دوای نزیكەی دوو ساڵ بێدەنگی، پزیشك و هونەرمەندی گۆرانیبێژ رەوا جەمال عەبدول، نوێترین كلیپی بڵاو دەكاتەوە.
د. رەوا جەمال بە (هەولێر)ـی راگەیاند، نوێترین بەرهەمی ناوی (تەنیایی)ـە و لە كاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا واتە لەسەردەمی كەرەنتینەكەدا بیرۆكەی ئەو بەرهەمەی لا دروست بووە كە لە تێكستی شاعیری توانا (یەحیا بەرزنجی) ئاواز و موزیك و دابەشكردنی هونەرمەند (نیاز نوری)ـە.
سەبارەت بەوەی بۆچی ئەمجارە لەلایەن هونەرمەند نیاز نوری ئاواز و موزیكی بۆ دانراوە، ناوبراو وتی “لەڕاستیدا ئەو كاتە مامۆستا نیاز ئاوازەكەی بۆ ناردم و وتی هەست دەكەم بۆت گونجاو بێت، بۆیە منیش ئاوازەكەم بەلاوە جوان بوو، دەستخۆشیی لێ دەكەم”.
هونەرمەند رەوا جەمال عەبدول، كوڕی كەسایەتی ناسراوی شاری سلێمانی جەمال عەبدولە و چەند ساڵێكە هاتۆتە بواری هونەری گۆرانییەوە و، خاوەنی چەند ئەلبومێکی گۆرانییە، هەروەها چەند کۆنسێرتێکی جەماوەری ساز کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا پیشەی ددانپزیشکیە، کەچی وەک خۆی دەڵێت هیچ کاتێک هیچ هیچ کامیانی نەکردووە بە قوربانی ئەوەی دیکە، بەڵکو تا ڕادەیەکی باش لە خزمەت هەردووکیاندا بووە.
لە کۆتاییدا رەوا جەمال ئەوەشی گوت کە ئەگەر بوار هەبێت، لە رووی کات و هەروەها تاڕادەیەک پاڵپشتی، پێم خۆشە لە پاییزی ئەمساڵدا کۆنسێرتێکی جەماوەری لە شاری سلێمانی ساز بکەم.