چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

هونەرمەند (ئەحمەد سالار) 38ـەمین شانۆدەقی نووسی

هونەرمەندی گەورە مامۆستا ئەحمەد سالار، نوێترین بەرهەمی شانۆییی نووسیوە و چاوەڕوانی هونەرمەند ئەرسەلان دەروێشە بۆ كاری دەرهێنانی.

هونەرمەندی گەورە مامۆستا ئەحمەد سالار بە (هەولێر)ی راگەیاند “٣٨ـەمین دەقی شانۆییم نووسیوە بە ناوی (خۆر هاتەوە ئاسمانی شار)، خۆر واتە ژیان، ئەو نووسینە خەیاڵ و فەنتازیەیەكی ناوازەی تێدایە، چونكە بەرهەمی دوا تنۆكی ٦٠ ساڵی تەمەنمە، ئەمە بەرەو كۆتایی كارەكانم دەچێت كە دەبێت لە هەمووی جوانتر بێت”.
ناوبراو روونكردنەوەی زیاتری سەبارەت بەو دەقە شانۆییەی درکاند و وتی “بەرهەمەكە شێوەی ئاهەنگسازییە و باسی شارێك دەكات كە خۆر لێی دەدزرێت و ئەگەر خۆر نەمێنێت واتە نەمانی شەو و رۆژ، پاشان بە هەوڵێكی زۆر خۆر دەگەڕێتەوە بۆ شار و ژیان دەست پێ دەكاتەوە”.
وەك ئەحمەد سالار ئاماژەی بۆ كرد، دەقی شانۆییەكەی داوەتە هونەرمەند ئەرسەلان دەروێش بۆ كاری دەرهێنان و وتی “ئەرسەلان دەروێش لەڕووی هونەرییەوە نزیكترین كەسمە و لێم تێدەگات كە چ شتێكم دەوێت، بۆیە لە ئێستاوە خەریكی لێكۆڵینەوە و دەرهێنانی دەبێت و ئەكتەرەكان دیاری دەكات”.
رەنگە نووسینی ٣٨ دەقی شانۆیی بۆ هونەرمەندێكی كورد ئاسان نەبێت، چونكە لەسەر ئاستی عێراق و وڵاتانی عەرەبیش تائێستا هیچ هونەرمەندێك نەیتوانیوە ئەوەندە شانۆدەقە بنووسێت.
لەو بارەیەوە ئەحمەد سالار وتی “نووسینی ٣٨ شانۆدەق ژمارەیەكی پێوانەییە بۆ من، چونكە لە نێو كورددا هیچ نووسەرێك ٦ تا ٧ شانۆدەق زیاتریان نەنووسیوە، لە عەرەبیشدا لە عێراقییەكاندا ١١ شانۆی زیاتر نەبووە، لە مێژودا دەوترێت شكسپیر ٣٩ شانۆی نووسیوە”.
ئەحمەد سالار هەر لە ساڵانی حەفتاكاتەوە و تائێستا بەشداری دەیان شانۆ و دراما و فیلمی كردووە، وەك خۆی دەڵێت “سەرەتا وەك ئەكتەر پاشان دەرهێنەر و دوایی وەك نووسەر دەستم بە كاری هونەری كردووە؛ لە سەرەتای ساڵانی حەفتاكانەوە دەستم بە نووسین كرد و پاشان شێوازی ئاهەنگسازیم هەڵبژارد”.
ناوبراو جگە لەو دەقە شانۆییە، ئەگەر تەمەن دەرفەتی پێ بدات بە نیازی نووسینی دەقێكی دیكەشە و دەڵێ “بۆ ئەم دەقەیان ماوەی شەش مانگ سەرقاڵی نووسینیم، چاویشم وەك پێویست نابینێت بۆیە بەهاوكاریی چەند كەسێك دەقەكەیان بۆ چاپ كردووم، بەڵام ئەگەر دەرفەت هەبێت بیرۆكەی نووسینی دەقێكی دیكەشم لە خەیاڵدایە”.