سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

کامەران ڕەئوف: کۆلێژ و پەیمانگە دەرهێنەر و ئەکتەر دروست ناکات

گەورە هونەرمەندی کورد “کامەران ڕەئوف” کە ساڵانێکی زۆرە لە نێوەندە هونەرییەکە خزمەتێکی ئێجگار بەرچاوی کردووەو بووەتە یەک لەوانەی مێژووی هونەری کوردی شانازی پێوە دەکەن، ڕۆژنامەی “هەولێر” لەم دیدارە تایبەتییەیدا دیالۆگی لەگەڵ دەکات.

٭ زیاتر لە 50 ساڵە بێدابڕان لەگەڵ شانۆ دەژیت، کاتی ئەوە نەهاتووە پشویەک بدەیت؟
ـ کە شانۆ دەبێتە ژیان پشوودان مەحاڵە و دابڕان لێی مەرگە، شانۆ بووەتە قەدەرم، قەدەرێکی جوان، تەنانەت بووەتە ژیانی ڕاستەقینەم، ژیانم لە دەرەوەی شانۆ تەنها بەڕێکردنی ڕۆژگارە، ڕیتمی جەستەم تێک دەچێت و تەنانەت ترپەی دڵیشم، وەک بێزووکەرێک پێویستم بەو ڕەحمەیە کە گەشەی تێدا بکەم، لە شانۆدا دووگیان دەبم، ئەو کارەیش لە هەست و ئەقڵ و هۆشمدا ڕودەدات، دوای چەند مانگێک بەرهەمێک دەبێتە بونەوەرێکی پڕاوپڕ لە ژیان.

٭ شانۆی کوردی دوێنێ و ئەمڕۆ چۆن دەبینیت و چی بکرێت بۆ سبەی؟
ـ شانۆی کوردی دوێنێ هاوشانی خەبات و تێکۆشانی گەلەکەمان دەڕۆیشت، بینەرێکی زۆریش دەڕژانە هۆڵەکانەوە و بۆ ماوەیەکی زۆریش ئەو بەرهەمە نمایش دەکرا، کێشەی ئەو قۆناغە لەوەدا بوو کە بایەخ نەدەدرا بە یەکەکانی پێکهاتەی نمایش، هەر لە دیکۆر و ڕوناکی و مۆسیقا و گەڕان و ڕۆچوون بەناخی دەقەکەدا و دۆزینەوەی فۆرم و تەفسیرێکی نوێ بۆ ئەو دەقە، ئەوە کە دەکرا خستنە سەر شانۆی پەیامی نووسەربوو لە خەبات و تێکۆشان و بەدەستهێنانی ئازادی، ئەم جۆرە نمایشانە وایکرد بینەر هۆڵی نمایش چۆڵ بکات و پێویستی پێی نەمێنێ، چونکە ئەو ئازادییەی لە پێناویدا خەباتیکرد بەدیهات، هەندێکیش وا پێناسەی ئەو قۆناغە دەکات کە