دوای پاشگەزبوونەوەی لە وازهێنان لە كاری هونەری، هونەرمەند مەریوان سەفائەدین نوێترین گۆرانیی لە تەواوبووندایە و لە داهاتوویەكی نزیكدا كلیپەكەی بڵاو دەكاتەوە.
هونەرمەند مەریوان سەفائەدین بە (هەولێر)ـی راگەیاند، نوێترین بەرهەمی بە ناوی (هەنگاو) كارە هونەرییەكان و كلیپەكەشی تەواو بووە و ئامادەیە بۆ بڵاوكردنەوە، هەنگاو لە هۆنراوەی محەمەد پاكژ و میلۆدی مەریوان سەفائەدین خۆیەتی، هەروەها میكس و ماسترینگ لەلایەن شادمیر نامۆ بۆ كراوە و لە وڵاتی ئەڵمانیاش كلیپەكەی بۆ كراوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد، ئەم بەرهەمەشی خاوە و وەك گۆرانی (گەڵا)، وشەی هەنگاو بۆتە سەربەندی گۆرانییەكە، بۆیە ناوی ناوە هەنگاو.
ئەم هونەرمەندە ئاشكرایكرد لە خۆئامادەكردندایە بۆ چەند گۆرانییەكەش، بەڵام ئەوانیش هەر بەشێوەی تاك كلیپ دەكات و پاشان بڵاویان دەكاتەوە.
مەریوان سەفائەدین ماوەی نزیكەی 30 ساڵە كاری هونەری دەكات، بەڵام لەو ماوانەدا بڕیاری دابوو بەیەكجاری واز لە كاری هونەری بێنێت و هۆكارەكەشی بۆ “تێكدان”ی هونەری ئێستای كوردی گەڕاندەوە، بەڵام ئەو بڕیارەی كاردانەوەی زۆربەی هونەرمەندان و گوێگرانی بەدوای خۆیدا هێنا و داوایان لێكرد، لە بڕیارەكەی پاشگەز بێتەوە، دواجار ناوبراو بڕیاری دا دەست بە كاری هونەری بكاتەوە.