شانۆی (دواڕۆژەكانی بابلۆ) زیاتر لە ١٥هەزار بینەری تێپەڕاند

شانۆی (دواڕۆژەكانی بابلۆ) بەپێچەوانەی پێشبینیی ستاف و بینەران، ماوەی نزیكەی مانگێك لە نمایشكردن بەردەوام بوو و توانیویەتی زیاتر لە ١٥هەزار بینەر كۆ بكاتەوە.

شانۆی (دواڕۆژەكانی بابلۆ) چیرۆكێكی فەرەنسیە و دەقئاوێزانی (كلۆد مانێ و شوان كەریم) و دەرهێنانی هونەرمەند شوان كەریمە، ئەم شانۆیە زیاتر كۆمیدی بوو و هێڵێكی ترایژیدیشی لەخۆ گرتبوو.
شانۆیەكە باسی لە پیاوێكی دەوڵەمەند دەكرد كە لە كاری هونەرییەوە پەڕیوەتەوە بۆ كاری بازرگانی و دەوڵەمەند بووە و دواتر هەوڵ دەدات ببێتە پەرلەمانتار، بەڵام بەهۆی خۆشەویستی زۆری بۆ پارە، سەرەنجام خێزانەكەشی لە دەست دەدات و باری دەروونی تێك دەچێت و رەوانەی نەخۆشخانە دەكرێت.
شانۆییەكە لە رۆژی 25ی مانگی رابردووەوە لە هۆڵی رۆشنبیری سلێمانی دەستی بە نمایشكردن كرد، بەڵام بەپێچەوانەی پێشبینی ستافەكەی و هاوڵاتیانیش تا مانگێك توانیی بینەر لە دەوری خۆی كۆ بكاتەوە و بەپێی ئامارێكی ئەو شانۆیەش كە دراوە بە (هەولێر) زیاتر لە ١٦هەزار بینەریش شانۆیەكەیان بیینن.
لاوك ئەبوبەكر، یاریدەدەری دەرهێنەر بە (هەولێر)ـی راگەیاند، ئەمجارە ویستیان كارەكەیان بە تەواوی كۆمیدی بێت لەگەڵ بوونی هێڵێكی تراژیدی تێیدا، واتە شانۆییەكە تراژ كۆمیدییە، لە رابردووشدا زۆر دەقی دیكەی لەم جۆرە لە درامای كوردیدا هەبوون، بەڵام ئەمجارە دەرهێنەر دەق ئاوێزانی لەگەڵ كردووە و ئەم بەرهەمەی لێ دەرچووە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد “لای ئێمە بە جۆرێك لە جۆرەكان بە بەرهەمی كۆمیدیی دەوترێت گاڵتەجاڕی، بەڵام لەڕاستیدا وا نییە، بەڵكو ئێمە ویستومانە هەردوو ژانری كۆمیدی و تراژیدی لەخۆبگرێت”.
لاوك روونی كردەوە، سەركەوتنی شانۆیەكە و بەردەوامبوونی پەیوەندی بە دۆخی هەڵقوڵاوی ئێستای كوردستانەوە هەبوو، هەروەها ئەو راستییەشی سەلماند كە ئەگەر كاری جوان بكرێت، هێشتا بینەری شانۆ ماون.
شانۆییەكە لەماوەی نمایشكردنیدا بووە جێی سەرنجی زۆربەی هونەرمەندان و تەنانەت هاوڵاتیانی ئاسایی، بۆیە ئەو هونەرمەند و كەسایەتییانەی شانۆییەكەیان دەبینی دواتر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی خۆیان داوایان لە خەڵك دەكرد شانۆییەكە ببینن.
لەو رووەوە دەرهێنەر بەختیار فەتاح رایگەیاندبوو “ماوەیەكی زۆرە من شانۆییەكی ئاوا پڕچێژم نەبینیبوو، دەستخۆشی زۆر لە ستافەكەی دەكەم و مانایان بۆ هونەر گەڕاندەوە”، دەگری و پیدەكەنی، خەلك پشتگیری ئەو كارانە بكەن.
هەروەها هونەرمەندی موزیسیان پشكۆ مستەفا رایگەیاندووە، خۆی بۆ دووەم جار شانۆیەكەی بینیوە و خەڵكیش هەبووە سێ جار هاتبوون بۆ سەیری شانۆیەكە ئەوەش نیشانەی سەركەوتنێكی گەورەیە بۆ ئەم شانۆیە، چونكە هەموو رۆژ سەیری شانۆیەكەت بكردایە چێژی زیاترت لێ وەردەگرت.
دواڕۆژەكانی بابلۆ، ویستی لە نمایشكردن بەردەوام بێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی رۆژی ٢٧ی ئەم مانگە رۆژی جیهانی شانۆیە و لەلایەن بەشی شانۆی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری سلێمانیش بەرهەمێكی تایبەت بەو رۆژە نمایش دەكرێت، بۆیە ئەم شانۆیە لە بەردەوامبوون وەستا، ئەوەش گرفتی لەنێوان ستافی شانۆییەكە و بەرپرسانی رۆشنبیری سلێمانی دروست كرد.
لاوك ئەبوبەكر، یاریدەدەری دەرهێنەر بە (هەولێر)ی راگەیاند، بەداخەوە لەلایەن بەرپرسانی رۆشنبیری و تەنها لەبەرئەوەی نمایشێكی چەند چركەیی لە رۆژی ٢٧ی ئەم مانگە كە رۆژی جیهانی شانۆیە، بڕیار دراوە شانۆیەكە رابگیرێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوە كرد، گرێبەستی ئەوان بۆ نمایشەكەیان لەو هۆڵە لە رێکەوتی ١ی شوبات تا ٢٥ی شوبات بوو، بەڵام بەهۆی زۆریی هاتنی خەڵك بۆ نمایشەكەیان بەشێوەی زارەكی و لێكتێگەیشتن ماوەی شانۆییەكەیان درێژ كردۆتەوە و تەنانەت سێ بۆنەش هەبوون لەم مانگەدا، بەڵام توانیویانە بەشێوەی تێگەیشتن چارەسەری بكەن، بەڵام ئەمجارە دەرهێنەری شانۆیەكەی دیكە سوور بووە لەسەر هۆڵی رۆشنبیری، بۆیە ئەوانیش نمایشەكەیان كۆتایی پێ هێنا.
لەبەرامبەریشدا بەڕێوبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاندووە، ئەو شانۆییە كارێكی هاوبەشی (سۆ ماركێتینگ) و بەشی هونەری شانۆی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتییانە، ئەوانیش خۆیان بە خاوەنی دەزانن، بۆیە ئەو شانۆیە بە هیچ شێوەیەك نە لەلایەن ئەوان و نە لە لایەن وەزارەتی ڕۆشنبیریی و لاوانەوە ڕانەگیراوە.
هەر بەپێێ‌ روونكردنەوەكە، بڕیار بوو ئەو شانۆییە تا 10/3/2022 نمایش بكرێت و ڕێككەوتنەكەشیان لەگەڵ ئێمەدا بەو جۆرە بوو، بەڵام چەند جارێك ماوەكە درێژ كرایەوە و دواجار ئەوان لەگەڵ دەرهێنەری شانۆیی (مردن لە چوار وەرز)دا ڕێك نەكەوتبوون و ئەو دەرهێنەرەش سوور بووە لەسەر ئەوەی لە مافی خۆی سازش نەكات. لەو ڕووەشەوە یاسا و ڕێنمایی پشتگیری ئەویان كردووە‌، چونكە پێشوەختە هۆڵەكەی گرتووە.