ژیانی شێفێكی بەناوبانگی كورد و جیهانی دەبێتە بەڵگەفیلم

شێف نوسرەت گۆكچە، ناوبانگێكی زۆری لە تەواوی جیهاندا هەیە و ئەو خواردنانەی دروستیان دەكات، بووەتە باس و خواسی هاووڵاتیان، بۆیە زۆربەی سیاسییە گەورە و كەسایەتییە هونەری و وەرزشییەكانی جیهان سەردانیان كردووە. ژیانی نوسرەت دەبێتە بەڵگەفیلم.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیاكانی توركیا بڵاوكراوەتەوە، هەموو رێكارەكانی دەستپێكردنی بەڵگەفیلمێك لەسەر نووسرەت بەكۆتا هاتووە، تەنیا ماوە وێنەی بگیرێت.
دەرهێنەری ئەو بەڵگەفیلمە، دەرهێنەری ئەمریكاییە و لە فیلمەكەشدا چەند ئەكتەرێكی بەناوبانگی ئەمریكا رۆڵی تێدا دەبینن.
نوسرەت، بەهۆی ئەو چێشتخانانەی لە بەشێكی لەوڵاتاندا كردوویەتییەوە، ئێستا سەركایەدارێكی بەناوبانگە، بەیەكێك لە شێفە هەرە بەناوبانگەكانی جیهان ناو دەبرێت.
ئەو بە جموجۆڵە سەیر و سەمەرەكانی لە كاتی لێنانی خواردندا سەرنجی خەڵكی بۆ لای خۆی راكێشاوە، ئەوەش بووەتە هۆكاری ئەوەی ببێتە كەسایەتییەكی جیهانی.
میدیاكانی توركیا باس لەوە دەكەن، تەنیا ئەكتەری كۆمیدی كۆچكردووی توركیا كەمال سونال و گۆرانیبێژ مانچۆ، دەیانتوانی وەكوو نوسەرت بن.
شێف نوسرەت، لە ساڵی 1983 لە ئەرزرووم لە دایك بووە و بەڕەگەز كوردە و میدیا جیهانییەكانیش وەكوو شێفێكی كورد دەیناسێنن.
سەرەتا لە ساڵی 2010 دا، وەكو كرێكارێك لە یەكێك لە چێشتخانەكانی ئیستانبۆڵ كاری كردووە، پاشان لە ئیستانبۆڵ چێشتخانەیەكی بچووكی داناوە، لە 2012ش لە دوبەی چێشتخانەیەكی تایبەت بە خۆی داناوە.
نوسرەت، لە 2017، ئەستێرەی بەختی بەڕووی جیهاندا كرایەوە، ئەویش دوای ئەوەی چەند گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوە كە بەشێوەیەكی سەیر خواردن دروست دەكات و خوێی پێدا دەكات، ئەمە سەرنجی جیهانی بەلای خۆیدا راكێشا و بووە یەكێك لە شێفە هەرە بەناوبانگەكانی جیهان و دەیان كەسایەتی سیاسی و وەرزشی هونەری سەردانیان كردووە.