چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

نەوزاد شووشە: کار لە جیهانی هونەری منداڵاندا شارەزاییەکی زۆری دەوێ


نەوزاد شووشە: هەندێک بەرهەمی منداڵان لەگەڵ رەهەندی کۆمەڵایەتی و دابونەریتی کۆمەڵگەی خۆماندا ناگونجێ
هونەرمەند “نەوزادی حاجی شووشە” کە لە بواری هونەری منداڵاندا کار دەکات و هەر لە زووەوە کارەکانی پەروەردەیی بوونە و بە دڵی منداڵان بوونە، لە ڕووی پەروەردەیی و هونەرییەوە “هەولێر” چەند پرسیارێکی ئاراستە دەکات.

٭ هونەری منداڵان یەکێکە لەو هونەرانەی دەبێ هونەرمەند زۆر ناسکانەو بە هزرێکی وردەوە کاری لەسەر بکات، تۆ شێوازی کارەکانت چۆن ڕێک دەخەیت؟
ـ کارکردن لە جیهانە جوانەکەی منداڵان ئەوەندە ئاسان نییە، ئەو کەسەی لە بواری هونەرو ڕۆشنبیری منداڵان کار دەکات، بە هەرسێ بەشەکەی بینراو بیسراو نوسراو، لە چیرۆک و هونراوە، دەبێت کەسێکی لێهاتوو بێت و شارەزاییەکی باشی لە پەروەردە و بواری سایکۆلۆژی منداڵان هەبێت و شارەزایی لە زمانی منداڵ هەبێت. بەندە وەک کەسایەتییەکی بواری منداڵان کە ماوەی 25 ساڵە خزمەت دەکەم شێوازی کارکردنم لەسەر بنەمای پەروەردەو فێرکردن و خۆشەویستی و ڕێزگڕتنە لە تاک و کۆمەڵگا، من کار لەسەر بە ئەکادیمی بوون دەکەم بۆ خزمەتکردنی پەروەردەو پێگەیاندنی نەوەیەکی دروست بۆ کۆمەڵگە.

٭ لەم دواییانەدا چەند بەرهەمێک هاتنە بون پێم وایە لەڕوی پەروەردەوە کاری زۆر باشبون و زۆر کوردییانە بون، بۆچونی تۆ لەسەر ئەو جۆرە کارە چییە؟
ـ هەر کەسێک کارێکی جوان بکات لەپێناو خزمەتکردنی پەروەردەو فێرکردن ئەوە من دەستەکانی دەگوشم و دەست خۆشی لێدەکەم. کاری جوان کراوە، بەڵام دەبێت بەردەوام گرنگی بە منداڵ بدرێت.

٭ ماوەیەکی زۆرە کە گۆرانی و چیرۆکە بیانییەکان زیاتر بوونە بۆ منداڵان وەک لە بەرهەمەکانی خۆمان، بە بۆچوونی تۆ لە ڕووی پەروەردەیی و هونەریشەوە دایکان و باوکان بایەخ بە کامیان بدەن؟
ـ هەر بەرهەمێک گەر بیانی بێت یان خۆمانە خزمەت بە منداڵ بکات، جا خۆماڵی بێت یان بیانی شتێکی باشە، منداڵ کاخەزێکی سپییە چیت لێ تۆمارکرد ئەوەت پێ دەداتەوە، بۆیە دەبێت هەمیشە دایکان چاودێرێکی چڕ بکەن بۆ ئەو بەرهەمانەی کە منداڵان سەیری دەکەن، چونکە هەندێک بەرهەمی منداڵان لەگەڵ رەهەندی کۆمەڵایەتی و دابو نەریتی کۆمەڵگەی ئێمە ناگونجێ، بۆیە دەبێت منداڵانمانی لێ بەدووربگرین.

٭ جگە لە کاری منداڵان هیچ بەرهەمی ترت هەبووە لە شانۆیەکی تراژیدی یان پێچەوانە بەشدار بیت؟
ـ بێگۆمان هەمبووە، چونکە من جگە لەوەی کار بۆ هونەری منداڵان دەکەم، لەهەمان کات دەستەی کارگێری کۆمەڵەی هونەرو وێژەی کوردیم و دەرهێنەرو ئەکتەری بواری شانۆ دراما و سینەمام، بەرهەمم زۆرن، لەوانە فلێمێک لەسەر کۆرۆنا و فلێمێکی سینەمای لەسەر جەنگی موسڵ وەک ئەکتەر و هتد.

٭ بە ڕای تۆ چی بکرێ بۆ بەرەوپێشچونی زیاتری کاری هونەری منداڵان؟
ـ بە بۆچونی من حکوومەت گرنگی زیاتر و زیاتر بە پەروەردە بدات. چونکە پەروەردە دەبێتە مایەی خۆشەویستی و دوورکەوتنەوە لە هەموو تاوانێک، کە پەروەردە گرنگیی پێ درا ئەوە کۆمەڵگەیش پێش دەکەوێت و تاوانیش کەم دەبێتەوە.

٭ هیچ پرۆژەی نوێت لە بەردەستدایە؟
ـ بێگومان وەک، چەند بەرنامەیەک لەکەناڵەکان. فلیمێکی دیکۆمێنتاری بە بۆنەی یادی پەنجا ساڵەی کۆمەڵەی هونەری وێژەی کورد، چەند کورتە درامایەک بۆ منداڵان، فیلمێکی سینەمای وەک ئەکتەر لە دەرهێنانی هونەرمەند “عبدولخالق جەودەت”، وتنەوەی وانەی شانۆ لە خولی هاوینەی چالاکیی قوتابخانەکانی پەروەردەی ناوەندی هەولێر کە چالاکی قوتابخانەکان بۆ مۆسیقا و شانۆ شێوەکاری کردوویەتیەوە.