هه‌ژار محه‌مه‌دئه‌مین سونبولی موزیكه‌ له‌ قه‌ڵادزێ

هونه‌رمه‌ند هه‌ژار محه‌مه‌دئه‌مین یه‌كێکە له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی له‌ سه‌ره‌تای‌ هه‌شتایه‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو خزمه‌ت به‌ بزاڤی هونه‌ری و موزیك ده‌كات له‌ شاری قه‌ڵادزێ و سنوری ڕاپه‌ڕین به‌گشتی.

مامۆستا هه‌ژار چه‌ندین نه‌وی پیگه‌یاندووه‌، خاوه‌نی چه‌ندین به‌رهه‌م و دانراوی موزیكیه‌ و، كاری له‌سه‌ر زیندووكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می ڕه‌سه‌ن كردووه‌. و، له‌چه‌ندین به‌ دواداچوون و تۆژینه‌وه‌دا زۆر پرسی گۆرانی و موزیكی گه‌یاندۆته‌ وه‌ڵامێكی دروست.
ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر به‌ پیویستی زانی له‌ پای ئه‌و خزمه‌ته‌ گه‌وره‌ی مامۆستا هه‌ژار ڕاپۆرتێك له‌سه‌ر ژیانی هونه‌ری ئاماده‌ بكات:
ھەژار محەمەدئەمین تەھا له‌ ١٩٦٤ له‌ شاری قه‌ڵادزێ له‌دایك بووه‌
لە منداڵیەوە ھۆگری مۆزیک و گۆرانی بووە؛ لە خێزانێکی دیار و ڕۆشنبیر لەدایک بووه‌، لە سه‌رەتاكانی ژیانی گوێگرێکی باشی گۆرانی و مۆزیکی كوردی بووه‌.
له‌ شاری قه‌ڵادزێ خوێندنی ھەموو قۆناغەکانی ته‌واو كردووه.
سه‌باره‌ت به‌ سه‌رتاكانی چوونه‌ ناو جیهانی موزیكه‌وه‌ مامۆستا هه‌ژار گوتی:
یەکەم ئامێر كه‌ هه‌وڵم دا فێری ببم (ئیقاع) بوو. لەگەڵ هەموو گۆرانیەک کە گوێم لێ دەبوو ئیقاعم ده‌ژه‌نی. ئه‌وه‌ سه‌ره‌تایه‌ك بوو بۆ ده‌ستپێك.
تا شەھید سەرداری براگەورەم مامۆستا سالاری برام ئامێریان بۆ کڕیم كه‌ میلۆدیکایەک و تەپڵێک بوو. بە گوێگرتن و هه‌وڵدان فێری زۆر شت بووم.
تا ساڵی ١٩٨١ خۆم پەروەردە دەکرد و بەشداری تۆمارکردنی کاسێتێک بووم کە چەند مۆزیكژەنێکی ئەو سەردەمە لە ماڵی حه‌سه‌ن محه‌مه‌د کە خاوەنی تۆمارگای سەیران بوو لەقەڵادزێ. ئەوە سەرەتایەک بوو. بوو بە ھاندەرێکی باش بۆ من لە ڕێگای برا گەورەکەمەوە. به‌و شێوەیە بەردەوام بووم تا ساڵی ١٩٨٤.
كاتێك مەڵبەندی لاوان کرایەوە ھونەرمەندی کۆچکردوو (عبدالرحمن حاجی) کەمانچەژەن کە پێشتر لە کۆڕودانیشتنەکان یەکترمان ناسی و لە یەک گەڕەک بووین؛ داوامان لێ کرد کە لەگەڵ گۆرانیبێژ و ھاوڕێی خۆشەویستم کاک قادرسعید و کمال ئالانی تاوتوێی بیرۆکەی دروستکردنی تیپی مۆسیقای قەڵادزێمان کردبوو. ئەویش ڕەزامەندی دا و ھونەرمەندی کۆچکردووش (محه‌مه‌دئیبراھیم) ناسراو بە (محه‌مه‌دی ئیبریم) ھەستی