چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

فەرەیدون حەمەساڵح: گێڕانی ڕۆڵی (عەونی)، بۆ من كتوپڕ بوو

هونەرمەندی دیاری بواری شانۆ و دراما فەرەیدون محەمەد رایدەگەیێنێت، وەرگرتنی كەسایەتیی عەونی لە زنجیرەدرامای سەمەرە لەلایەن ئەوەوە، بڕیارێكی كتوپڕی سەرپەرشتیارانی دراماكە بووە، بەڵام ئێستا خۆشحاڵە بە سەركەوتنی لەو ڕۆڵەدا كە بۆتە كەسایەتییەکی سەرنجڕاكێش.

زنجیرەدرامای سەمەرە لە نووسین و سیناریۆی ئومێد كەمال و دەرهێنانی هونەرمەند جەمیل مەفاخیری، لە 40 ئەڵقە لە مانگی ڕەمەزانی ئەمساڵ و رۆژانی دوایی پێشكەش كرا، ئەم درامایە ناوەندی بەرهەمهێنانی هونەری زەنێ بەرهەمی هێنا، دراماكە دەنگدانەوەیەكی زۆری لەنێو هاووڵاتیان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لێ كەوتەوە.
هەر لە دراماكەدا كەسایەتی (عەونی) كە لەلایەن هونەرمەند فەرەیدون محەمەدساڵح بەرجەستە كرا، توانیی ببێتە جێی سەرنجی بینەر و هاووڵاتیان، لە كاتێكدایە ئەم هونەرمەندە رۆڵی (عەزیز)یشی بەرجەستە دەكرد.
فەرەیدون محەمەد بە هەولێری راگەیاند “لە دراماكەدا سەرەتا رۆڵی عەزیزم هەبوو نەمدەزانی لە دوای 23 ئەڵقە رۆڵێكی قورس بەرەو پیریم دێت، هەرچەندە ئەركی بەڕێوەبەری لۆكەیشنیشم هەبوو، ئەوە بوو رۆژێكی تۆماركردنی دراماكە لە دوای ئەوەی هونەرمەندێكی ئازیز ئەو رۆڵەی نەبینی كە بڕیار بوو پێشتر بەشدار بێت، ئەركی ستاف و نووسەر بە جۆرێكی تر گرانتر بوو، ئەو رۆژە من خەریكی خۆئامادەكردن بووم بۆ ئەوەی رۆڵی عەزیز ببینم”.
ناوبراو ئاماژەی بەوە كرد “ئینجا سەرپەرشتیاری گشتی و جەمیل مەفاخیری، دوای ئەوەی راوێژێكی كتوپڕ و بڕیارێكی نوێیان دا منیان بۆ ڕۆڵی عەونی هەڵبژارد كە خۆم بێئاگا بووم؛ دەقەكەی عەزیزم لێ وەرگیرایەوە و دەقی عەونیم پێ درا، دوایی سەرپەرشتیاری گشتیی بەرهەم پێی ڕاگەیاندم و گوتی تۆ لەمڕۆ بەدواوە ڕۆڵی عەونی دەبینی، لەهەمانكاتدا رۆڵی عەزیزیشم مابوو تۆماری بكەم بۆ من شۆك بوو، چونكە بڕیاری كتوپڕ بوو، بۆیە سوپاسی نووسەر و دەرهێنەری دراماكە دەكەم، چونكە هەوڵی زۆریان لەگەڵمدا كە توانیم ئەو ڕۆڵە ببینم”.
شێوازی جلوبەرگ و مەیكئەپی كەسایەتیی عەونی لایەنێكی دیكەی سەرنجڕاكێشی ڕۆڵەكە بوو، لەو رووەوە فەرەیدون وتی: “زۆر سوپاسی مامۆستا بەرزان عیسمەت دەكەم كە ئەو ستایل و جلوبەرگ و سمێڵەی بۆ دانام و ماندوو بوو كە هاوكارییەكی باش بوو بۆم بۆ ئەوەی بتوانم دەنگی عەونی بەو جۆرە بێت كە دوور بێت لە دەنگی عەزیزەوە تا خەڵكی گەڕەک نەتوانن راستی كەسێتی عەونی و عەزیز بناسنەوە”.
