شیشار ئەسوەد: چەندین فێرخوازم هەیە و فێری ژەنینی عودیان دەکەم

“شیشار ئەسوەد” یەکێك لە دەنگە ناوازەکانی ئێستای گۆرانیی کوردی؛ هاوکات وەک مامۆستایەک لە بواری ئامێری عود دا و، فێرکردنی چەندان فێرخواز جێپەنجەی دیارە، لەم دیدارەی “هەولێر”ـدا باس لە چۆنیەتی خۆپێگەیاندنی خۆی لە بواری گۆرانی و گەشەپێکردنی ژەنینی ئامێرەکەی دەکات.

٭ سەرەتا باسێک لە سەرەتای ژیانی هونەریت بکە و پێمان بڵێ دەستپێکت چۆن بووە؟
ـ من “شیشار ئەسوەد” لەدایکبووی شاری کەرکووکم و لە بنەڕەتدا خەڵکی “کۆیە”م، هەروەها لە منداڵییەوە لە هەولێر ژیان دەکەم، تا قۆناغی ناوەندیم خوێندووە، بەداخەوە لەبەر چەند هۆکارێک نەمتوانی بەردەوامی بە خوێندنەکەم بدەم. لەناو خێزانێکی هونەری و ڕۆشنبیر چاوم بە دونیا هەڵهێنا کە هەریەکەیان لە بوارێکدا شوێن پەنجەیان دیارە، بێگومان منیش لەو پشکە بێبەش نەبووم کە ئەویش هـــونەرەکەمە. پێموایە تەمەنم دە دوانزە ساڵانێک دەبوو کە باوکم ئامێری سازی فێرکردم، هەروەها لە ڕووی دەنگەوە ئاشنای تەواوی مەقامە سەرەکەییەکانی کردم کە ئەمە پاڵنەرێک بوو تا خۆم لەقەرەی لقی مەقامە سەرەکییەکانیش بدەم، کە تائێستایش لە دیراسە کردنیانم. لەمنداڵیمەوە تاکو ئێستا بەشداریم لە کۆمەڵێک بەرنامەی تیڤییەکان و فێستیڤاڵە گەورەکاندا کردووە، خاوەنی دوو بەرهەمی گۆرانیم.
٭ تۆ لە خانەوادەیەکی هونەریت، هۆکار چییە تۆیش بایەخی زیاترت بە میوزیک و گۆرانیدا و دەستت لە هونەرێکی تردا نەبوو؟
ـ وەک ئاماژەم پێدا کاتێک منداڵبووم باوکم بە ئامێری ساز و لەڕووی دەنگبێژیشەوە بەمەقامەکانی ئاشنا کردم. دەبوو ئەو ڕێچکەیە بگرمە بەر کە خۆشم ئاواتم بووە و خواستم لەسەر بووە.
٭ لەم دواییانەدا گۆرانییەکت بەرهەم هێنا و دەنگدانەوەیەکی باشی هەبوو، بیرۆکەی ئەم بەرهەمەت چۆن بوو و بە نیازی لەسەر ئەو ستایلە بەردەوام بیت؟
ـ لەم دوواییانە گۆرانییەکمان بەرهەمهێنا بەناوی “ترپەی دڵ” کە لە ئاواز و تێکستی هونەرمەند و هاوڕێم “عەتا ئەحمەد”ـە، کاری دابەشکردنی میوزیک هونەرمەند “ئەفشین شوکری” بۆی کردووە، چیرۆکی ئەم بەرهەمە گوزارشت لە دەربڕینی هەستی کەسێک بۆ کەسی بەرامبەر دەکات. هەروەها مەرج نییە تەنها لەسەر ئەم ستایلە کار بکەم. هەرچەندە دوا کەوتوو‌م لەوەی کە بەرهەمی نوێ بەرهەم بێنم بێگومان تاکە هۆکارم لایەن و کێشەی ماددییە گەر نا بیرۆکە و بەرهەمی باشمان لەبەردەستە.
٭ ماوەیەکی زۆر نییە فێری ئامێری عود بویتە، بەڵام ئەوەی لەسەرت دەوترێ کە بە شێوەیەکی زۆر باش فێربویتە، تەنانەت بویتەتە مامۆستای عود، چۆن توانیت لەم ماوە کورتەدا بەمشێوە باشە بگەیتە ئامانجەکەت و کێ پاڵپشتت بووە؟
ـ بۆ ئەوەی بتوانم پەرە بە هونەرەکەم و بەتایبەت دەوڵەمەند بوونی دەنگم بدەم بڕیارمدا خۆم بە ئامێری “عـــــود” ئاشنا بکەم. ساڵی 2019 بوو لە “بنکەی عود” لەلای هاوڕێی ئازیزم دکتۆر “جەنگی جەلال” توانیم وانەکانی عود بە باشی بخوێنم، بەهۆی ئەو پێشینەیەی کە هەمبوو بە ماوەیەکی کورت ئەو ئامانجەم پێکا کە خۆم و مامۆستاکەم مەبەستمان بوو، خۆشبەختانە ساڵی پار بوو بڕوانامەی بنکەی عودم بە دەستهێنا، سوپاس بۆ خودا کە ئێستا وەک مامۆستایەک خولی فێرکاری تایبەت بە ئامێری عودم هەیە و چەند قوتابییەکیشم هەیە کە خۆشحاڵم بەوەی توانایان باشە، خودا یار بێت لە بەرنامەمدایە پەرەی زیاتر بە خولەکە بدەم.
٭ جیا تۆمارکردنی گۆرانی نوێ ئایا بیرت لەوە نەکردووەتەوە بە ئامێری “عود” پارچە میوزیکێک ئامادە بکەیت بۆ بڵاوکردنەوە؟
ـ بێگومان یەکێکە لە ئاواتەکانم کە نەک پارچە میوزیکێک بەڵکوو چەندین پارچە میوزیک بەرهەم بێنم، هەوڵ دەدەم ئەوە بسەلمێنم کە ئەو ئامێرە ڕۆژهەڵاتییە تاچەند دەتوانێ یاری لەگەڵ ڕەسەنایەتی کوردی و کارە نوێیەکان بکات.

ھەواڵی زیاتر