شاری كۆیە پەیكەری كەریمی ئەلەكە لە باوەش دەگرێت

دامەزراوەی كەریمی ئەلەكە، پەیكەری كەسایەتی ناسراوی كوردستان كەریمی ئەلەكەی لە ناوچەی هەرمۆتە لە شاری كۆیە دانا و كەسایەتییەكەی شاری كۆیەش دەڵێت “كەریمی ئەلەكە لە كابینەی حكومەتی كوردستان بە سەرۆكایەتیی شێخ مەحمودی نەمر، وەزیری دارایی بووە، بەڵام مووچەی وەرنەگرتووە و خۆبەخشانە كاری كردووە”.

هەفتەی رابردوو، دامەزراوەی كەریمی ئەلەكە بە هاوكاریی بەشی كتێبخانە گشتییەكانی شاری كۆیە بە مەراسیمێك پەردەیان لەسەر پەیكەری كەسایەتی نیشتمانی و كۆمەڵایەتیی كوردستان كەریمی ئەلەكە لا دا.
(چێنەر نزار) هونەرمەندی پەیكەرساز كە پەیكەرەكەی دروست كردووە بە (هەولێر)ی راگەیاند خۆشبەختانە شانسی ئەوە هەبووە پەیكەرێك بۆ كەسایەتی مێژوویی كوردستان كەریمی ئەلەكە دروست بكات، كە دیارە بیرۆكەی پڕۆژەكە هی خۆی و تەها رەسووڵ، خاوەنی دامەزراوی كەریمی ئەلەكە بووە.
ناوبراو ئاماژەی بەوە كرد، لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا واتە دوو ساڵ لەمەوبەر كاری لەسەر ئەو پڕۆژەیە كردوە، بەڵام هەفتەی رابردوو لە ناوچەی هەرمۆتەی شاری كۆیە دانرا و وتی “هۆكاری دانانی پەیكەرەكە لەو شارە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەو كەسایەتییە باوك و باپیرانی لەوێ ژیاون و خۆیشی لەوێ ژیاوە”.
وەك چێنەر نزار ئاماژەی پێ دا بەرزای پەیكەرەكە 150 سانتیمەتر و بنكەكەشی دوو مەتر و 40 سانتیمە و بە هاڕاوەی بەرد دایڕشتۆتەوە، جیاوازییەكەشی ئەوەیە پەیكەرتاشی لەناو پەیكەرسازییەكەدا كردووە ئەویش لێگرتنی پەیكەرەكە دوای تەواوبوونی.
لە كاتی مەراسیمی پەردەدان لەسەر ئەو پەیكەرە، رەهبەر سەید برایم، كەسایەتی ناسراوی شاری كۆیە لە وەسفی كەسایەتی كەریمی ئەلەكە رایگەیاند “عەبدولكەریم ئەلیاس پۆڵۆس، خەڵكی هەرمۆتە بوو لەرۆژی 10ی10ی1922 لە كابینەی حكوومەتی كوردستان بە سەرۆكایەتیی شێخ مەحمودی نەمر، وەزیری دارایی بووە، بەڵام مووچەی وەرنەگرتووە واتە بەخۆبەخشانە كاری كردووە”.
ناوبراو وتویەتی “كەریمی ئەلەكە پوولی پۆستەی داهێنا، جگە لەوەش بە هۆی توانست و لێهاتووییەكەیەوە توانیویەتی برسێتی بڕەوێنێتەوە، كەسایەتییەكی خێرخواز بووە، دەیتوانی دەوڵەمەندتر بێت، بەڵام ئەوەی نەكرد، زمانێكی زۆر شارەزاش بوو، بەداخەوە ساڵی 1948 لە شاری بەغدا كۆچی دوایی كرد”.

ھەواڵی زیاتر