لە ئامێزی یادی سینەمای کوردیدا

لە شاری سلێمانی یادی رۆژی سینەمای كوردی كرایەوە و هونەرمەندانی بواری سینەمایش گلەیی لە نەبوونی پشتگیری بۆ بەرەوپێشبردنی هونەری سینەما دەكەن.

ئێوارەی دوێنێ شەممە، كۆمپانیای (هاواری فیلم) بە سپۆنسەری دامەزراوەی كەریمی ئەلەكە، لە هۆڵی مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنە سوورەكە، رێوڕەسمی خولی سێیەمی (یاد و ئاهەنگ)ـی (رۆژی سینەمای كوردی)ـیان كردەوە، هاوكات پێشانگایەكی كتێب و شێوەكاری تایبەت بە سینەماش كرایەوە.

هاوار مستەفا خان، خاوەنی كۆمپانیای (هاواری فیلم) رایگەیاند، ئەوان چەندین ساڵە هەوڵ بۆ زیندووكردنەوەی كولتووری سینەما دەدەن، چونكە ساڵانێكە شاری سلێمانی زۆر بە بێنازی لەڕووی هونەرییەوە گوزەر دەكات، لە كاتێكدا سلێمانی وەک پایتەختی كولتووری هەموو كوردستانی گەورەیە.

ناوبراو وتی “لە ماوەی ساڵانی رابردوودا هەندێك كەسایەتی هاوكارییەکی باشی كەرتی سینەمایان كردووە، بەڵام وەك خۆم لەو پێنج ساڵەدا دە جار لە دەرگای هەندێك كەسایەتیم داوە و یەك جار دەرگایان لێ كردوومەتەوە كە ئەوەش هەر باش بووە”.

هەر لە مەراسیمەكەدا هونەرمەند شوان عەتوف رایگەیاند، خۆشحاڵین بەوەی ئەم مەراسیمە بۆ رۆژی سینەمای كوردی كراوەتەوە، بەڵام نیگەرانن لەوەی تەنانەت وەزارەتی رۆشنبیری و كۆمپانیاكانیش وەك پێویست پشتگیری لە کردنەوەی ئەم مەراسیمانە ناكەن.

شوان وتی “بۆچی تائێستاش لە كەناڵەكان بەردەوام دراما بیانییەكان پێشكەش دەكرێت، ئایا هیچ میللەتێك لە دنیادا هەیە هونەرمەندانی خۆی فەرامۆش بكات و هونەرمەندی نەتەوەكانی دیكە بە بێبەرامبەر بخاتە سەر شاشە؟! بەش بەحاڵی خۆم لەگەڵ ئیشە جوانەكانی تورک و عەرەب و فارسم، بەڵام با ئەوە لەسەر حسابی كولتوور و رۆشنبیری كوردی نەبێت”. 

هاوكات هونەرمەند كەریمۆك بە (هەولێر)ی راگەیاند، لە چوار ساڵدا لە شاری سلێمانی هەشت فیلمی سینەمایی درێژ دروست كراوە و راستە فیستیڤاڵ دەكرێت و یادی سینەما دەكرێتەوە، بەڵام خواستی هونەرمەندان و بینەران زۆر لەوە زیاترە.

ناوبراو وتی “ئەگەر پشتگیری ماددی هەبێت، بێگومان ئەكتەری زۆر باشی سینەما هەیە بۆ بەرهەمهێنانی سینەما، كە بە داخەوە ساڵی وا هەیە هونەرمەندانمان لە دوو ئیشدا بەشداری ناكەن، لە كاتێكدا دەبێت هونەرمەند ساڵانە بەشداری چەندین فیلم بكەن بۆ ئەوەی توانستی باشتر بكات”.