دەروون عەلی گۆرانییەكی نوێ بڵاو دەكاتەوە

گۆرانیبێژ دەروون عەلی كۆتایی بە كلیپێكی نوێی هێناوە و بەم نزیكانە بڵاوی دەكاتەوە، هەروەها بەنیازە بەرهەمێكی دیكەش كلیپ بكات.
لە چەند رۆژی رابردوودا گۆرانیبێژ دەروون عەلی كۆتاییی هێنا بە كلیپكردنی گۆرانیی (قەت هەست مەكە بە تەنیای) كە ئەو بەرهەمە لە هۆنراوە و ئاواز و موزیك و دابەشكردنی خۆیەتی و ستایڵەكەی مامناوەندە و لەلایەن كۆمپانیای (روون ئەجێنسی) كلیپەكەی بۆ كراوە.
دەربارەی ناوەرۆكی هۆنراوەكەی كە تا چەندێك رەنگدانەوەی ژیانی خۆیەتی، ناوبراو ئاماژەی بەوە كرد “بێگومان هەر هۆنراوەیەك بەشێكی زۆری هەستی هونەرمەند خۆیەتی، دوایی زۆرجار رووداوەكانی ژیانی هونەرمەندیش دەبنە بەشێكی دیكەی هۆنراوەكە”.
دەروون عەلی بەنیازە دوای بڵاوكردنەوەی ئەم كلیپەكەی، كار بۆ بەرهەمهێنانی كلیپێكی دیكە و بەرهەمهێنانی ئەلبومێكیش بكات كە هەتا وەرزی بەهاری داهاتوو ئاواز و موزیك و دابەشكردن بۆ ئەلبومەكە تەواو بكات.
سەبارەت بەوەی بۆچی بۆ وەرگرتنی هۆنراوە و ئاواز پەنا بۆ هونەرمەندانی دیكە نابات، ئەم گۆرانیبێژە وتی “بۆ مەسەلەی ئاواز ئەوە بەشێكە لە خۆم و بۆتە كارێكی ئاسایی لام، بەڵام بۆ هۆنراوەكان بۆ لەمەودوا تێكستی زۆرم لە رێبواری دەلاك وەرگرتووە، هەوڵ دەدەم بەشێكی زۆری سیدییەكەشم بەرهەمی هونەرمەندانی دیكە بن”. هەروەها وتی “ئەگەر بەرهەمێك ئاواز و دابەشكردنی خۆم بێت ئەوە جۆرێك دەبێت لە ناسنامەی خۆم و رەنگدانەوەی هەست و سەلیقە و تێڕوانینی خۆمە”.
ئەم گۆرانیبێژە نابینایە، بەڵام توانیویەتی چەندین بەرهەم بڵاو بكاتەوە؛ سەبارەت بەوەی (نابینایی)ـەكەی رێگری لەو كارانەی نەكردووە یان قورس نییە؟ ناوبراو روونی كردەوە “لەبەر ئەوەی لە وڵاتی سوید موزیكم باش خوێندووە و شارەزایی دابەشكردنم هەیە، پاشان بەهرە و هەوڵدان و پێشخستنی بەهرەكە گرنگە، بۆیە نابینایی كێشەی بۆ دروست نەكردووم، چونكە پێم وایە ئەگەر هونەرمەند نابینا بێت دەتوانێت بە شێوەیەكی باشتر لە موزیك تێبگات و موزیكیش بناسێت، چونكە ژەنینی موزیك و ناسینی موزیك دوو مەسەلەی جیاوازن”.

ھەواڵی زیاتر