سۆنیا هیوا: لە پێناو کاری هونەر و شانۆییدا ئامادەم هەموو ڕۆڵێک بەرجەستە بکەم بە مەرجێک لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردیدا بگونجێت

یەکێک لە ئەکتەرە دیار و بەرچاوەکانی ئەمڕۆی شانۆ لە هەولێر (سۆنیا ھیوا)ـیە، کە وەک ئەکتەرێکی خاوەن ئەزموون لە شانۆگەریی (ئافرەت لە دۆزەخ)ـدا دەرکەوت و بە ڕۆڵە جوانەکەی ژان و ئازاری ئافرەتی کوردی لەسەر تەختی شانۆدا نیشانی بینەردا، پاشان بەشداربوو لە چەندین کاری دیکەی شانۆییدا و ئێستاش بەشێوەیەکی ئەکادیمی کار بۆ چەند بەرھەمێکی دیکە دەکات، لەم دیمانەیەشدا ڕاشکاوانە پەنجە دەخاتە سەر ئاستەنگەکانی ئافرەت لە نێو شانۆ و ھونەردا و دەشڵێت: بڕیارم داوە گوێ بە ھیچ تانە و توانجێک نەدەم کە ڕووبەڕووم دەبنەوە و دەیانەوێ لە دنیای جوانی ھونەردا داببڕێم، بگرە ڕەخنە و توانجەکانی ئەوان وام لێ دەکات ھێندەی دیکە بەھێز بم، ھاوکات ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات دوای دابڕانێکی کورت لە شانۆ ئێستا سەرگەرمی خۆ ئامادەکردنە بۆ چەند پڕۆژەیەکی نوێ و دەیەوێ بە سوپرایز بێتەوە سەر تەختی شانۆی ھەولێر.

• بۆچی ماوەیەکە دابڕاوی لە کاری شانۆیی و لە ھیچ بەرھەمێکدا نابینرێیت؟
ماوەی ٢ ساڵە بەھۆی چەند گرفتێک و سەرقاڵ بوون بە کارێکی تایبەوە وچانێکم لە شانۆ و ھونەر وەگرت و پاشان گەڕامەوە نێو باوەشی ھونەرەکەم و ئیتر بە تەواوەتی بۆ ھونەرەکەم دەژیم و خۆم بۆ چەند کارێکی نوێی شانۆیی ئامادەکردووە.

• شانۆگەریی ئافرەت لە دۆزەخ یەکێک بوو لەو بەرھەمانەی تێیدا بەشدار بوویت چ ئەزموونێکی نوێی خستە پاڵ کارە ھونەرییەکانت؟
ئەزموونێکی نوێ و بەرھەمێکی گەورە و بەپێز بوو، کە ژانی ئافرەتی کوردی لەسەر تەختی شانۆدا گەیاند بە خەڵک، لەو بەرھەمەشدا من وەک کچە ئەکتەرێک بە تەواوەتی چووبوومەوە نێو قووڵایی کارە شانۆییەکە و ھەستم بە ئازارەکانی ژنانی کورد دەکرد، ھەر ئەو بەرھەمەش وای لێ کردم، کە بکەومە داوی ئەشقێکی گەورە لەگەڵ شانۆدا و لە دوای ئەویشدا چەند بەرھەمێکی دیکەمان لەگەڵ گرووپی ئافرەتانی دۆزەخ پێشکەش کرد دیارترینیشان کارەساتی ھەڵەبجە بوو لە نێو باغی شاردا نمایشمان کرد.

• ئاستەنگەکانی ئافرەت لەسەر تەختی شانۆدا چین و ھیچ کات ڕووبەڕووی تانە و توانج بوویتەوە؟
بێگومان، دەیان جار تووشی تانە و توانجی زۆر بوومەتەوە، بەڵام من ھەرگیز گوێیان پێ نادەم و بگرە وای لێ کردووم کە بەھێز بم و زیاتر پشت بە تواناکانی خۆم ببەستم و پێیان بڵێم من ھونەرەکەم بە قسەی ڕووت ناگۆڕمەوە، ئەگەر بەراوردێکیش بکەین لە چاو جاران ئێستا تا ڕادەیەک توانج و ناوزڕاندنی ئافرەتی شانۆکار کەمتر بووەتەوە، ھیوادارم بیریان کراوە بێت و لە نرخی ماندووبوونی ئافرەتانی شانۆ کەم نەکەنەوە.

