تەمەن سەید: بەرھەمهێنان و کاری ھونەری لە کوردستان زۆر ئاسانترە بە بەراورد لەگەڵ دەرەوەی وڵات

“تەمەن سەید ئەحمەد” یەک لە دەنگە زۆر تایبەتەکانی کوردستانە کە بە گۆرانییە تایبەتەکانی هەوادارێکی زۆر و تایبەتیشی لە خۆی کۆ کردووەتەوە؛ لەم دیمانە تایبەتییەی “هەولێر” وەڵامی چەند پرسیارێکی هونەری و تایبەت بە خۆیشی دەداتەوە.

٭ ساڵانێکی زۆرە لە بواری هونەریدا کار دەکەیت، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی کەمتر گۆرانی بەرهەم دەهێنیت لەچاو جاراندا، بەر لەوەی بچیت بۆ دەرەوەی وڵات، هۆکاری ئەمە چییە؟
ـ بەرھەمهێنان و کاری ھونەری لە کوردستان زۆر ئاسانترە بە بەراورد لەگەڵ دەرەوەی وڵات، ھەر ئەمەیش وای کردووە کەمتر بەرھەم دروست بکەم لەچاو ساڵانی پێشووم، بەڵام ھەرگیز کۆڵم نەداوە و دانەبڕاوم، من کار لەسەر چۆنیەتی و مانەوەی بەرھەمەکانم دەکەم، ھیچ کاتێک بەرھەمی زۆر پێوانە نییە بۆ ئەوەی کە تۆ زیاتر خزمەت دەکەی، ھونەرمەندمان ھەبووە بەرھەمی کەم و خزمەتێکی باش کە ئێستایش بەرھەمەکانی ماون لە ناو خەڵک، نموونەیش ھونەرمەندی گەورە “کەریم کابان”ـە.

٭ هونەرمەند و میوزیسیان “سەید ئەحمەد ڕواندزی”ـی باوکت چۆن باس دەکەیت و لە ڕوی هونەرییەوە چۆن هاوکارت بووە؟
ـ گەورەی و کەسایەتی باوکم بووەتە قوتابخانە بۆ چەندین ھونەرمەند، زۆر کەسی دروست کرد کە ئێستا زۆربەیان شانازین بۆ ھونەری کوردی، ھەمیشە باوکم پاڵپشتم بووە، من لە باوکم فێری کەسایەتی بووم، ئەنجا ھونەر، پێم وایە باوکم لە ھونەرمەندایەتی چووەتە دەرەوەو بووەتە قوتابخانە.

٭ گۆرانی “بێ تە نابم” یەک لەو گۆرانییانە بوو کە تۆ زۆر پێی ناسرایت و سەرەتای دەرکەوتنت بوو، ئەم بەرهەمە چۆن هاتە بوون؟
ـ ئەم بەرھەمە زۆر بە سادەیی پێشکەشم کرد ساڵی ٢٠١٢، بەڵام پێشوازییەکی گەورەی لێ کرا، بە تایبەت لە بادینان زۆر بە باشی پێی ناسرام، کە ئەو کات ناوبانگ زۆر قورس بوو، بەڵام توانیم بە دەستی بێنم، خۆی ئەم بەرھەمە فۆلکلۆر بوو من گوتمەوە، کە ئێستایش زۆر کەس وا دەزانن ھی خۆمە، ھەمیشە زۆرترین داواکاری لەسەرە لەلایان ھەوادارانم.

٭ لە زۆربەی گۆرانییەکانت بەشێوەزاری هەولێری گۆرانییەکانت دەڵێیت، هۆکاری ئەمە چییەو پێش تۆ کەسیتر ئەمەی کردووە؟
ـ من بەم شێوەزارە فێری قسەکردن بووم و گەورەبووم، لە ڕواندز لە دایكبووم و لە ھەولێر گەورە بووم، ئەو کاتەی گۆرانی “خانم”ـم بەرھەمھێنا شتێکی زۆر نوێ بوو بۆ گوێگرانم، پێم وانییە کەس پێش من بەم شێوەزارە شیرینە بەرھەمی گۆرانی کردبێت، ھەمیشە شانازی پێوە دەکەم.

٭ ڕاستە سۆشیال میدیا بەرکاردەهێنیت، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی چالاک نیت، لە کاتێکدا ئێستا سۆشیال میدیا بەشێکی زۆر گرنگی هەموو کارێکە، هۆکاری ئەمە چییە؟
ـ سۆشیاڵ‌میدیا بەکار دێنم و خراپ نیم، بەڵام زیاتر کاتی خۆم دەبەخشم بە ژەنین و ئاوازدانان و وەرزش.

٭ هیچ پرۆژەیەکی تازەت هەیە لێرەوە بە هەوادارانتی بڵێیت و ئێمەیش بیزانین؟
ـ ھەمیشە پرۆژەم ئامادەیە تەنھا جێبەجێکردنیان ماوە؛ وا ئێستا خۆم ئامادە دەکەم بۆ ئەلبومێکی زۆر تایبەت.

ھەواڵی زیاتر