زێڕینە، بە بۆچونی من زیاتر چەند کارێکی زێڕی گرت نەک هەموو قۆناغەکە زێڕ بێت، لەکۆتایشدا هەموو ئەو نمایشانە جێگەی ڕێز و ستایشە، بەڵام نەدەبوو لایەنە هونەرییەکە فەرامۆش بکرێت. ئەمڕۆی شانۆی کوردی لە دوای ڕاپەڕین بۆ ماوەیەک قەیران ڕووی کردە شانۆ، تاماوەیەک چەند کارێکی بەپێز نمایش کرا، بەڵام نەبونی پلان و فەرامۆشکردنی شانۆ کە بەشێکە لە شارستانیەتی گەلان بەڕۆژگارێکی زۆر سەختدا تێپەڕی ئەویش پەیوەستبوو بە نەمانی بودجە و بایەخنەدان بە وەزارەتی ڕۆشنبیری کە لایەنی بەرپرسە لەو بوارە گرنگەو دووبارە بوتنیانانەوەی تاکی کورد لە مێژوویەکی دورودرێژ لە ژێردەستەیی، کە تێیدا زەوتی هەموو پیرۆزییەکی گەلانی تێدا دەکرێت، ئەم فەرامۆشکردنە وایکرد پەنا ببردرێتە بەر کەرتی تایبەت و شانۆ وەک کاڵایەک سەیر بکرێت کە چۆن بە پارەیەکی کەم داهاتێکی زۆر بەدەست بێنیت، ئەمەیش پاڵ بەو کەسانەوە دەنێت کە وەک جۆرێکی تازە لە بازرگانیکردن بە شانۆ مامەڵەی لەگەڵ بکەن، هەر لە هەڵبژاردنی دەق کە پڕی دەکەن لە نوکتەو دیالۆگی نەشیاو ئاماژەی سێکسی لەلایەن چەند ئەکتەرێکی کۆمیدی یان مۆدێل و ئەکتەری ڕیکلامەکان، ئەمەیش موعادەلەیەکی زۆر ئاسانە، سەرکەوتنی نمایشێکی شانۆیی پەیوەست بێت بە یەک ئەکتەری کۆمیدی ناسراو، زۆربەی ئەو بینەرانەی لەدوای نمایشەکە لەسەری دەدوێن دەڵێن زۆر پێکەنین و، لە کۆتاییشدا گریاین، یان دەڵێن بینەری لەگەڵ شانۆ ئاشت کردەوە، منیش دەڵێم ئەم ستایلە شانۆییە بازرگانییە قەت بینەر لێی نەتۆراوە، نە لە ڕابردوو، نە لە ئێستا و نە لە داهاتوویش، ئەمەیش سەرەتایەکی ترسناکە بۆ ئایندەی شانۆی ڕەسەن، کە پێویستە وەزارەتی ڕۆشنبیری سنورێک دابنێت بۆ ئەم جۆرە نمایشانە کە ڕێز لە هەست و ئەقڵ و هۆشی بینەر ناگرێ.

