کامەران حاجی: دەرھێنەر دەبێ توانست و شارەزاییەکی باشی لە نواندنی سەر شانۆ و سینەما و تەلەفزیۆندا ھەبێت


هونەرمەند و نوسەر “کامەران حاجی” کە ساڵانێکی زۆرە لە هونەری شانۆدا کاردەکات و خزمەتێکی بەرچاوی هەیە، لە دیداری ئەمجارەی “هەولێر”دا وەک هونەرمەند و ئەکتەرێک وەڵامی چەند پرسیارێکمان دەداتەوە.

٭ لە نێوان شانۆ کۆمیدییەکان و تراژیدییەکاندا ھەمیشە کۆمیدیا براوە بووە، لەو ڕووەوە کە بینەری زیاتری هەیە؛ بەڵام لە کوردستان بینەری زۆر زیاترە، دەبێ هۆکاری چ بێ؟
ـ شانۆگەری بەزمەسات یان شانۆی کۆمیدی ئەو نمایشەیە کە لەڕێگەی زمانێکی سادە و بەشێوەیکی کۆمیدی گورزارشت لە ناسۆرییەکانی ژیانی نێو کۆمەڵگا دەکات، باس لە بابەتە ھەستیارەکانی تاک لەڕووی کۆمەڵایەتی، ئابووری،سیاسی دەکات. ئامانج لە شانۆیی کۆمیدی ڕەخنەگرتنە لە دەسەڵات و داب ونەریتە سلبییەکانی ناو کۆمەڵگا لە ھەمان کاتدا لە نێو شانۆی کۆمیدی چەندین ڕەگەزی وەکو گۆرانی و سەما لەخۆدەگرێت. ھۆکاری ئەوەی بینەری نمایشی کۆمیدی زۆرترە لە شانۆی مەرگەسات، بۆ ئەوە دەگرێتەوە وەرگر بۆخۆی کۆمەڵێ ناسۆری ژیانی ڕۆژانەی ھەیە بۆ ئەوەی کەمێک لەو نەھامەتیەی ژیان دوورکەوێتەوە، ھەردەم بەدوای کەشێک دەگەڕێت بۆ ئەوەی مێشکی تیا بحەسێتەوە و، کەمێک پشوو بدات و زەردەخەنە بکەوێتە سەر لێوەکانی، کەمێک لە ئازارەکانی ژیانی کەم بێتەوە، بۆیە بەدوای نمایشێکی کۆمیدی دەگەڕێت بۆ ئەوەی چێژ و خۆشی و شادی پێ ببەخشێت، نەوەک نمایشێکی مەرگەسات تا ئازار و خەمەکانی ژیانی زیاد بکات، بۆیە بینەری شانۆیی کۆمیدی زیاترە، بەڵام لە وڵاتانی دەرەوە بە تایبەتی ئەوروپا باوەڕناکەم جیاوازی ئەوتۆ ھەبێت لە نێوان نمایشی بەزمەسات و مەرگەسات لە ڕووی ئامادەبوونی بینەران، بۆ نموونە لە شارێکی وەکو لەندەنی پایتەختی بەریتانیادا ڕۆژانە ٢٠ نمایشی شانۆیی ھەیە کۆمیدیش نین بە بلیت بینەر دەچێتە ھۆڵەکان ھەندێک نمایش ھەیە ماوەی ١٢ ساڵە لە نمایشکردن بەردەوامە، لەلای خۆمان نمایشی کۆمیدی زۆر کەمە ئەوانەی لێرەو لەوێ دەکرێن بەناوی شانۆی کۆمیدی ھیچان ناچێتە نێو فۆرم و شێوازی شانۆی کۆمیدی، چونکە ئامانج لەم نمایشانەدا تەنیا پێکەنین و کاتبەسەربردنە، لە ھەمان کاتدا نابێ ئەوەشمان بیربچێ نواندن لە شانۆگەری کۆمێدی کارێکی ئاسان نییە کارێکی قوڕسەو زۆر زەحمەت ترە لە نواندنی مەرگەسات، جگە لە بەھرەی ئەکتەر پێوستی بە توانستێکی زۆر دەبێت بەتایبەتی لەڕویی جوڵە و دیالۆگ و دەموودوو. لەم بوارەشیدا ئەکتەری زۆر باشمان ھەیە توانستێکی باشیان ھەیە، بەڵام پێویستە کار لەسەر تێکستی باش بکەن.
٭ زۆرینەی ھونەرمەندانی ئێمە لە بواری نواندن زیاتر ئەدایان شانۆییە، بۆیە دەبینین کاتێک لە فیلمێکدا ڕۆڵ دەبینین ڕۆڵەکانیان وەک شانۆکار بەرجەستە دەکەن، تۆ ئەمە بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟
ـ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە ھۆکار زۆرن، بۆنموونە بەھۆی کارنەکردنی ھونەرمەندان لە پسپۆری خۆیەوە، ئەم کارە نەرێنییە ڕوودەدات، بۆنموونە وێنەگرەو بووەتە دەرھێنەر، ئەکتەرە بووەتە دەرھێنەر لەلایەکی تر بەشی زۆری ئەکتەری کوردستان پەروەدەیەکی شانۆیین، ڕاستە کۆلێژی ھونەرەجوانەکانمان هەیە، بەشی سینەماشمان ھەیە، بەڵام ئەوەی نواندن لە دراما و تەلەفزیۆن و سینەمادەکەن بەشی زۆریان ئەکتەری شانۆن، بۆیە ئەو کاریگەری نواندنە شانۆییەیان لە سینەما و شانۆ ڕەنگ دەداتەوە، خاڵکی تریش بۆ دەرھێنەر دەگەڕێتەوە، دەبێ دەرھێنەر توانست و شارەزاییەکی باشی لە نواندنی سەر شانۆ و سینەما و تەلەفزیۆندا ھەبێت. بۆ زاڵ بوون بەسەر ئەم حاڵەتەدا دەبێ بۆ ئەکتەران ۆورک شۆپی تایبەتیان بە نواندن لە سینەما و تەلەفزیۆندا بکرێتەوە، لە ھەمان کاتدا ئەکتەرەکانیش ھەوڵی زیاتری خۆیان بدەن بۆ ئەوەی ڕاھێنان لەسەر ھەموو نواندنێکدا بکەن و توانستی خۆیان لەم بوارەدا بەکاربھێنن.
٭ ھیچ پرۆژەیەکی نوێی ھونەریت لەبەردەستە؟
ـ دوای ئەوەی وەکو ئەکتەر لە شانۆگەری “سەلاحەدینی ئەیوبی” لە نووسینی “موحسین محەمەد” و دەرھێنانی مامۆستا “یونس عوسمان” بەشدار بووین لە یادی ١٠٠ ساڵەی لەدایکبوونی شانۆ لە ھەولێر نمایش کرا؛ ئێستا سێ کتێبم ئامادەیە بۆ چاپ، چاوەڕێی سپۆنسەرم بۆ ئەوەی چاپیان بکەم، ئەمە جگە لەوەیش بەبەردەوام لە گۆڤار و ڕۆژنامەکان لەسەر شانۆ دەنووسم.

ھەواڵی زیاتر