عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
ئەو شانۆیەی زۆربەی كاتەكان تەماشاکەر دەخاتە قاقای پێكەنین، لە ناكاویشدا دەیانباتەوە دنیایەكی ترایژی، لە كۆتاییشدا پێیان دەڵێت، لە ژیاندا پارە هەموو شتێك نییە، بەڵكو خۆشەویستی و تەندروستییەكی باش گرنگترە.
شانۆی (دواڕۆژەكانی بابلۆ) چیرۆكێكی فەرەنسیە و دەقئاوێزانی (كلۆد مانێ و شوان كەریم) و دەرهێنانی هونەرمەند شوان كەریمە، ئەم شانۆییە زیاتر كۆمیدییە و هێڵێكی ترایژیدیشی لەخۆ گرتووە.
شانۆیەكە باس لە پیاوێكی دەوڵەمەند دەكات كە لە كاری هونەرییەوە پەڕیوەتەوە بۆ كاری بازرگانی و دەوڵەمەند بووە و دواتر هەوڵ دەدات ببێتە پەرلەمانتار، بەڵام بەهۆی خۆشەویستی زۆری بۆ پارە، سەرەنجام خێزانەكەشی لە دەست دەدات و باری دەروونی تێك دەچێت و رەوانەی نەخۆشخانە دەكرێت.
ئەم شانۆیە لە رۆژی 25ی ئەم مانگەوە لە هۆڵی رۆشنبیری سلێمانی دەستی بە نمایشكردن كردووە و بڕیارە تا ماوەیەكی دیكەش هەر لە سلێمانی نمایش بكرێت، دواتر لە شارەكانی دیكە و دەرەوەی وڵاتیش نمایش بكرێتەوە.
لاوك ئەبوبەكر، یاریدەدەری دەرهێنەر بە (هەولێر)ی راگەیاند، ئەمجارە ویستیانە كارەكەیان بە تەواوی كۆمیدی بێت لەگەڵ بوونی هێڵێكی تراژیدی تێیدا، واتە شانۆیەكە تراژ كۆمیدییە، لە رابردووشدا زۆر دەقی دیكەی لەم جۆرە لە درامای كوردیدا هەبوون، بەڵام ئەمجارە دەرهێنەر دەق ئاوێزانی لەگەڵ كردووە و ئەم بەرهەمەی لێ دەرچووە.
ناوبراو ئاماژەی بەوە كرد لای ئێمە بە جۆرێك لە جۆرەكان بە بەرهەمی كۆمیدیی دەوترێت گاڵتەجاڕی، بەڵام لەڕاستیدا وا نییە، بەڵكو ئێمە ویستومانە هەردوو ژانری كۆمیدی و تراژیدی لەخۆ بگرێت.
لاوك روونی كردەوە، بابەتەكانی شانۆییەكە پەیوەندی بە مرۆڤی ئەم سەردەمەوە هەیە و هەڵقوڵاوی ئەم خەڵكەن كە هاتبوون بۆ بینینی، بۆیە هاتنی ئەو خەڵكەش زۆر دڵخۆشی كردن و هانیدان بۆ كاری زیاتر.
هەروەها روبار خالید، وەك ئەكتەرێكی سەرەكی شانۆیەکە بە (هەولێر)ی راگەیاند، راستە بەشێكی سەرەكی شانۆییەكە كۆمیدی بووە، كۆمیدیبوونی كارەكەش قورس نەبوو، چونكە ئەوان سێ مانگە لە پرۆڤەدان، بۆیە قورسی كارەكە كەم دەبێتەوە، هەروەها توانای شوان كەریمی دەرهێنەریش هۆكارێكی دیكەی سەركەوتنی كارەكە بوو.
لەم شانۆیەدا چەند ئەكتەرێكی گەنجیش رۆڵیان گێڕا؛ ئاری وشیار، دەرچووی بەشی شانۆی پەیمانگەی هونەرەجوانەكە و یەكەم ئەزموونی بوو لەم شانۆیەدا، ئاماژەی بەوە كرد، كاردانەوەی خەڵكیان بە لاوە گرنگە و هیوادارن توانیبێتیان پەیامەكەیان بە باشی گەیاندبێت، چونكە ئەو بەرهەمەی پێشكەشیان كرد بەرهەمێكی واقیعی بوو بە ژیانی مرۆڤی ئەمڕۆ.
شانۆیەكە لە یەكەم رۆژی نمایشیدا خەڵكێكی زۆری لە خۆی كۆكردەوە و هۆڵەكە پڕ بووەوە، ناوەڕۆكی شانۆییەكە وایكردبوو بەشێكی زۆری تەماشاکەران بدەنە قاقای پێكەنین، بەڵام هاوكات لە چەند چركەیەكیشدا دەچوونەوە دنیایەكی دیكەی تراژیدی.
هێڤی محەمەد، تەماشاکەرێکی شانۆیەكە باسی لەوەكرد كە سەرەتا وا هەستی كردووە شانۆییەكە بەرهەمێكی تەواو جددییەبەڵام دوای بینینی توانیویەتی چێژێكی زۆری لێوەربگرێت و رەنگە دیسان بیەوێت شانۆیەكە ببینێتەوە.
هێڤی وتی شانۆیەكە باس لە خۆشەویستی پارە دەكات لای هەندێك لە مرۆڤەكان كە ئامادەن تەنانەت خێزان و خۆیشیانی لەسەر دابنێن، بەڵام لە كۆتاییدا دەردەكەوێت كە پارە خۆشبەختییەکی تەواو بۆ مرۆڤ دەستەبەر ناكات، بەڵكو ژیانێكی پڕ خۆشەویستی و تەندروستی باش بۆ مرۆڤ گرنگە.