چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە فیلمی سینەمایی “بێنیشتمان” كرد

فیلمی سینەمایی “بێنیشتمان” (بی سرزمین) Landless لە نووسین، دەرهێنان و بەرهەمهێنانی سینەماكاری كورد “توورج ئەسڵانی”، بەرهەمی كۆمپانیای سینەمایی “ماد مووڤی” MAAD Movie و هەروەها بەرهەمی هاوبەشی “ڕەز هەڵكەوت ڕەشید” لە هەرێمی كوردستان، بە ئامادەبوونی هەندێك لە ستافی سەرەكییەكەی، لەوانە: “توورج ئەسڵانی”، “ڕەز هەڵكەوت ڕەشید” و “شوان عەتووف” و هەروەها جێگری سەرۆكی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، پارێزگاری هەولێر، ڕاوێژكاری سەرۆكوەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، “شاخەوان ئیدریس” بەڕێوەبەری گشتی سینەمای هەولێر، لە سینەما “ئێمپایر”ی “فامیلی مۆڵ” لە شاری هەولێر پێتەختی هەرێمی كوردستان نمایش كرا و لە لایەن بینەرانی ئامادەبوو و هۆگرانی هونەری سینەماوە بە گەرمی پێشوازیی لێ كرا.

نمایشی گشتی “بێنیشتمان” بە بۆنەی جەژنی پیرۆزی قوربانەوە لە سینەمای شارە جۆراوجۆرەكانی هەرێمی كوردستان لە “سیتی سینەما”ی شاری سلێمانی دەستی پێكردوو و لە درێژەدا لە سینەما “ئێمپایر”ی “فامیلی مۆڵ” لە شاری هەولێر، لە سینەما “شین” لە شاری سۆران، لە سینەما “دهۆك مۆڵ” لە شاری دهۆك، لە هۆڵی “هونەر” لە شاری كەلار و لە سینەما “تایم سەنتەر” لە شاری كەركووك چووە سەر پەردەی سینەماكان و هەروەها لە داهاتوویەكی نزیكیشدا لە گرینگترین شارە عەرەبییەكان وڵاتی عێراق نمایش دەكرێت.
لە “بێنیشتمان” سێیەمین بەرهەمی سینەمایی “توورج ئەسڵانی”دا، كۆمەڵێك لە ئەكتەرە ناودارەكانی وڵاتانی توركیا، سووریا، عێراق و هەرێمی كوردستان، بە چوار زمانی كوردی، توركی، عەڕەبی و فارسی لەگەڵ “هانی موجتەهیدی” تیایدا ڕۆڵیان بینیوە، لەوانە: شوان عەتووف، جاهیت شاهین یاڵچین، بوڵەنت كاسێر، ڕێكێش شەهباز، بەنگین عەلی، بەڕۆژ ئاكرەیی، نارین محەمەدی، فرمێسك ڕەحیمزادە، ڕەوانشاد هاكار عەبدولقادر محەمەد، تەها عەبدوالكەرەم ئەبووبەكر، ڕواڵ ناڤگوندی، ئاسۆ ڕەفیق، هەورامان و چەندین ئەكتەری دیكە.
ئەم بەرهەمە سینەماییە تا ئێستا لە بەشی “ئاسۆی سینەمای جیهان” لە سیوسێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سینەكۆئێست” Cinequest لە وڵاتی ئەمەریكا لە گرینگترین فێستیڤاڵە فیلمە سەربەخۆكانی دنیا و هەروەها فێستیڤاڵی باوەڕپێكراوی ئاكادیمیای ئۆسكار، لە بەشی پێشبڕكێی “سینەمای كوردی” لە هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دهۆك” Duhok لە هەرێمی كوردستان و هەروەها لە بەشی پێشبڕكێی سەرەكی هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ڕێگای هەوریشم” Silk Road لە شاری فوژە لە وڵاتی چین نمایش كراوە و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم ڕووداوە سینەماییەوە خەڵاتی دەرهێنەری نوێخواز و هەروەها تەندیسی “ڕێگای هەرێشمی زێڕین” بە “توورج ئەسڵانی” دەرهێنەری ئەم بەرهەمە كوردییە بەخشرا.