وەك ناوبراو باسی كرد بۆ ئەو، عەونی رۆڵێكی ئاسان نەبووە لە ڕووی مەیكەپ و مكیاژەوە، چونكە هەندێ ئەڵقە هەبوو دەكرا ڕۆڵی عەونی و عەزیز پێكەوە ببینێت، بۆیە زەحمەت بوو بە ماوەیەكی كەم ئەو سمێڵە دابنرێ و لێ بكرێتەوە.
فەرەیدون وتی “لە كوردستاندا بەو جۆرەی ئەكتەرێك دوو ڕۆڵ ببینێت شتێكی تازە بوو؛ خۆشبەختانە ئەو شەرەفە گەورەیەم پێ بەخشرا كە ڕۆڵی عەونی ببینم، ئەگەر سەرنج بدەنە ئەكتینی عەونی خۆم دەنگی ئەو كەسایەتیم هەڵبژارد، یەكەم دیمەن كە تۆمارمان كرد لەگەڵ هونەرمەندانی خۆشەویست كاك زاهیر عەبدوڵا و نوری كاكەخان بوو ئەو ڕۆژە ڕۆژێكی یەكلاییكەرەوە بوو بۆم، بەڵام وەك خۆم لە ژیانی هونەریمدا لە هیچ ڕۆڵێك نەترساوم، بۆیە دەمزانی عەونی بەسەر ڕێگای خۆیدا دەبم”.
هەروەها وتیشی “گرنگی و قورسی عەونی لەوەدا بوو كە جگە لەوەی دوو ڕۆڵی هەبوو، نەدەبوو نزیك بن لە یەكەوە، دوا یاری دوو گەمەی نهێنی بەرچاو دەكەوت سەرەتا بینەر دەیانزانی عەونی كابرایەكی گێلە و حەزی لە پارەیە، بەڵام بە نزیكبوونەوە لە ئەڵقەكانی كۆتاییدا دەركەوت عەونی بە دوای عەزیزی برایدا دەگەڕێ و بێسەروشوێنە”.
فەرەیدون دەڵێت “لە كۆتاییشدا سەمەرە لە حیوارێكیدا شكۆی بۆ بەرز و پیرۆزی مامۆستا گەڕاندەوە كە عەونی بە مامۆستا حەسەن دەڵێت لەم گەڕەكەدا تەنها متمانەم بە مامۆستا حەسەنە پیاوێكی تێگەیشتووە و خوێندەوار، وەكو ئەوەش كە گرنگی قورس و پیرۆزی لەسەرە ئەویش كاری ئاسایشی وڵاتە و هەموو ئەو كەسە خوار و تاوانبارانە بنەبڕ دەكات كە هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی وڵات”.
ئەم ئەكتەرە روونیكردەوە “دەركەوتنی عەونی بە جۆرێكی تر سەمەرەی گۆڕی گونجاندنی ئەو تەقەیەی بەدەم دەیكرد لە دوای هەر دێڕێكی قسەكردن جۆش و خرۆشێكی تری بەخشی بە دراما و ڕووداوەكانی سەمەرە”.
ئێستاکە دوای تەواوبوونی دراماكە و بەهۆی كاریگەری كەسایەتییەكەوە، داوا لە فەرەیدون محەمەد كراوە بەو جلوبەرگ و ستایلەوە ریكلام بكات، لەو بارەیەوە وتی “عەونیم خۆش دەوێت نامەوێ بۆ پەیداكردنی داهاتێكی كەم ئەو ڕۆڵە بۆ كارێكی ریكلام و بازرگانی كەم لەناو بەرم، تەنها كەناڵی كوردسات بە شایستە دەزانم ئەو شەرەفەم پێ ببەخشن رۆژێك و تەنها بۆ جارێك ریكلامێك بكەم بۆ ئەو كەناڵە خۆشەویستە”.
سەبارەت بەوەی ئەگەری هەیە بەشی دووەمی درامای سەمەرە بەرهەم بهێنرێت، ئایا بە هەمان كەسایەتی عەونی بەشداری دەكاتەوە، فەرەیدون وتی “دەنگۆی تۆماركردن و بەرهەمهێنانی بەشی دووەمیش لە درامای سەمەرە لەئارادایە خوا تەمەن بدات بەنیازم لە ڕۆڵێكی جوان و جیاوازدا ڕۆڵێكی تر وەک عەونی ببینم”.