پێشانگایەكی تایبەتی پۆرترێت بۆ شێركۆ بێكەسی شاعیر كرایەوە

بەبۆنەی نۆیەمین ساڵیادی كۆچی دوایی شێركۆ بێكەسی شاعیرەوە، ناوەندی حەوت رەنگە پێشانگایەكی پۆرترێتی بۆ ئەو شاعیرە كردەوە كە چوار رۆژ بەردەوام دەبێت.

لە هۆڵی مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنە سورەكە، پێشانگایەكی تایبەتی پۆرترێت بۆ شاعیری گەورەی كۆچكردوو شێركۆ بێكەس كرایەوە كە 32 تابلۆی لەخۆ گرتبوو.
شێركۆ بێكەس كوڕی فایەق بێكەس، ساڵی 1940 لە شاری سلێمانیدا لەدایك بوو؛ یەكێكە لە شاعیرە ناسراوەكانی كورد كە لە زۆربەی بوارەكاندا شیعری نووسیوە. ساڵی 2013 بە نەخۆشی كۆچی دوایی كرد.
بەختیار سەعید، خاوەنی ناوەندی حەوت رەنگە بە (هەولێر)ی راگەیاند، لە دووەم ساڵی دیداری نێودەوڵەتی پۆرترێتی كوردی، قەیرانی ئاو كرابووە تایتڵ كە 47 وڵات بەشداربوون، پێشتریش دیدار لەسەر ئاشتی كرا، چونكە تابلۆی كاریكاتێری تایبەتمەندی خۆی هەیە و كەمن ئەوانەی ئیشی لەسەر دەكەن.
ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد، بۆ ئەمساڵیش لە نۆیەمین ساڵیادی كۆچی دوایی شێركۆ بێكەس 34 وڵات بە ستایڵی جیاواز بەشداربوون و هونەرمەندانیش كاریان لەسەر فۆتۆكانی ئەوان كردبوو.
بەشێك لە هونەرمەندانی بەشداربوو خۆشحاڵی خۆیان بۆ بەشداریكردن لەو دیدارە خستەڕوو، بەهمەنی قارەمانی، هونەرمەندی رۆژهەڵاتی كوردستان بە (هەولێر)ی راگەیاند، بە خۆشحاڵییەوە بەشداربوون لەم پێشانگەیە و زۆربەی كارەكان جوانن و ماندووبوونیان پێوە دیارە.
هەروەها وتی “نزیكەی 25 ساڵە لە نزیكەوە شێركۆ بێكەس دەناسم و ئاشنایەتی باشم لەگەڵ شیعرەكانیدا هەیە، راستە بە جەستە لەنێوماندا نەماوە، بەڵام شیعرەكانی هەمیشە لە دڵماندان، بۆ خۆیشم كاتێك وێنە دەكێشم هەمیشە بیروبۆچوونەكانی سەبارەت بە ئازادییەكان دێنەوە یادم”.

ھەواڵی زیاتر