سێشەممە, تشرینی دووه‌م 5, 2024
Image default

كاروان نوری: مخابن! ئێستاکە هونەری کرچوکاڵ زاڵە بەسەر هونەری جوان و ڕەسەندا

هونەرمەند كاروان نوری، سەرقاڵی نوێترین بەرهەمی هونەرییەتی و لە داهاتوویەكی نزیكدا بەشێوەی كلیپ بڵاوی دەكاتەوە، بەڵام ناوبراو دوای نزیكەی 34 ساڵ لە كاری هونەری، نیگەرانە لە هونەری ئێستای كوردی و دەڵێت “بەداخەوە ئێستا هونەری خراپ بەسەر باشەكەدا زاڵە

هونەرمەند كاروان نوری بە (هەولێر)ی راگەیاند، بەرهەمێكی نوێی ئامادەیە هۆنراوە و ئاوازی هونەرمەند عەتا ئەحمەدە و كارە هونەرییەكانی تەواو بووە و لە داهاتوویەكی نزیكدا كلیپی دەكات.
سەبارەت بە كاركردن لەگەڵ هونەرمەند عەتا ئەحمەد كە ناوبراو ستایلێكی جیاوازتری هەیە، كاروان وتی “بێگومان مامۆستا عەتا ئەحمەد كە هونەرمەند و هاوڕێمە و ئاواز و تێكستەكانی رۆحیەتێكی جوانیان تێدایە و بەرهەمەكانی جیاوازترن، مۆركێكی سلێمانی هەیە لە هەر شوێنێك بێت دەناسرێتەوە”.
ئەم هونەرمەندە ساڵانێكی زۆرە سەرقاڵی كاری هونەرییە و پێشتر لەسەر ریتمی خێرا گۆرانیی دەچڕی، بەڵام ئێستا بە ستایلی خاو گۆرانی دەڵێت، لەو بارەیەوە ئاماژەی بەوە كرد “ماوەی نزیكەی 34 ساڵە گۆرانی دەڵێم، بە هەردوو ستایلەکە، خاو و خێرا بەرهەمم هەیە، بۆ ریتمی خاویش، یەكەم شت گۆرانیچڕین بەهرەیە كە خوای گەورە بە هونەرمەندی دەبەخشێت، پاشان ئەگەر هونەرمەند بتوانێت لە هەموو ستایلەكان گۆرانی بڵێت ئەوە زۆر گرنگە، منیش بە هەموو ستایلەكاندا رۆیشتووم و توانیومە ئەزموونێكی باش كۆ بكەمەوە”.
هونەرمەند كاروان نوری لە ساڵانی نەوەدەكاندا بە گۆرانی (وا هاتی نازدار گوڵەكەم) ناسرا كە ئەم گۆرانییە تائێستاش گوێگری هەیە، دەربارەی ئەوەی بۆچی ئەو گۆرانییەی تائێستاش زیندووە، كاروان دەڵێت “ئێستا هونەرێكی باش و خراپ هەیە، بە داخەوە خراپەكە بەسەر باشەكەدا زاڵە، فەوزایەكی زۆر لە فۆلكۆر و وشەدا هەیە، سەردەمێك ئێمە بەدوای وشە و هۆنراوەی جواندا دەگەڕاین، بەڵام ئێستا لەنێو ریتمی خێرادا هەندێك وشەی نەشیاو بەكاردێت حەز ناكەیت گوێی لێبگریت، ئەو گۆرانییە چەند ساڵێكی دیكەش نەوەكان دەیڵێنەوە، وەك چۆن ئێمە شانازی بە هونەرمەندانی كۆچكردووانەوە دەڵێینەوە”.
ئەم هونەرمەندە جیاوازی لە نێوان بەرهەمی ئێستا و ساڵانی رابردوو كرد و وتی “هونەری ئەمڕۆی كوردی باشترین گۆرانی تۆمار بكە یەك تا دوو هەفتە دەمێنێتەوە، لەبەرئەوەی پێشتر گوێگرانمان بە ستایلی توركی یان فارسی گوێیان لێ بووە، بەڵام بەرهەمە هونەرمەندە كۆچكردووەكانمان نەوە دوای نەوە گوێیان لێ دەگیرێت، منیش بەرهەمێك دەكەم كە دوای نەمانی خۆم گوێی لێ بگیرێتەوە”.
ئەم گۆرانیبێژە وتیشی “ساڵانی نەوەدەكان لە ماڵێكدا چەند ئامێرێك موزیكیان دەژەند هیلاكبوونی زۆری دەویست، بەڵام ئێستا تەكنیك پێشكەوتووە و ئاسانكارییەکی زۆر كراوە، کەچی ئێستا ناوەرۆك خراپە”.