• ئێستا چ پڕۆژەیەکی ھونەرییتان لەبەردەستدایە و کاری لەسەر دەکەیت؟
سەرگەرمی خۆئامادەکردن و مەشق و ڕاھێنانم بۆ کارێکی شانۆیی نوێ کە لە نووسین و دەرھێنانی مامۆستا (ھیوا سوعاد)ـە، بەڵام نامەوێ بچمە نێو ناوەرۆکی کارە شانۆییەکەمان و دەمانەوێت وەک سوپرایزێک لە کاتی خۆیدا بە میدیاکانی ڕابگەیەنین.

• سەرسامی بە کام لە ژنە شانۆکارەکانی کوردستان؟
ناتوانم بە یەک ناو وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە، چونکە من سەرسامم بە ھەریەک لە ھونەرمەندان (گەزیزە عومەر، تەلار ھیرانی، سوھام حەسەن، شیلان عەبدوڵا)، ئەوانە پێشەنگی ئافرەتانی کوردن لە بواری شانۆدا و ھەمیشە بە ڕۆڵ و کارە ھونەرییەکانیان سەرسامم.

• ھونەری شانۆ لای تۆ چ مانایەک بە ژیان دەگەیەنێت؟
ھونەر یان شانۆ بەتایبەتی، لای من ئەشقێکی بێسنوورە، دەتوانم بڵێم وەک جەرگ و منداڵی خۆم تێکەڵی خۆشەویستی ھونەر بوومە و ئێستایش لەگەڵ ئەو ئەشقە بەردەوامم، بە ڕای منیش گەر ھونەر نەبێت ژیان ھیچ مانایەکی ئەوتۆی بۆ نامێنێتەوە.

• چی لە ھونەری ھیوا سوعادی دەرھێنەرەوە فێربوویت و چ کاریگەرییەکی بەسەر ژیانی تۆدا ھەیە؟
ھیوا سوعاد لای من بە ھیچ شتێک پێناسە ناکرێت، چونکە ھەم باوکە بۆ من ھەم دەرھێنەر و ھەم مامۆستای شانۆییم، ھەمیشەش پاڵپشت و پشتیوانی کارەکانمە بۆ ئەوەی داھاتووێکی گەش بۆ من و تەواوی شانۆکارانی دیکە بنیاد بنێت.

• شانۆ بووەتە دەروازەیەک بۆ دۆزینەوەی ڕێگەی بەختەوەریت لە ژیان؟
ھەموو خۆشیەکانی ژیانم پەیوەستن بە کارە شانۆییەکانم، تەنانەت ئەو ڕۆژانەی کە دەچمە سەر تەختی شانۆ و دەست لە ملانێی بەرھەمێکی شانۆیی نوێ دەکەم، چاوەکانم پڕ دەبن لە فرمێسکی شادی، چونکە توانست و ھێز و بوێری ئافرەت تەنیا لەسەر ئەو سەکۆیەدا دەردەکەوێت و گوڕوتینێک بە منی شانۆکار دەدات، کە لەبەردەم ئاستەنگەکانی ژیان چۆک دانەدەم و ھەمیشە بەھێز دەرکەوم.

• ئێستا ” ماچ ” لە نێو شانۆ و سینەمای کوردیدا دەبینرێت، ئایا ئەوەتان پێ نوێگەرییە لە فۆرمی کاری شانۆییدا، یان چاولێکەرییە؟
من پێموایە گەر بمانەوێ ھەنگاوی نوێ بنێین و شانۆ بە فۆرمێکی نوێ کار بکات، با ماچەشی تێدا ھەبێت، بەڵام زێدەڕۆیی تێدا نەکرێت و نەبێت بە مەسەلەیەک بۆ ڕاکێشانی بینەری شانۆ و پڕکردنەوەی بۆشاییەکانی لاوازی کارە ھونەرییەکان.

• ئامادەیت هەموو ڕۆڵێک بەرجەستە بکەیت؟
ھەر ڕۆڵێک کە لەگەڵ دابونەریتی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵگەی کوردیدا بگونجێت ئامادەم، لە پێناو شانۆشدا ڕەنگە ئامادەییم تێدا بێت بۆ بەرجەستەکردنی ھەموو جۆرە ڕۆڵێک.

• جوانی و جووڵەی جەستەیی نەبووەتە خەسڵەتێک بۆ ڕاکێشانی بینەر و دەرھێنەران؟
شانۆ خۆی ھەستە و دەنگ و قوڕگێکی پڕی پێویستە تا بتوانیت سەرنجی بینەری پێ ڕابکێشیت، یاخود توانستەکانی خۆتی وەک ئەکتەر پێ دەربخەیت.

ھەواڵی زیاتر