی لە خزمەتی ھەولێر و ھەولێرییەکاندا سڵیان نەکردووەتەوە و ھەمیشە ئامادەی جوانترکردنی سیمای ئەو شارەن و بوونەتە بەشێکی زیندوو لە مێژوو و فەرھەنگی تورکمانیدا.

ھەواڵی زیاتر