مەزهەر خالقی بۆ “رۆژنامەی هەولێر”: ماوەی ١٥٠٠ ساڵە رێگریی ناسنامە و كلتورمان لێ دەكرێت بە مقاوەمە و بەرگری ماوینەتەوە

“مەزهەر خالقی” هونەرمەندی گەورەی كورد‌ و سەرۆكی ئینستوتی كەلەپوری كورد بۆ پاراستنی كلتور لەم گفتوگۆیەدا بۆ “هەولێر” ئاشكرای دەكات تەندروستیی جێگیرە‌ و تا لە ژیاندا بێت كار بۆ پاراستنی كلتوری نەتەوەكەی دەكات ئەوەش دەڵێت: “سەرەڕای ئەو كێشانەی میللەتانی دراوسێ بۆیان دروست كردووین لە خۆناساندنی كلتوریمان، بەڵام بەزیندوویی ماوین‌ و هەر دەمێنین”. هونەرمەندی گەورەی كورد مەزهەر خالقی دەشڵێت: ” كورد خاوەنی جوانترین گۆرانی‌ و میلۆدیە لەسەر ئاستی جیهان هەوڵ دەدەم بیانپارێزم لە فەوتان”.

هەولێر: گەڕانەوەت لە دەرەوەی وڵات‌ و مانەوەی چەندین ساڵەت لە كوردستان بۆ گەشتن بە ئاواتێك بوو؛ پێی گەشتوون یان نا؟
مەزهەر خالقی: ماوەی بیست ساڵ پێش ئێستا كاتێك هاتمەوە بۆ كوردستان بەو ئاواتە گەشتم كەبڕوام نەبوو بە خەونیش بیبینم، ئەویش خزمەتكردن بوو بە كلتور و فەرهەنگ‌ و ناسنامەی گەلەكەم ئەمەش یەك بابەت‌ و دووبابەت نیە هەزاران‌و دەیان هەزار بابەت‌و ئایتمە”.

هەولێر: ماوەی چەند ساڵ دەبێت كورد رێگری جێبەجێكردنی كلتوری خۆی لێ دەكرێت لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە؟
مەزهەر خالقی: زیاتر لە هەزاروپێنجسەد ساڵە باوباپیرانمان رێگرییان لێ دەكرێت لە جێبەجێكردنی كلتوری خۆیان، داب ‌ونەریت‌ و ناسنامەمان تا ئێستا بە مقاوەمە و بەرگری ماوەتەوە؛ دوای ئەو هەموو ساڵە تەنیا شوێنێك بتوانێت بەئازادانە كار بۆ كۆكردنەوەی كلتوری كوردی بكات ئینستوتی كەلەپوری كوردە”.

هەولێر: چی بكەین تا كلتوری خۆمان بە دنیا بناسێنین؟
مەزهەر خالقی: سەرەڕای ئەو هەموو كێشانەی لەلایەن میللەتانی دراوسێوە بۆیان دروست كردووین لە خۆناساندنی كلتوریمان، بەڵام زیندوو ماوین‌ و دەمێنین وجودمان هەیە، ئێمە لە بواری فیلمی سینەمایدا خەڵاتی ئۆسكار وەردەگرین، لە بواری خوێندا خەڵاتی نۆبڵ وەردەگرین ئەمە سەرەڕای وەرگرتنی دەیان‌ و سەدان خەڵاتی دیكەی جیهانی

هەولێر: كارەكانتان لە ئینستووتی كەلەپوری كورد تەواو بووە یان نا؟
مەزهەر خالقی: كورد لە دەوڵەتی مادەوە كە دووهەزاروحەوسەدوپەنجا ساڵە هەیە، بە بیست ساڵ كاركردنی من تەواو نابێ؛ هێشتا كاری زۆرمان ماوە ئێمە دەمانەوێت بچینە قوڵای مێژوەی میللەتی كوردەوە، تا بزانین لە كوێوە هاتووین”.

هەولێر: كلتوری نەتەوەكەمان لەئێستادا لەژێر هەڕەشەی لەناوچوندایە یان نا؟
مەزهەر خالقی: بەداخەوە كلتورمان ڕۆژ بەڕۆژ نزیك دەبێتەوە لە لەناوچون، لە قۆناغی لاوی و كاری ئێمەدا لە شارەكاندا بەردەوام نمایشی شانۆی هەبوو ئێستا بۆ نیە؟! لەمانگێكدا گوێمان لە چوار گۆرانی ڕێكوپێك نابێت، لەنێوان شارێك بۆ شارێكی دیكە تابلۆیەكی نووسراوی كوردیی ڕێكوپێك نابینین ئەی ئەمە لەناوچون نیە چیە بۆیە كلتوری كوردی لەژێر هەڕەشەی لەناوچوندایە؟

هەولێر: بۆچی یەكگرتوویی و لێكتێگەشتن لەناو كوردا نییە؟
مەزهەر خالقی: كاتێك شەڕی ناوخۆ نەما لە هەرێمی كوردستان، بەردەوام حزب دروست بوو، دەبوو یەكگرتنیان ئەنجام بدایە تا یەكگرتوویی و لێكتێگەشتن دروست بێت ئەمەش بە بەرپرسان‌ و حزب دەكرا بۆ نەیانكرد دەبێت ئەوان وەڵام بدەنەوە”.

