کچـە کوردێک خەڵاتی باشترین ئەکتەری فیستیڤاڵی تەرابلوسی بردەوە

لە ڤیستیڤاڵێکی نێودەوڵەتیدا لە لوبنان و بە بەشداریی هەشت وڵات کچە کوردێک خەڵاتی باشترین ئەکتەری پێ بەخشرا و بە جلی کوردییەوە خەڵاتەکەی وەرگرت.

هەوار فارس کچە ئەکتەری کوردی شاری کەرکووک لە لێدوانێکدا بە (هەولێر)ـی ڕاگەیاند: لە ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی (تەرابلۆس)ـی لە لوبناندا کە هەشت وڵات لێی بەشدار بوون وەک نوێنەری کوردستان بەشداریم کرد و سوپاس بۆ خوا و هەموو ئەوانەی پشتیوانم بوون توانیم خەڵاتی باشترین ئەکتەر بەدەست بهێنم و پێشکەشی نیشتمانی بکەم.
گوتیشی “بە مۆنۆ درامای (وەک قەقنەس دەسووتێم) بەشداریمان کرد و کارەکەمان بووە جێی سەرنجی تەواوی ئامادەبووان، وەک یەکێک لە کارە سەرکەوتوەکانی ڤیستیڤاڵ سەیر کرا و لە کۆتایی ڤیستیڤاڵیشدا توانیم خەڵاتی یەکەم ببەمەوە و بە جلوبەرگی کوردییەوە لەسەر ستەیج پێشوازیم لێ کرا.
ئەو کچە کوردە لەبارەی مۆنۆدراماکەوە زیاتر دوا و ئاماژەی بەوە کرد “وەک قەقنەس دەسووتێم” یەکێکە لە شاکارەکان؛ دەقەکەی مامۆستا گەزیزە عومەر نووسیویەتی و کاری سیناریۆ و دەرهێنانی لەلایەن نەژاد نەجمەوە بۆ کراوە و هەوار فارس نواندنی بۆ کردووە و سیروان عومەریش کاری جێبەجێکاریی بۆ کردووە.

ھەواڵی زیاتر