شارەزایەكی شێوەكاری ٣ كوراسە بۆ ٣ هونەرمەندی بەناوبانگ دروست دەكات

بەختیار سەعید، شارەزای مێژووی شێوەكاری بڕیاری داوە ئەمساڵ سێ كوراسە بۆ سێ هونەرمەندی شێوەكار دروست بكات كە یەكێكیان كۆچی دوایی كردووە، مەبەستیش لەو كوراسانە ئەوەیە تا ببێتە سەرچاوەیەكی باش بۆ گەنجی ئەمڕۆ بەو شێوەكارانە.

بەختیار سەعید، خاوەنی ناوەندی ٧ڕەنگە و شارەزا لە بواری نووسینەوە و ئەرشیفكردنی بەرهەمی شێوەكاران بە (هەولێر)ی راگەیاند، چاپكردنی كوراسەی شێوەكاران ئەزموونێكی لەمێژینەی نێو میللەتانی جیاوازە و باشوری كوردستانیش لەم ئەزموونەدا بەشدارییەكی بەرچاوی هەیە كە وەك خۆیشی، بەشێكی زۆری ئەو كوراسانەی لەئەستۆ گرتووە و تائێستا ١٦ چاپكراوی خستۆتەڕوو كە بۆ زیاتر لە ٣٠ نامەی ماستەر و دكتۆرا بوونەتە سەرچاوە و هۆكارێك بۆ ناساندنی ئەزموونی ئەو شێوەكارانە بە نەوەی ئەمڕۆ.
ناوبراو ئاماژەی بەوە كرد، هەر لەو روانگەیەوە ئەمساڵ دەستی کردووە بە پڕۆژەكەی و یەكەمین چاپكراویش بۆ شێوەكاری كۆچكردوو (ئاری بابان) بووە و ئێستاش ئامادەكاری دەكات بۆ سێ كوراسەی تری شێوەكاری كە بۆ شێوەكاران سمكۆ تۆفیق و، كامەران كارگەچی و خوالێخۆشبوو سەروەت سەوز، چاپ و بڵاو دەبێتەوە.
بەختیار سەعید روونی كردەوە، تەواوبوونی ئەو كوراسانە سەرچاوەیەكی گرنگە بۆ ئاستەكانی خوێندنی باڵا، هەمانكاتیش ئەرشیفكردنی بەرهەمەكانی ئەم شێوەكارانەیە، چونكە هەریەكەیان خاوەنی ئاستێكی باڵان لە بواری شێوەكاریدا.
بە تەواوبوونی ئەو سێ كوراسەیە، كۆی بەرهەمە چاپكراوەكانی بەختیار سەعید دەبێتە نۆزدە چاپكراوی هونەری شێوەكاری كوردی و یەكێك لە چاپكراوەكانیشی كاری وەرگێڕانی بۆ زمانی ئینگلیزی كراوە و بەشێك لە چاپكراوەكانیش لەسەر ئاستی كوردستانی گەورەدا بڵاو كراوەتەوە و لە بەشێك لە كتێبخانەكانی بەشی كوردی وڵاتەكانی هوڵەندا و سوید و نەرویجدا هەنە و بەردەوام خوێندكاران وەكو سەرچاوە بەكاری دێننەوە.
خاوەنی ناوەندی ٧ڕەنگ، دەڵێ “لەگەڵ ئەوەی تێچووی ئەم جۆرە چاپكراوانە زۆرترە و سپۆنسەركردنی ئەستەمە، بەڵام كارەكان درێژەی هەیە و لە پشتیشەوە كۆمەڵێك دڵسۆز بەردەوام پشتگیری ئەم جۆرە بیرۆكانە دەكەن”.
هەروەها وتیشی “ئەم سێ كوراسەیە بابەت و بیۆگرافیای شێوەكارەكان بە زمانی كوردی و عەرەبی و ئینگلیزی تێدا دەبێت و مەبەستیش لەو زمانە جیاوازانە ئەوەیە كە هەریەك لەم كوراسانە بچێتە بەردەستی هەر كەسێك بە یەك لەو زمانە ئاشنا بێت بەو شێوەكارە كوردە و قۆناغەكانی گەشەكردنی هونەری نیگاركێشان لای ئەم هونەرمەندە”.
بەختیار سەعید ئەو كوراسانە لە بۆنەی تایبەتدا دەبەخشێتە ئامادەبووان؛ هەرکام لەو شێوەكارانەیش، پێشانگایەکیان بۆ دەكرێتەوە، ئەمەش وەك ئاماژەیەكی رێزلێنان لەو هونەرمەندە كوردە لە بەرامبەر چەند ساڵەی كاركردنیدا.

ھەواڵی زیاتر