چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

هونەرمەند زاهیر جەلال، ئەژنۆی شکا

هونەرمەندی گۆرانیبێژی ناسراو زاهیر جەلال، لە كاتی رۆیشتن بۆ بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی، لە پلیكانەی ماڵی خۆیانەوە كەوتووە و بەو هۆیەشەوە ئەژنۆی قاچی راستی شكاوە.
هونەرمەند زاهیر جەلال بە (هەولێر)ی راگەیاند “رۆژی سێشەممەی رابردوو ویستمان بڕۆین بۆ بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی لە شاری هەولێر، بەڵام لە كاتی هاتنەدەرەوەدا لەسەر پلیكانەكانی ماڵەوە کەوتم و ئەژنۆی قاچی راستم شكا”.
ناوبراو ئاماژەی بەوە كرد “ئیتر چوومە نەخۆشخانەی شار لەوێ تیشكیان گرت و نەشتەرگەریم بۆ كرا و خستیانە گەچەوە، ئێستا لە ماڵەوەم بۆ وەرگرتنی چارەسەر، پزیشكەكانیش دەڵێن تا شەش هەفتە دەبێت بەو شێوەیە بم”.
زاهیر جەلال خەڵكی شاری سلێمانییە و لە ساڵانی هەشتاكانی سەدەی رابردووەوە دەستی بە كاری هونەری كردووە، سەرەتا وەك گۆرانیبێژ دەركەوت، دواتریش لە بواری هونەری كۆمیدیدا بەشداری لە چەند بەرهەمێكدا كردووە و بە كەسایەتییەكی “قسەخۆش و تەنزاوی” ناسراوە، هەروەها ئەمساڵیش نوێترین گۆرانیی بە ناوی دابڕان بڵاو كردەوە.