هەولێر: بە بڕوای ئێوە تائێستا توانیومانە كلتوری نەتەوەكەمان بە میللەتانی دیكە بناسێنین یان نا بۆچی؟
مەزهەر خالقی: بێگومان نەخێر نەمانتوانیوە كلتوری كورد بناسێنین، ناساندنی كلتور لەڕێگەی دانوستان‌و میدیایەكی سەربەخۆوە دەبێت، زیاتر لە سەد جۆر هەڵپەڕكێمان هەیە تەنیا لە چونە دواوەو هاتنە پێشەوە‌و نمایشی جل‌و بەرگ زیاتر چی دیكە دەزانن، ئەی نەوەدونۆكەی دیكە چی، من سەرجەمیانم لە ئەرشیف هەڵگرتوە تا لەفەوتان بیانپارێزین”.

هەولێر: چیدەكەن تا هونەرو موزیكی كوردی لەفەوتان ڕزگاری بكەن‌ و لە چ ئاستێكدا؟
مەزهەر خالقی: جا چی ماوە! ئێمە خاوەنی جوانترین گۆرانی‌و میلۆدین لەسەر ئاستی جیهان بەڵام ناتوانین بەرهەمی بهێنین، هەوڵ دەدەم هونەری كوردی لە فەوتان ڕزگار بكەین، ئەو كارە هونەریە ڕەسەنانەی لە كۆندا هەبوون و ماون سەرجەمیانم هەڵگیراون‌ و پارێزراون”.

هەولێر: میللەتانی داگیركەری كورد ئاوازو هونەرەكەشیان بردووە بۆخۆیان یان نا؟
مەزهەر خالقی: میللەتانی دراوسێ سەداسەد گۆرانی‌ و هونەری كوردیان بردووە بۆ خۆیان بەتایبەت توركەكان، باشە هونەر و موزیك گەر حەرامە بۆچی بۆ دەوڵەتی ئیسلامی دراوسێ ئازاد بێت؛ بۆ بۆمن ئازاد نەبێت، كاتێك ئێمە هاتین‌ و گۆرانیمان دەوت زۆرجار رێگرییان لێ دەكردین، بەڵام هاتین‌ و بەرگریمان كرد‌ و بەردەوامیمان دا بە گۆرانیوتن”.

هەولێر: كورد خاوەنی فەرهەنگ‌و كلتورێكی قوڵە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا یان نا؟
مەزهەر خالقی: لە پاش ئەو شەڕەی تووشمان بوو دوای ڕووخانی ئیمراتۆریەتی ماد، دابەش كراین‌ و نەمانتوانی فەرهەنگ‌ و شارستانیەتی خۆمان بە كرداری جێبەجێ بكەین، دەستنوسی نۆ سەد ساڵ پێش ئێستمان هەیە كورد وەك نەتەوەكانی دیكەی ڕۆژهەڵات خاوەنی گەورەترین فەرهەنگ‌ و كلتوری خۆی بوە هەروەك میسری‌ و چینەیەكان‌ و نەتەوەكانی دیكەی چواردەورمان”.

هەولێر: دوا خۆزگە و ئاواتت لە ژیاندا چییە؟
مەزهەر خالقی: دوا ئاوات‌ و خەونم تا لەژیاندا ماوم هەوڵدانە بۆ بەزیندووهێشتنەوەی كلتوری نەتەوەكەم ئینستوتی كەلەپوری كوردە بە ئەكادیمیا كارەكانی بكات‌ و كەڵچەر و فەرهەنگی كوردی بە زیندوویی بهێڵێتەوە لە فەوتان ڕزگاریان بكەین، وەك جگەرخوێن گەورە نووسەری كورد دەڵێت: “كینە ئەم؟ واتا ئێمە كێین دەمانەوێت ئەوە سابت بكەین كە ئێمە كێین لەم جیهانەدا بە خۆمان‌ و هەموو جیهان بڵێین ئێمە كێین”.

ھەواڵی زیاتر