سرود عومەر: هونەرمەند بۆ هونەری ڕاستەقینە دەبێت زۆر ڕاستگۆ بێت لەگەڵ خۆی و هەست و هونەر و گوێگرەکانیشیدا

“سرود عومەر” یەک لە دەنگە زۆر بەتوانا و باشەکانی ئێستای گەنجانی کوردە، توانیویەتی ناوبانگێکی زۆرباش و پڕ شانازی بۆ خۆی و هونەرەکەی پەیدا بکات، لەم دیدارە تایبەتییەی “هەولێر”دا وەڵامی چەندین پرسیارمان دەداتەوە و باس لە بابەتانێک دەکات کە بۆ یەکەمینجارە لە ڕێگەی “هەولێر”ـەوە ئەو نهێنییانە دەدرکێنێ.

٭ لە سەرەتای دەرکەوتنت لە پرۆگرامێک بەشداریت کردو ناوبانگێکی زۆرت بەدەستهێنا، دواتریش بۆ ماوەیەک بێدەنگ بویت، هۆکاری ئەمە چییە؟
ـ دوای دەرکەوتنم لەم پڕۆگرامە و بەدەستھێنانی پلەی یەکەم، من بوومە قوتابی کۆلێژی ھونەرە جوانەکان لە بەشی موزیک وەرگیرام، بۆیە زیاتر بە خوێندنی کۆلێژ سەرقاڵ بووم تا دوای چوار ساڵ خوێندنم تەواو کرد. دوای ئەوە من توشی نەخۆشیەکی دەگمەن بووم بۆیە بۆ ماوەی چەندین ساڵ دابڕام.
٭ گۆرانی “تۆ” کە دەنگدانەوەیەکی باشی هەبوو لە کلیپەکەتدا ڕوخساری خۆت بەتەواوی دەرناخەیت و ئیمۆجییەکت لەسەرە، ستۆری ئەم بابەتە چییە و پێمان خۆشە ڕونی بکەیتەوە؟
ـ دوای ئەو چەند ساڵە بە ھۆی نەخۆشکەوتنم کە نەمدەتوانی گۆرانی بڵێم گۆڕانکارییەکی زۆر ڕویدا لە قورگ و ڕەنگ و ڕوخسارم، بەڵام لە خۆشەویستیم بۆ ھونەر نەمتوانی لەوە زیاتر بووەستم، ئەوەندە تامەزرۆی کاری تازە بووم لەبەر چەندین ھۆکار ھەر تایبەت بە نەخۆشیەکەم بۆیە بڕیارمدا بە جۆرێک دەستپێبکەمەوە بە پۆشینی ئەو ئیمۆجییە تا ئەوکاتەی کە ھەست دەکەم ھیچ کێشەیەکم نامینێت و باش دەبم، بۆیە ھەموو شتێکی خۆم ونکردوو ئەو ڕووەم پۆشی، بەڵام ھەر لەژێر ناوی خۆم واتە ھەموو شتێک گۆڕا، بەڵام ناوی خۆم نەگۆری، چونکە زۆر خەڵک ئەوەی پێ وتم کە تۆ بۆ ناوبانگ کردت! بەڵام ئەگەر بۆ ئەوە بمکردایە ناوی خۆشم دەگۆڕی، دڵنیام ئەوکات خەڵک زۆر تامەزرۆتر دەبوو. بەڵام من پێش ھەموو شتێک خاوەن خانەوادەم ھەرگیز بۆ ناوبانگێک یاری بە کەسایەتی و ھونەرەکەم ناکەم. بۆ یەکەمجارە بە پوختی باسی ئەم بابەتەش بکەم بۆیەش بەدرێژی باسم کرد، چونکە لەماوەی ئەم چەند ساڵە زۆرترین پرسیاری لەسەر بووە ھیوادارم ئێستا لە ڕاستی ئەو ئیمۆجیە بگەن کە بۆ چی بەکارمھێنا و پشتیوان بە خوای گەورە تێپەری ئەو کاتە ناخۆشانە.
٭ لە کۆتا گۆرانیتدا گەشتێک بەنێو زۆربەی شارەکاندا دەکەیت، بیرۆکەی ئەم گۆرانییەت چۆن بۆ هات و بە باشترین کاری خۆتی دەزانی؟
ـ لە کۆتا کارم بەناوی “گوند و شار” کە بۆ نەورۆز بڵاو بووەوە زۆر دەمێک بوو ئەم کارەم درووستکردبوو کە ھەم تێکست ھەم ئاوازی کارەکە ھی خۆم بوو، زیاتر ویستم لە سەر زاراوەکان کار بکەم کە لە بادینانەوە ھەتا گەرمیان گوێ لە گۆرانیەکی کوردی بگرن واتە زاراوەی ھەولێر و دەوروبەری، بادینان و دەوروبەری، سلێمانی و دەوروبەری، گەرمیان و دەوروبەری، ھەرکەسەو زاراوەی شیرینی خۆی لە گۆرانییەکە ببیستێت و، ئاشنایەتییەکی زیاتر درووست بێت لە نێوان زاراوەی ناوچەکان لە گۆرانی گوتندا. گەرمیانیەک گوێ لە گۆرانی بادینی بگرێت بە پێچەوانەوەش شارەکانی تریش بە ھەمان شێوە. بەڕای من ئەم جۆرە کارە پێویستبوو بکرێت ڕەنگە پێشتر گۆرانی گوترابێت لەسەر ناوچەکان، بەڵام بەمجۆرەو بەم بیرۆکەیەی من کارم تێدا کرد بە خۆشحاڵییەوە کەس پێشتر کاری لەسەر ئەم بیرۆکەیەی من نە کردبوو نە لەکۆن نە لەتازە، ھەر بۆیەش سوپاس بۆ خوا گوێگرێکی زۆر باشی ھەبوو لە ھەموو ناوچەکان بێگومان یەکێک دەبێت لەباشترین کارەکانم کە شانازی پێوە بکەم.
٭بیرت لەوە نەکردووەتەوە دوێت بکەیت؟ دەتوانم بزانم پێتخۆشە دوێت لەگەڵ چ گۆرانیبێژێک بکەیت؟
ـ لەڕاستیدا ـە نیازی ئەوەم بەرھەمێکی ھاوبەشم ھەبێت، ئینشاڵڵا کاری لەسەر دەکەم، وەکو حەزیش کە لەگەڵ کام ھونەرمەند دوێتم هەبێت بێگومان کەسێکی دیاریکراو نییە، بەڵام ئەگەر دەرفەت ھەبوو لەگەڵ کەسێک دوێت دەکەم کە ستایلی گۆرانی گوتنمان لەیەک نزیک بێت.
٭ هونەری ڕاستەقینە لەلای تۆ چ مانایەکی هەیە و پێتوایە هونەرمەند بۆ هونەری ڕاستەقینە دەبێ چیبکات؟
ـ ھونەری ڕاستەقینە کاتێک ھونەرە کە تۆ پەیامێکت پێیە بە ھونەرەکەت بەجوانترین شێوە دەیگەیەنی. ھونەرمەند بۆ ھونەری ڕاستەقینە دەبێت زۆر ڕاستگۆ بێت لەگەڵ خۆی و ھەست و ھونەر و گوێگرەکانی.
٭ بەرهەمی نوێت لەبەردەستە؟
ـ بیرۆکەی کارێکم لەبەردەستە بەڵێ، ڕەنگە لەئایندەیەکی نزیک بە کۆتابێت و کارێکی زۆر جوانترتان پێشکەش دەکەم.

ھەواڵی زیاتر