چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

فیلمی (بێنیشتمان) کەوتە سەر پەردەی سینەماکانی کوردستان 


فیلمی سینەمایی (بێنیشتمان) لە شارەكانی هەرێمی كوردستان دەستی بە نمایشكردن كرد كە باس لە بێوڵاتی و دەربەدەریی میللەتی كورد دەكات.

فیلمی سینەمایی (بێنیشتمان) لە دەرهێنانی دەرهێنەری ناسراوی ئێرانی (توورەج ئەسڵانی)ـیە و بەرهەمهێنانی هاوبەشی كۆمپانیای (MADDMOVIEW و رەز هەڵكەوت)ـە و چەند هونەرمەندێكی دیاری چوار پارچەی كوردستان رۆڵی تێدا دەبینن؛ هانی، شوان عەتوف، جاهید شاهین) و چەندین هونەرمەندی دیكە، لە فیلمەكەدا هەر ئەكتەرێك چیرۆكێكی جیاوازی هەڵگرتووە لەوانەش (خۆشەویستیی خێزان، كۆچ، جەنگ، ڕێگای قاچاخ و دووری لە نیشتمان).
ناوەرۆكی ئەم فیلمە باس لەو نەهامەتی و دەربەدەریانە دەكات كە ساڵانێكی زۆرە بەسەر كوردانی چوار پارچەی كوردستاندا دێت، دواهەمینیشیان داگیركردنی چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان لەلایەن چەكدارانی رێكخراوی داعش لە ساڵی 2014دا و پاشان ئاوارەبوونی هەزاران كوردی رۆژئاوای كوردستان بەرەو وڵاتی توركیا، هەروەها كۆچكردنی كوردانی هەرچوار پارچە بەرەو دەرەوەی وڵات، بۆ نموونەش چیرۆكی كیمیابارانی دانیشتوانی پارێزگای هەڵەبجە لە ساڵی 1988.
شەوی هەینی یەكەم رۆژی نمایشی فیلمی بێ نیشتمان بوو لە شاری سلێمانی كە لە رۆژی ٢ی ئەم مانگە دەستی پێكردووە و رۆژانی دواتر لەسەر شاشەی سینەماكانی (سلێمانی، هەولێر، دهۆك، كەركوك) پەخش بكرێت.
هەروەها توورەج ئەسڵانی، دەرهێنەری فیلمی (بێنیشتمان) رایگەیاندووە، لە سەرەتای ساڵی 2020دا دەستیان بە وێنەگرتنی فیلمەكە كردووە و فیلمەكەش بەشداری لە چەند فیستیڤاڵێكی نێودەوڵەتی دەكات و مەبەستی لەرێگەی ئەم فیلمەوە مێژوو و دۆخی ژیانی كورد بخاتە ڕوو.
هاوكات شوان عەتووف، ئەكتەری دیاری فیلمەكە رایگەیاندووە، جێی شانازییە كە لەو فیمەدا بەشدارە، چونكە بە ڕاستی چۆتە نێو ئەو كێشانەی كە لەم ساڵانەی رابردوو یان هەندێكیشیان لە مێژووەوە بەسەر میللەتی كورددا هاتوون، جگە لەوەش تورەج ئەسڵانی دەرهێنەر زۆر ماندوو بووە پێوەی، چونكە خۆی كامێرامان و دەرهێنەر بووە و ماوەی چەندین رۆژ لەناو شاحینەیەكدا وێنەی گرتووە.
رەز هەڵكەوت، بەرهەمهێنەری فیلمی (بێنیشتمان) بە (هەولێر)ی راگەیاند، فیلمەكە لە ماوەی سێ مانگدا كاری وێنەگرتنی تەواو بووە و بە مۆبایل وێنەی گیراوە، هەروەها زمانەكانی (كوردی، عەرەبی، فارسی، توركی) تێدا بەكارهێنراوە، بەشێك لە ناوەڕۆكی فیلمەكەش باس لە هاتنی داعش بۆ ناوچەكە و هەڵهاتنی خەڵك دەكات لە دەستی چەكدارانی داعش.
وەك لە یەكەم رۆژی نمایشی فیلمەكەدا بینرا، سەرەتای فیلمەكە بە ژیانێكی خۆشی ژن و مێردێك دەست پێدەكات كە دەڕۆنە لای پزیشك و دەردەكەوێت ژنەكە دووگیانە، پاشان ژنەكە كە گۆرانیبێژە بەشداری ئاهەنگێك دەكات و لەو كاتەدا لەلایەن داعشەوە بۆمبارانی شوێنەكەیان دەكرێت و ئەوانیش لەگەڵ خەڵكەكە هەڵدێن، هەروەها لەنیوەی رێگەدا بە چەند كوردێكی دیكەی پارچەكانی كوردستان دەگەن كە یەكێكیان كوردی پارێزگای هەڵەبجەیە و باس لە نەهامەتی ژیانی خۆی دەكات، دواتر بۆ رزگاربوون لەو ژیانەیان پەنا بۆ ئوتومبیلێكی شاحنە دەبەن كە قاچاخچییەكان چەندین كەس دەخەنە نێو ئوتومبیلەكە.
دواجار بەشێك لەو كەسانە رێگەی پیادە دەگرنە بەر و دوو خێزانیشیان لەنێو ئوتومبیلەكەدا دەمێننەوە و پڕ دەكرێت لە ئاو كە بەڵێنی كۆتایی هاتنی ئەو رێگەیە و گەیشتن بە ژیانێكی نوێیان پێ دەدرێت، بەڵام لەناكاو دەكەونە كەمینی چەكدارانی داعشەوە و شۆفێرەكە دەكوژرێت، ژنە دووگیانەكەش لەنێو ئوتومبیلەكەدا منداڵەکەی دەبێت.