چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

ماجید بەرهەمێکی نوێی بڵاو کردەوە

هونەرمەند ماجید دەڵێت، لە گۆرانییە هاوبەشەكەی لەگەڵ هونەرمەند عەزیز وەیسیدا زۆر رازییە و بۆ جەژنی رەمەزانیش بەرهەمێكی نوێی بڵاو كردووەته‌وه‌.

لەم ماوەیەی رابردوودا هونەرمەند ماجید لەگەڵ هونەرمەند عەزیز وەیسیدا بەرهەمێكی نوێیان بڵاو كردەوە، ماجید لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ (هەولێر) رایگەیاند “دەمێك بوو حەزم لە چڕینی گۆرانییەكی خێرا بوو، كە ئەوەش بەشێكە لە كولتووری كوردی، بەڵام راستییەكەی نەمدەوێرا بە تەنها بیچڕم، بۆیە ویستم لەگەڵ هونەرمەندێكی شارەزا بێت، بۆ ئەو مەبەستەش هونەرمەند عەزیز وەیسی هاوڕێی دێرین، پێكەوە چڕیمان”.
ناوبراو لە بەرهەمەكەیان رازییە و دەڵێت “وەک خۆم بەرهەمەكەم بە لاوە زۆر باش بوو، سوپاس بۆ ئارام شەیدا كە تێكستەكەی نووسی؛ سپاسیش بۆ عەزیز وەیسی كە هاوكارییەکی زۆری كردم و خۆیشی پێی باش بوو”.
ئەم هونەرمەندە چەند ساڵێكە بەرهەمی نوێی بڵاو نەكردۆتەوە و لەو رووەشەوە ئاماژەی بەوە كرد “راستە چەند ساڵێكە بەهۆی دۆخی تایبەتی خۆمەوە لە بەرهەمی نوێ وەستاوم، بەڵام تموحم نەوەستاوە، بەڵكو هەمیشە حەزم كردووە بەرهەمێک بكەم تێكست و ئاوازەكەی پێم دەربچێت، ئێستاش سێ بەرهەمی نوێم هەیە، یەكێكیان بۆ جەژنی رەمەزان بە كلیپەوە بڵاوم كردووەته‌وه‌”.
ماجید لە كاتی دەركەوتنی وەک گۆرانیبێژ بەهۆی ئەوەی دەنگی لە دەنگی موعین، هونەرمەندی گەورەی فارس دەچێت، بۆیە لەلایەن هەوادارەکانیەوە دەوترێت زۆر “لاسایی” موعین دەكاتەوە؛ ماجید وتی “سروشتی دەنگم وایە نەك بمەوێت لاسایی هونەرمەند موعین بكەمەوە”، هەر لەو بارەیەوە بە زەردەخەنەیەكەوە وتی “جارێكیان گۆرانییەكی مامۆستا ئیبراهیمی قادریم وت، وتیان موعین كوا ئەو گۆرانییەی چڕیوە؟ وتم وەڵا هی مامۆستا ئیبراهیمە”.
ماجید یەكێك لەو هونەرمەندانەی بەشداری ئاهەنگی لایڤ موزیك دەكات، لەو بارەیەوە دەڵێت “هەتا بینەرم هەبێت لە لایڤ موزیك بەردەوام دەبم، چونكە هەمیشە بینەری باش دێنە لایڤەكانمەوە”.
هونەرمەند ئاراس محەمەد یەكێكە لە هاوڕێ نزیكەكانی ئەم هونەرمەندە و تەنانەت لە زۆر چاوپێكەوتنیش پێكەوە بەشدار دەبن، سەبارەت بەوەی بۆچی هێندە لەگەڵ ئاراسدایە، وتی “ئاراس كەسێكی زۆر باشە؛ تا مرۆڤێکی باش دەدۆزیتەوە زۆری پێ دەچێت، ئاراس یەكێكە لەو كەسانە”.