چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

پانزە کەس لە دووەم ساڵیادی پرسەی عەتا چاوشیندا

لە مەراسیمی دووەم ساڵیادی كۆچی دوایی هونەرمەندی ناسراو عەتا چاوشین، نزیكەی 15 كەس ئامادەبوون ئەوانیش خێزانەكەی و رێكخەرانی مەراسیمەكە و نەقیبی سەندیكای هونەرمەندان و بەرپرسێكی حیزبی.

رۆژی 22ی ئەم مانگە دووەم ساڵیادی كۆچی دوایی هونەرمەندی ناسراوی شاری سلێمانی (عەتا چاوشین) بوو كە لە ساڵی 2020دا بەهۆی تووشبوونی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە تەمەنی 59 ساڵاندا كۆچی دوایی كرد.
مەراسیمەكە لە باخچەی عەتا چاوشین بەڕێوە چوو، بەڵام كەمیی ئامادەبوونی هونەرمەندان و هەوادارانی دەنگی ئەو هونەرمەندە، رێكخەرانی مەراسیمەكەی تووشی شۆك كرد، لە كاتێكدا چەند رۆژێك پێشتر ئاگاداری بۆ رێكخستنی ئەو مەراسیمە بڵاو كرابووەوە.
(جەزای ساز) هونەرمەندی موزیسیان و سەرۆكی كۆمەڵەی هونەری میللی كوردستان كە سەرپەرشتی مەراسیمەكەی دەكرد لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند : “چەندێك دڵتەنگم بەلەدەستدانی ئەو هونەرمەندە خۆشەویستەمان، دووجاریش دڵتەنگم لە بێوەفایی هاوڕێكانی و ئەوانەی رۆژانە گۆرانییەكانی دەڵێنەوە و ئێستاش نایەن بۆ یادەكەی ئامادەبن!، مخابن و جێگەی سەرسورمانە لە پایتەختی رۆشنبیری یادی هونەرمەندێکی ئاوا گەورە بەم شێوە سارد و سڕە بکرێتەوە!، كوا لایەنە رۆشنبیرییەكان؟، عەتا چاوشین تەنها دوو ساڵە جێیهێشتووین، هەر وازوو بیرتان چۆوە؟! سەیر بکەن کوا هاوڕێکانی بۆ كەسیان نایەن بۆ مەراسیمەكەی؟! لە کاتێکا پێشیان وترابوو!، لە كاتێكدا ئەم هونەرمەندە لەزۆربەی بۆنەكاندا ئامادەیی هەبوو، لێرەدا دەبێت سوپاسی راگەیاندنەكان بكەین كە هەموویان ئامادەن”.
هەروەها هونەرمەند (نیاز نوری)، نەقیبی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان رایگەیاند “لەدەستدانی هونەرمەندان بۆ ئێمە كارەساتێكی گەورەیە، بەداخەوە كۆرۆناش هونەرمەند عەتا چاوشینی لێسەندین، بێگومان ناو و ناوبانگی ئەم هونەرمەندە سەرمایەیەكی گەورەیە بۆ خانەوادەكەی و هیوادارم پارێزگاری لێبكەن”.
عەتا چاوشین ناوی تەواوی
(عەتا ئەمین زۆراب)ـە،
لە 1961 لە سلێمانی لە دایکبووە
ماوەیەک لە سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان ژیاوە، لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو دەستی بە گۆرانیگوتن کردووە.
یەکەم گۆرانیی بە ناوی “هۆ غەریب مەڕۆ” بڵاو کردەوە
گۆرانی، بەستە، مەقام و بەندی گوتووە.
کتێبێکی شیعری بە ناوی “کێ راسپێرم؟” لە 2003 بڵاو کردووەتەوە.
بەشێک لە شیعرەکانی لەلایەن هونەرمەندانەوە کراونەتە گۆرانی.
لە تەمەنی (59) ساڵاندا لە رێکەوتی 22/6/2020 بە نەخۆشیی کۆرۆنا کۆچی دوایی کرد.