چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

گۆرانییەكی ئەساڵە نەسری، ناڕەزایەتیی هونەرمەندانی لێ كەوتووەتەوە

نوێترین بەرهەمی هونەرمەندی سووریایی، ئەساڵە نەسری، ناڕەزایی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستانی بەدوای خۆیدا هێناوە و داوا لە كۆمپانیای بەرهەمهێنەر دەكەن راستكردنەوەیەك لە بەرهەمەكەدا بكات.

لە رۆژانی رابردوودا هونەرمەندی سووریایی ئەساڵە نەسری نوێترین بەرهەمی بەناوی (كەڤۆك) بە زاراوەی كوردی- بادینی بڵاو كردەوە، بەڵام هەر زوو بەرهەمەكە بووە جێی ناڕەزایی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان.
لەو بارەیەوە هونەرمەند نیاز نووری، نەقیبی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان بە (هەولێر)ـی راگەیاند: لەڕێگەی نووسراوێكەوە كە ئاراستەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان كردووە ناڕەزایەتیی خۆیان سەبارەت بە (مافی دانەر)ی گۆرانی (كەڤۆك)ی هونەرمەند ئەساڵە نەسری دەربڕیوە.
ناوبراو وتی “ئەو گۆرانییە بە مانای (كۆتر) دێت بە تێكەڵكردنی لەگەڵ گۆرانییەكی عەرەبی لەسەر هەمان ئاواز كە نووسراوە (اعداد الكلمات واللحن: أری جان)، بەبێ ئەوەی ئاماژە بەوە بكرێت كە ئەم گۆرانییە تێكست و ئاوازی فۆلكلۆری كوردییە و كاتی خۆی بۆ یەكەمجار هونەرمەندی کۆچکردووی کورد (حەسەن جزیری)ـە، كە لای ئێمە بە (حەسەن جەزراوی) ناسراوە، ئەو گۆرانیەی تۆمار كردووە لە كۆتایی ساڵانی چلەكانی سەدەی رابردوو، بە دوای ئەویشدا چەندین گۆرانیبێژی دیكەی کورد ئەو بەرهەمەیان چڕیوەتەوە.
نیاز نووری روونی كردەوە، بۆیە ئەوان پاڵپشت بە ماددەی (4) لە یاسای ژمارە (17)ی ساڵی 2012 (یاسای مافی دانەر و مافە هاوسێكانی) داوا دەكەن كە داو لە كۆمپانیای بەرهەمهێنەری ئەم گۆرانییە و خودی گۆرانیبێژەكە بكرێت كە لە تایتڵی گۆرانییەكەدا بنووسرێت كە ئەم گۆرانییە فۆلكلۆری كوردییە”.
هەر لەو بارەیەوە هونەرمەندی ناسراو ماهیر حەمەدئەمین، رەخنەی توندی لە میدیای كوردی گرتووە كە “ریكلام” بۆ ئەو بەرهەمەی ئەساڵە دەكەن و دەڵێت “ئەساڵە نەسری گۆرانیی (كەڤۆكم)ـی بە كوردییەكی شكاو چڕیوە و زۆربەی میدیا كوردییەكانیش ڕیكلامی بۆ دەكەن، بەڵام كەس ناپرسێ بە چ هەقێك تێكست و ئاوازی گۆرانییەكە كراوە بە هی كەسێك كە هەموو دنیا دەزانێت ئەو كەسە خاوەنی گۆرانییەكە نییە!”
هەروەها دەڵێت “ئەم گۆرانییە پێش زیاتر لە نیو سەدە، بە دەنگی حەسەن جەزیری و دەیان هونەرمەندی گەورەی دیكەی كورد گوتراوە و گومان دەكەم فۆلكلۆر بێت، ئایا ئەو كەسە چۆن زاتی كردووە و وێراویەتی خۆی بكات بە خاوەنی گۆرانییەكە!”