حەمە هاشم پێشانگایەکی شێوەکاری لە ئەڵمانیا كردەوە

ناوەندی کورد و ئەڵمان بۆ پێکەوەژیان لە نوێترین چالاکیی خۆیدا پێشانگایەکی تایبەت بۆ هونەرمەندی شێوەکار (حەمە هاشم) لە شاری نۆرمبێرگ وڵاتی ئەڵمانیا كردةوة.

لە پێشانگاکەدا چەندین تابلۆی تایبەت کە بە خامەی ڕەنگاوڕەنگ و سەلیقەی جوانی ئەو هونەرمەندە وێنە کێشراون نمایش دەکرێت، کە گوزارشت لە ڕوخساری جوانی کوردستان و کێو و دۆڵەکان و داب و نەریتی نەتەوەیەک دەکەن، هاوکات گرفت و ئازارەکانی کورد لە تابلۆکانیدا ڕەنگ دەداتەوە، لەم پێشانگایەشدا هونەرمەند دەیەوێت، گەلانی دنیا بە هونەرەکەی خۆی ئاشنا بکات.
شایانی باسە، (حەمە هاشم) ساڵی ١٩٧٣ لە کۆیە لەدایک بووە. مامۆستای بەشی شێوەکارییە لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەولێر.
تا ئێستا ١٤ پێشانگای تایبەتی کردۆتەوە لە هەولێر، دهۆک، سلێمانی، کۆیە و هەروەها لە شاری گوا لە هیندستان، شاری مارسیلیای فەرەنسا، بیلێفێلد لە ئەڵمانیا و شارەکانی کرۆسنۆ و کراکۆف لە پۆلۆنیا.
خاوەنی چوار کتێبی لێ چاپ کراوە: هونەری پیرۆز، ڤان کۆخ، رۆدا و هونەری ئەبستراکت.
ئەو بەشداری زۆر پێشانگای هاوبەشی کردووە لە شارەکانی پاریس، لەندەن، واشنتۆن، گوا، کرۆسنۆ، مارسیلیا، ساتۆمارێ، بۆخارست، قاهیرە، سنە، بەغدا، بەنگلادیش، دیاربەکر، ئێستانبۆل و زۆربەی شارەکانی کوردستان.

ھەواڵی زیاتر