چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

فەرهەنگ غەفوور: دڵم بەو گەنجانە دەکرێتەوە، کە کار لەسەر ڕێچکەی ڕەسەن و بنیاتنانی میوزیک بەشێوەی ئاکادیمی و زانستی دەکەن


فەرهەنگ غەفوور: پرۆژەیەکی نیشتمانی لە شیعری شاعیرانی کلاسیکم لە بەردەستدایە
یەک لە ناوە دیارەکانی کوردستان و تایبەت شاری هەولێر هونەرمەند “فەرهەنگ غەفوور”ـە کە یەک لەو هونەرمەندانەیە توانیویەتی بەرەوپێشچوون بە هونەری کوردی بدات، لەم دیدارە تایبەتییەی ڕۆژنامەی “هەولێر” وەڵامی هەندێک لە پرسیارەکانمان دەداتەوە.

٭ ئێستاکە گەنج لەنێو هونەردا بێ ژمارە، ئەوەندەی کاری هونەری خراپ دەبینین هێندە باش نابینین، تۆ وەك هونەرمەندێكی بە ئەزموون چۆن لەم باسە تێ دەگەی، ئایا زۆربوونی ئەم دیاردەیەی ئێستا چ قازانجێكی هەیە، یان چ زەرەرێکی هەیە؟
ـ من بەپێچەوانەی دەبینم، چونكە لەگەڵ ئەوەی باسیشی دەكەی، من ھێندەی کاری جوان و ناوازەی ھەندێ لەو گەنجانە دەبینم، کەمتر کاری خراپ دەبینم، هەڵبەتە ئەمە بەسەر هەموویاندا وەك یەک نییە، باش و خراپ، یان بەتوانا و پێشكەوتوو لەگەڵ هی دیكەی كرچ و كاڵ جیاوازن، لە ھەموو سەردەمەکانیش تێنەگەیشتن لە نەوەکان و بەریەککەوتن لەگەڵیاندا ڕوودەدات، ئەمەیش کارێکی ئاساییە و گۆڕانكارییەكان لە ژیان و دونیابینی ڕۆڵی لەمەدا هەیە، بەڵام دواجار هەندێ شت ھەیە ھەردوولا کۆدەکاتەوە، وەك پەروەردە، ڕۆشنبیری، دامەزراوە ھونەری و ناوەندە ئەکادیمییەکان و میدیا و ھونەرمەندانی بەئەزموون و.. ھتد.

٭ بەهۆی ئەوەی ماوەیەک بەڕێوەبەری پەیمانگه بویت، بەڕای تۆ پەیمانگەی هونەرەجوانەکان توانیویەتی ببێتە شوێنگەیەکی باشی میوزیکی بۆ ئەو بەهرەمەندانەی لە بواری میوزیکدا دەیانەوێ بەرەوپێشچونیان هەبێ؟
ـ بەڵێ پەیمانگە ھونەرییەکان ھەر لەسەرەتای گڕوگاڵی ھونەرییەوە لە سەرەتاكانی ھەشتاکانی سەدەی رابردوودا و تا ئەمڕۆیش ڕۆڵی ئەرێنییان لە بنیاتنان و پتەوكردنی ژێرخانی ھونەر لە کوردستاندا هەبووە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێ، کە ئەوانیش لە ھەموو ڕوێکەوە ئەرێنی بوون، بەڵكوو ئەوە پێویستی بە ھەڵوەستە و پێداچوونەوە و تۆکمەکردنی سیستەم و پرۆگرامی میتۆدی ناوەندەکەوە ھەیە، پێویستە هەرچەند ساڵ جارێک کۆنفراس ببەستن و بیبەستنەوە بە ناوندە ئەکادیمی و ئەینستیوتەکانی پێشکەوتووی دونیا لە ڕووی گەشەکردن و پێگەیاندنی کایەی ھونەرییەوە.

٭ ڕەنگە تۆیش ئاگەدار بیت کە ئێستا چەند گەنجێک بایەخی تەواو بە هونەری ڕەسەن دەدەن و کاری جددی لەسەر دەکەن، دەکرێ هەڵوێستی تۆ بزانین و لەنێوانیاندا کێ زیاتر سەرنجی ڕاکێشاوی؟
ـ بەڵێ بێگومان دڵم زۆر بەو گەنجانە دەکرێتەوە، کە کار لەسەر رێچکەی ڕەسەن و بنیاتنانی میوزیک بەشێوەی ئاکادیمی و زانستی دەکەن، ئەوەیش مەرج نییە تەنیا کارە کۆنەکانی دوێنێی هونەرمەندانی ڕەسەن ببێتە ھەوێنی ئەفراندن و گەشەکردنێكی دروست بۆ كارەكانیان، بەڵکوو پێوستە دیراسەتێکی وردی ئەقڵ و روئیای خەڵكی تازەش بکرێ، كارەكانیان بەهەند وەربگیرێ و پەراوێز نەخرێن، لەجیاتیی ئەوە هان بدرێن و پاڵپشتیی بكرێن و كەموكووڕییەكانیان ڕاست بكرێنەوە و باشتر بكرێن، چونکە جاری وا ھەیە ئەوانەیش دەبنە پردی پەڕینەوەی کار و شاکاری بەرز و نەمر.

٭ هیچ کلیپێکی نوێت ئامادەیە؟
ـ کلیپ نا، بەڵکو پرۆژەیەکی نیشتمانی لە شیعری شاعیرانی کلاسیکم لە بەردەستدایە و كاریان لەسەر دەكەم و لە ئایندەیەکی نزیکدا ڕایدەگەیەنم.