ئەو ئافرەتە گۆرانیبێژە بەناوبانگە كوردەی بەدەستی هاوسەرەكەی كوژرا

بەرگەن، ئەو ئافرەتە گۆرانیبێژەیە، كە بە پاشای ئارابێسكی توركیا ناوی دەهێنرێت و توركیا یادگاری زۆری لەگەڵ گۆرانییەكانیدا هەیە، بەڵام كوشتنی ئەو ئافرەتە بە دەستی هاوسەرەكەی، بەرگەنی زیاتر لە توركیا ناساند و بەردەوام باسوخواسی میدیاكانی توركیا بووە. ژیانی بەرگەن كرایە فیلم و رێكۆردێكی گەورەی تۆمار كرد لەڕووی ژمارەی بینین لە سینەماكاندا.

هێشتا یەكلایی نەبووەتەوە، كە بەرگەن بە ڕەگەز توركە یان كوردە، بەڵام هەموو كۆكن لەسەر ئەوەی، گۆرانیبێژێكی ئافرەتی وەكو بەرگەن، كە لەسەر ستایلی ئارابێسك گۆرانی دەچڕی، لە توركیا دووبارە نابێتەوە.
بەرگەن، كاتێك دەبێت بە گۆرانیبێژە و ناوبانگ دەردەكات، خالیس سەربەست، ئەوكات پارەدار بووە لێی نزیك دەبێتەوە و وا دەكات بەرگەن ئاشقی خۆی دەكات، بەڵام لەوكاتەوەی خالیس دەناسێت، ئیدی ژیانی بەرگەن دەبێت بە زووخ و دوومان.
خالیس، ئەوەندە دڵی لە بەرگەن پیس دەبێت، رۆژێكیان تیزاب بە دەموچاویدا دەكات و بەرگەن چاوێكی لەدەست دەدات، ئەمە دەبێتە هەواڵی زۆرێك لە میدیاكانی توركیا.
بەڵام بەرگەن بە یەك چاو واز لە گۆرانی ناهێنێت و دەڵێت خەونی منداڵیمە و دەبێت تا مردن بەردەوام بم لەسەری.
ئەوەی چاوەڕواننەكراو بوو، سەربەست دەتوانێت بڕوا بە بەرگەن بهێنێت كە لە داوا یاساییەكەی خۆش بێت و بگەڕێتەوە باوەشی و بەرگەنیش قبوڵی دەكات.
بەڵام دوای ماوەیەكی كەم، سەربەست بە چەند گوللەیەك كۆتایی بە ژیانی بەرگەن دەهێنێت و دەیكوژێت، لەوكاتەوە ناوی بەرگەن و گۆرانییەكانی لە توركیا لەسەر زاری خەڵكە.
لە سەرەتا ئەم مانگەدا، واتە لە هەفتەی یەكەمی مانگی سێی 2022، فیلمێكی سینەمایی لەسەر ژیانی بەرگەن لە سینەماكانی توركیا نماییش كرا و رێكۆردێكی گەورەی لەڕووی ژمارەی بینینەوە تۆمار كرد، دیسان داوا كرا، خالیش سەربەست سەرزەنشت بكرێت.
هاووڵاتیانی توركیا ئەوەندە تامەزرۆی دەنگی بەرگەنن، بە لێشاو چوونە سینەماكان و سەیری فیلمەكەیان كرد.
تاوەكو ئێستا، سێ ملیۆن و ٣٧٣هەزار و ٩٧٤ كەس لە سینەماكانی توركیا فیلمەكەیان بینیوە و چاوەڕوان دەكرێت ١٠ملیۆن بینەری هەبێت.
فیلمی بەرگەن، لە هەفتەی یەكەمی نماییشیدا لە سینەماكاندا، توانی لەڕووی بینینەوە فیلمی موسلیم گوورسەس تێپەرێنێت، كە ئەویش گۆرانیبێژێكی گەوەرەی توركیا بوو و دوای مردنی ژیانی كرایە فیلم و لە هەفتەی یەكەمی نماییشیدا لە سینەماكاندا ٦٠٠هەزار و ١٤١ كەس سەیری كرد، بەڵام فیلمی بەرگەن، لە یەكەم هەفتەی بینینیدا، ٧١٨هەزار و ٤٣ بینەری هەبوو لە سینەماكاندا، ئەمەش خۆی لە خۆیدا سەركەوتنی فیلمەكە نیشان دەدات.
لەڕووی داهاتەوە، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیاكانی توركیا بڵاو كراوەتەوە، تاوەكو ئێستا ٩٧ملیۆن و ٨٠٢هەزار و ٣٣ لیرە بووە.
فیلمەكە لە شاری مێرسینی توركیا كێشەی بۆ دروست بوو، ئەویش دوای ئەوەی خالیس سەربەست، بكوژی بەرگەن، هەڕەشەی لە شارەوانی مێرسین كرد و گوتی ئەگەر فیلمەكە پەخش بكرێت، قبووڵی ناكەم و پەلامارتان دەدەم، بۆیە فیلمەكە لەو شارە پەخش نەكرا.
بەرگەن، تەنیا ٣٠ ساڵ ژیا، تاكە داوای لە خالیسی هاوسەری ئەوە بوو، رێی لێ نەگرێت بۆ گۆرانیگوتن، بەڵام خالیس لەبەر دڵپیسی رێگەی لێ دەگرت.
بەرگەن، لە ١٥/٧/١٩٥٩ لە مێرسین لەدایك بووە، لە ساڵی ١٩٨٩ بەدەستی هاوسەرەكەی كۆتایی بە ژیانی هێنرا؛ خالیس سەربەست، بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ زیندانی كرا و ئێستا ئازاد كراوە و لە مێرسیندا دەژیێت و دەڵێت پەشیمان نیم كە بەرگەنم كوشت.

ھەواڵی زیاتر