دوای ساڵانێکی زۆر دابڕان لە هونەری گۆرانیچڕین هونەرمەند (فەرهاد زیرەک) لەسەر داوای (ئومێد خۆشناو) پارێزگاری هەولێر بەنیازە کۆنسێرتێک لەسەر قەڵای هەولێر ساز بکات و چەند بەرهەمێکی نوێش لەوێ پێشکەش بکات، هاوکات خەرجی کۆنسێرتەکەش لەسەر ئەرکی پارێزگای هەولێر دەبێت، ئەمەش دەبێتە دوایین کار و بەرهەمی هونەریی هونەرمەندە پایسکلسوارەکەی هەولێر.
ئەم کۆنسێرتەی هونەرمەندی ناوبراویش دوای سەردانە مەیدانیەکەی پارێزگاری هەولێر دێت بۆ شەقامی ئیسکان، کە بەڕێ کەوت چاوی بەو هونەرمەندە کەوت و لەسەر داوای وی ئەو کۆنسێرتە ساز دەکرێت، بەڵام هیچ کاتێک بۆ سازدانی کۆنسێرتەکە دیاری نەکرا، تەنیا ئەوە نەبێت هونەرمەند ڕایگەیاند کە لە ماوەی داهاتوودا ئامادەکاری بۆ ئەو کۆنسێرتە بەرفراوانە دەکات و کۆتایی بە کاروانی هونەریی خۆی دەهێنێت.