بەوە کرد و ھاتە ناو بابەتەکە و بەدەسپێشخەری ئێمە خولێکی مۆزیک ڕاگەیەنرا و تیپێکی باش دروست بوو. یەکەم بەرھەممان تۆمارکردنی پێنج گۆرانی و پارچەمۆزیکێک بوو لە تیڤی کەرکوک بەرنامەی پەلکەزێڕینە بۆمنداڵانی قوتابخانەکان کە گۆرانیبێژەکان (زوھرە مه‌حمود و سۆسەن عبداللە) بون دوای ئەو چەندین کۆنسێرت و چالاکیمان کرد لە نەورۆز و ڕۆژی سوپا و جەژنی مامۆستایان تا ڕاگواستنی قەڵادزێ لە ١٩٨٩دا.
دوای ڕاپەڕین بە دەسپێشخەری من و لە ڕۆژی ٢٨/٧/١٩٩١ بە بانگه‌وازێک تیپی مۆسیقای قەڵادزێم دروست کردەوە زۆربەی ئەندامە کۆنەکان پەیوەندییان کردەوە.
مامۆستا هه‌ژار سه‌باره‌ت به‌ به‌رهه‌م و كاره‌ دانراوه‌كانی له‌و جۆره‌ بۆمان دوا:
چەند سرودو ئاوازم داناوەو مۆزیکم بۆ زۆرگۆرانیە کۆنەکان ئامادە کردووە. چەندین بەرنامەی تیڤیم پێشکەش کردووە و، لە چەندین ڤیستیڤاڵ بەشداریم کردووە و، لە شاری ڕانیە و قەڵادزێ ڕۆڵی باشم بینیوە لە بوارەکەدا کارەکانی من زیاتر لەسەر شانۆ بووە ئاوازی بڵاونەکراوە و تۆمارنەکراوم ھەیە.
سه‌باره‌ت به‌ تیپی موزیكی قه‌ڵادزی مامۆستا هه‌ژار بۆ ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر گوتی:
لە ساڵی ١٩٨٧وە بەرپرسیارەتیی تیپم کەوتۆتە ئەستۆ و چەندین خولی مۆزیکم کردۆتەوە چەندین مۆزسیانم پەروەردە کردووە و ئێستاش لە تازەترین نوێبوونەوەدا ھەڵبژارنی تیپمان کردووە لێپرسراوی تیپی مۆزیکم و خەریکی خۆئامادەکردنین بۆ تۆمارکردنی چەند بەرھەمێک لەگەڵ برادەرانی تیپی مۆسیقای قەڵادزێ و ژەنیارە تواناکانی کە چەند گەنج و دەرچووی پەیمانگا لەخۆ دەگرێ.
هونه‌رمه‌ند هه‌ژار محه‌مه‌دئه‌مین له‌سه‌ر هونه‌ری موزیكی منداڵان له‌ شاری قه‌ڵادزێ به‌و جۆره‌ بۆمان دوا:
یەکەمین تیپی مۆزیکی مناڵانم دروست کردوولە قەڵادزێ و، لە تیڤیه‌كان بەرھەمم بۆ تۆمار کردون.
مامۆستا تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌ و به‌ گوڕوتینه‌وه‌ گوتی:
بەردەوامم لە خزمەت بە ھونەری مۆزیک وگۆرانی بەڵام وەکو پێویست ھاوکاری ناکرێین و چەند مۆزسیانێکمان تەنانەت ئامێریان نیە.
سه‌باره‌ت به‌ پیشه‌وكاری خۆی مامۆستا گوتی:
مامۆستای ھونەرم لە قوتابخانەیه‌كی قه‌لادزێدا؛ ماوەی دە ساڵ بەرپرسی چالاکیی ھونەری بووم لە پەروەردەی قەڵادزێ.
بەردەوام خولی مۆزیکم ھەیە و بەرپرسی بەشی مۆزیک و ڕوشنبیری ماڵی کەلەپووریم و خولی مۆزیکم خۆبه‌خشانه‌ لەوێ كردۆته‌وه‌.

ھەواڵی زیاتر