ـ فیلمی دیکۆمێنتیی “نانی پیرۆز” لە دەرهێنانی هونەرمەندی ڕەوانشاد “رەحیم زەبیحی”ـە و لە بەرهەمهێنانی “توورەج ئەسڵانی” خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی بەشی پێشبڕکێی دووهەمین خولی فێستیڤاڵەفیلمە کوردییەکەی “مۆسکۆ”یلە ڕووسیا بەدەست هێنا.
فیلمی دیکۆمێنتیی “نانی پیرۆز” Holy Bread دوایین بەرهەمی سینەماکاری کۆچکردووی کورد “رەحیم زەبیحی”، لە بەرهەمهێنانی سینەماکاری کورد “توورەج ئەسڵانی” و بەرهەمی کۆمپانیای سینەمایی “ماد موڤی” دوای بەشداری لە فێستیڤاڵە گرینگە جیهانییەکان و بەدەستهێنانی چەندین خەڵاتی بەنرخ؛ لە نوێترین و یازدەیەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا، لە بەشی پێشبڕکێی “بەڵگەفیلمی درێژ” لە دووهەمین خولی
فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” MKFF لە هۆڵی ناوەندی سینەمایی “ئۆکتیابر؛ Oktyabr” و هەروەها لە سینەما KARO 11 Ohtaـە شاری سەن پتێرزبورگ لە
وڵاتی فیدراسیۆنی ڕووسیا نمایش کرا و لە لایەن بینەرانەوە لەم ڕووداوە سینەماییە پێشوازیی لێ کرا و توانیی خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی بڵندی ئەم فێستیڤاڵە بەدەست بێنێت.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی بەڵگەفیلمە بڵندەکانی دووهەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە “مۆسکۆ” بریتی بوون لە: “ئیبراهیم سەعیدی” دیکۆمێنت ساز، مۆنتێر و دەرهێنەری بەرهەمە بڵیندە سینەماییەکان ـ
سەرۆکی لێژنەی دادوەران لە شاری مەهاباد، “ئەکڕەم هەیدۆ” Ekrem Heydo دەرهێنەری ڕۆژئاوای کوردستان و دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیا و دکتۆر “ییلماز ئۆزدیل” Yılmaz Özdil ڕخنەگری کورد و دەرهێنەری سینەما لە وڵاتی تورکیا.
بڵاوکردنەوەی نێودەوڵەتی ئەم بەرهەمە دیکۆمێنتارییە، لە ئەستۆی کۆمپانیای “تصویر گستر الهە پارسی” (ئێلی ئیمەیج) Eli Image بە بەرپرسیارییەتی خاتوو “ئیلاهە نەوبەخت”ـە.
“نانی پیرۆز” لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی فیلمە نیوەبڵندەکان” Mid-Length لە سی و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی ئەمستڕدام ـ “ئیدفا” IDFA لە وڵاتی هۆڵەندا و لە درێژەی بەشدارییە نێودەوڵەتییەکانی خۆیدا لە لە بەشی پێشبڕکێی “فیلمە نیوەبڵندەکان” لە هەژدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی دیکۆمێنتاری “بیگ ئسکای” Big Sky لە وڵاتی ئەمەریکا بە ناونیشانی یەکێک
لە ڕووداوە گرینگەکانی سینەمای بەڵگەفیلمی جیهان، لە بەشی پێشبڕکێی “ڤیترینی جیهان” World Showcase لە بیستوحەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی “هات داکس” Hot Docs لە شاری تۆرێنتۆ لە وڵاتی کەنەدا؛ فێستیڤاڵی جێگای متمانەی ئاکادیمیای ئۆسکار، لە بەشی “پێشبڕکێی سەرەکی”؛ شەستونۆیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ترێنتۆ” Trento لە
وڵاتی ئیتاڵیا و هەروەها لە بەشی فەرمی “پێشبڕکێی ئاسیا” لە سێزدەیەمین؛ خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی بەڵگەفیلمی “دیمز” DMZ وەکو گرینگترین
فێستیڤاڵی فیلمی دیکۆمێنتاریی ئاسیا لە وڵاتی کۆریای باشووردا نمایش کراوە.
ئەم بەرهەمە دیکۆمێنتارییە، تا ئێستا خەڵاتی ڕێزلێنانی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی خەڵاتی سەرەکی “ئەو فیلمانەی کە گرینگیان هەیە” لە بەشی The Movies That Matter Award واتە بەشی پێشبڕکێ سەرەکی نێونەتەوەیی حەڤەدەهەمین خولی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی “زاگرێب داکس” ZagrebDox لە وڵاتی کرواسیا، خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلم لە بەشی “پێشبڕکێی سەرەکی” بیستوچوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دینی ئەمڕۆ” Religion Today
لە شاری ترێنتۆ لە وڵاتی ئیتاڵیا، خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی قوتابیان لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی شەشەمین خولی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی “ئۆلجۆ” Ulju لە وڵاتی کۆریای باشوور، خەڵاتی گەورەی بەشی “پێشبڕکێی سەرەکی” دوازدەمین خولی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی کوردی “لەندەن” بە ناونیشانی سینەماکاری کورد “مێهمێت ئاکسوێ” Mehmet Aksoy
یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئەم فێستیڤاڵەی وڵاتی بەریتانیا و هەروەها خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلم لە بەشی پێشبڕکێی “بەڵگەفیلمەکانی سینەمای کوردی” لە
هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی “دهۆک” Duhok لە هەرێمی کوردستانی بەدەست هێناوە.
دووهەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” Moscow بە بەرپرسیاریی خاتوو “گولیزەر گەردەن زەری” Gulizer Gerdenzeri، بە مەبەستی ڕەنگدانەوەی
فەرهەنگ و مێژووی کوردەکان و هەروەها ژیانی مۆدێڕنی ئەم نەتەوەیە، بە چاودێری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە نمایشی 54 فیلمی بڵندی سینەمایی، بەڵگەفیلم و کورتە فیلم لە سینەماکارانی 8 وڵاتی جیهان و هەروەها بە پشتیوانی “کارۆ ئارت” لە هۆڵەکانی ناوەندی سینەمایی “ئۆکتیابر” و لە شاری مۆسکۆ و لە سینەما KARO 11 Ohta لە شاری سەن پتێرزبۆرگ لە وڵاتی فیدراسیۆنی ڕووسیا بەڕێوە چوو.