٭ ئەی چی بکرێت بۆ سبەی؟
ـ بۆ سبەی ئەرکێکی ئاسان نییەو دەبێت دەوڵەت لە پشت بوژاندنەوەو سەرخستنی ئەدەب و کولتوری گەلێک بێت، کە تازە پەڕیوەتەوە بەرەو قۆناغی ئازادی و حوکمڕانی سەربەخۆیی، ئەمەیش بە پلانێکی داڕێژراو دەبێت لەلایەن کەسانی پسپۆڕ، کە بتوانن وابکەن ڕۆشنبیری بگاتە ئاستێکی باڵاو ببێتە کولتور، چێژوەرگرتن لە شانۆ پلانی دەوڵەتی پێویستەو دەبێ لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری پەروەردە و خوێندنی باڵا و پلاندانان ئامادەسازی بۆ بکرێت، بە قۆناغ خوێندکارانمان ڕابێنین بە کولتوری چوون بۆ شانۆ، منداڵەکانم لە هۆڵەندا ساڵی سێ جار دەیانبەن بۆ شانۆ، ئەمەیش دەبێتە هۆی ئەوەی کە تۆ چێژ لە شانۆ ببینی و لەگەڵیدا گەورە بیت.

٭ بەلامانەوە سەیرە تا ئێستایش چێژی درامایەکی وەکوو “نوسەرێکی سەیر” لە هزری جەماوەردا ماوەتەوە، ئەمە بە بەراورد بەو درامایانەی ئەمڕۆ پێشان دەدرێن، ئێوە ئەم جیاوازییە لەچیدا دەبینن؟
ـ ئەو درامایە کەسانێک کاریان تێدا کردووە کە شارەزای ئەو بوارەن، بەرهەمهێنانی وێنە شارەزایی دەوێت لە هەموو قۆناغەکانی بەرهەمهێنانی وێنە، هەر لە سیناریۆوە تا وێنەگرتن و ڕوناکی و مۆنتاژ و هەموو بوارەکانی دیکە، ئێستا کەسانێک سەرپەرشتی دراما دەکەن کە شارەزاییان نییەو پێشیان وایە تەنها دەبێ بۆ ڕەمەزان کار بکرێت و خەڵک بێنێتە پێکەنین، خۆزگە پێکەنینەکەیش هونەر بوایە، زۆربەیان پشیان بەستووە بە نوکتەو قسەی نەشیاو، ئەم جۆرە کارەیش کەمترین بیەری هەیە بەهۆی لاوازی کارەکەو وەرگرتی بیرۆکە لە فیلمە میسری و هیندییەکان، بەداخەوە لەلای ئێمە هەموشتێک ئاسانە.

٭ زۆرینەی هونەرمەندانی ئێمە لەبواری نواندن، زیاتر ئەدایان شانۆییە، بۆیە دەبینین کاتێک لە سینەمادا ڕۆڵ دەبینن ڕۆڵەکانیان وەک شانۆکار بەرجەستە دەکەن، هۆی ئەمە چییە؟
ـ نواندن بەرامبەر بە کامێرا گەر ئەو هونەرمەندە ئەکتەرێکی باش بێت و لە نهێنییەکانی کامێرا بزانێت ئەو جیاوازییە زۆرەی نییە، تەنها ڕاستگۆبە لە بری ئەوەی هەڵچوونێکی زۆر بکەیت، لە شانۆدا بۆ ئەوەی بگاتە دوا کورسی هۆڵی شانۆ، ئەکتەر دەبیێت کە کامێرا زۆر نزیکە لێوەی و وەک چاوی بینەر وایە پێویست ناکا کە زیاد لە پێویست ئەو ئاماژانە زیادەڕۆیی تێدا بێت، تەنها ڕاستگۆ بە ئەمە سەرکەوتنی ئەکتەرە بەرامبەر کامێرا.

٭ ساڵانێکە پەیمانگەو کۆلیژی هونەرەجوانەکانمان هەیە تێیاندا بەشی سینەمایش هەیە، کەچی تا ئێستا نە داهێنان لە سینەمای کوردی دەبینین نە توانیومانە ئەکتەری پرۆفیشناڵی سینەمایی درووست بکەین، ئەی ئەمەیان بۆچی؟
ـ کۆلێژ و پەیمانگە دەرهێنەر و ئەکتەر دروست ناکات، تەنها زانیاریبەخشە و ڕێنمایی قوتابییەکانی دەکات، بەهرە ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لەگەڵ ئاستی ڕۆشنبیری و خیبرە، هەموو کۆلێژ و پەیمانگە هونەرییەکان چۆڵن لە هەموو کەرەستەیەکی بەرهەمهێنانی فیلم، هۆکاری زۆرتر هەن بەڵام …

٭ لەم قۆناخەی ئێستادا ژمارەیەکی زۆر ئەکتەری ژنمان بەرچاو دەکەون، بە دروستی ئەو چەند ئەکتەرەی کۆن لەناو ژنان چۆن بەراورد دەکەی لەگەڵ ئەوانەی ئێستا؟
ـ گەر دەستنیشانی ژنە ئەکتەرێک بکەم “دیاری عومەر”، یاخوود “شادان فوئاد و هێرۆ جەواد”، هیتریش زۆرن، بەڵام ئەم خانمانە خەمخۆرییان بۆ هونەر وای کردووە کە لە هەموو کارەکانمدا بیریان لێ بکەمەوە، گەر ئەو ڕۆڵە شیاوبێت بۆیان، شیاو مەبەستم لەوەیە کە بوعدی دەنگ جەستە ڕۆحیەتی ئەدا، گونجاو بێ لەگەڵ کارەکتەرەکەدا.