بە پێشكەشكردنی خەڵاتی سینەماكاری كورد، ڕەوانشاد (تەها كەریمی) و خەڵاتی دەرهێنەری كورد شەهید (خەلیل داخ) یەكەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی (كورت و كرمانجی) بەڕێوە چوو.
یەكەمین خولی فێستیڤاڵی یەكخولەكەی كورتەفیلمی كورت و كرمانجی، بە بەرپرسیاریەتیی (فێرات كێڤێر) وێنەگری كوردی دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیا، (ئاردین دێرین) دیكۆمێنتساز و ڕۆژنامەوانی كوردی باكووری كوردستان و فەرهاد بایسال، بەرپرسی ماڵپەڕی سینەمای كوردی دانیشتووی وڵاتی بەلجیكا، بە یاد و پێشكەشكردنی خەڵاتی سینەماكاری كورد ڕەوانشاد (تەها كەریمی) و خەڵاتی شەهید (خەلیل داخ) دەرهێنەری كورد و بە تەركیز لەسەر تایبەتمەندی و توانستی زمانی كوردی و بە هەوڵی ماڵپەڕی (سینەمای كورد)، هەروەها بە هاوكاریی یەكێتی مامۆستایانی كورد لە ئەورووپا بۆ ماوەی مانگێك بە شێوەی سەرهێڵ (ئۆنلاین) بەڕێوە چوو.
هۆگران و بینەرانی سینەما، دوای بینینی هەر ١٦ بەرهەمەکە، لە ئاخر قۆناغی یەكەمین خولی فێستیڤاڵی یەكخولەكەی كورتەفیلمی (كورت و كرمانجی)، بە ٨٦٤١ دەنگ دەنگیان دا كە دوای كۆتاییهاتنی قۆناغی دەنگدان، فیلمە براوەكان دەستنیشان كران و بەم شێوەیە خەڵات بەسەریاندا دابەش كرا:
خەڵاتی یەكەم؛ بە ناونیشانی خەڵاتی سینەمای (ئاموودە) بڕی ٥٠٠ یۆرۆ بەخشرا بە كورتەفیلمی (ئێستا بەبێ ترس) لە دەرهێنانی (ڕەزوان دیهارۆ) بە بەدەستهێنانی ٢٠١٧ دەنگ.
خەڵاتی دووهەم؛ بە ناونیشانی خەڵاتی ڕەوانشاد (تەها كەریمی) سینەماكاری بانەیی، بڕی ٥٠٠ یۆرۆ بەخشرایە كورتەفیلمی (ق.و.خ) Q-W-X لە دەرهێنانی (نووروڵا ئاكجان) Nurullah Akcan، بە بەدەستهێنانی ١٩٤٩ دەنگ.
خەڵاتی سێیەم؛ بە ناونیشانی خەڵاتی شەهید (خەلیل داخ) Xelîl dağ دەرهێنەری كورد، بڕی ٥٠٠ یۆرۆ بەخشرا بە كورتەفیلمی (زەینی منداڵی) Hişê Zarok لە دەرهێنانی (فیرات یاڤووز) Firat Yavuz، بە بەدەستهێنانی ١٧١٤ دەنگ.
خەڵاتی كوردستان؛ خەڵاتی تایبەتی (كوردستان) پێشکەش کرا بە كورتەفیلمی (لە ماڵێ) Li Malê لە دەرهێنانی (خەلیل ئاكگوڵ) Xelîl Akgul بە بەدەستهێنانی ١٣٥٨ دەنگ.
لە وتاری كۆتایینی بەرپرسانی یەكەمین خولی فێستیڤاڵی یەكخولەكەی كورتەفیلمی كورت و كرمانجیدا هاتووە: ئێمە بە بینەران و فیلمسازانی بەشدار لەم فێستیڤاڵە دەڵێین كە ماڵتان لەو كاتەوە گەشەی كرد و پڕ بوو لە ڕۆشنبیری، كە كورتەفیلمە كوردییەكانتان بۆ ماوەی مانگێك لە سەرتاسەری ئەم جیهانەوە بینی. زۆر سپاسی ئەو فیلمسازانە دەكەین كە ئەو هەموو بەرهەمە كورتە پڕمانا و كاریگەرەیان ساز كردووە.