‏بە بەشداری ٥٨ کورتەفیلم لە فێستیڤاڵی کورتەفیلمی ئاشتی و پێکەوەژیان لە سلێمانی بەڕێوە دەچێت

بڕیارە ڕۆژانی ٢١/٩/٢٠٢٢ فێستیڤاڵی کورتەفیلمی ئاشتی و پێکەوەژیان لە تەلاری هونەری شاری سلێمانی بەڕێوە دەچێت.

فێستیڤاڵەکە کۆمپانیای مەستی فیلم جێبەجێی دەکات، یەکێکە لە چالاکییەکانی پرۆژەی (بنیاتنانی توانا و بەهێزکردنی تۆڕبەندی میدیاکارانی گەنج لە بواری بنیاتنانی ئاشتی و پێکەوەژیان)، کە ڕێکخراوی CDO و سەنتەری METRO و CDFJ جێیەجێ دەکەن و بە هاوبەشی ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان UNDP و بە بوودجەی حکوومەتی ئەڵمانیا ساز دەکرێت.
فوئاد مەستی سەرپەرشتیاری فیستیڤاڵەکە بە (هەولێر)ـی ڕاگەیاند: فێستیڤاڵی کورتەفیلمی ئاشتی و پێکەوەژیان بە بەشداری ٥٨ کورتەفیلم لە تەواوی شارەکانی کوردستان و وڵاتانی ئەورووپاوە بەڕێوە دەچێت و بوودجەی ئەو پڕۆژە هونەرییەش لە لایەن وڵاتی ئەڵمانیاوە دابین کراوە؛ ئامانجیش لە بەڕێوەچوونی فیستیڤاڵەکە بنیادنانی توانا و هێزی گەنجانە لە بوارەکانی ڕاگەیاندن و بواری فیلمسازیدا. گوتیشی: ٢١ تا ٢٣ ئەم مانگە سلێمانی پڕ دەکەین لە دنیای فرەڕەنگی هونەری حەوتەم و بەهرە و سەلیقەی جوانی دەرهێنەرانی کورد نیشانی میوانانی فێستیڤاڵ دەدەین.‏