مەرگی ناوادەی مارف گوڵ خەسارەتێكی گەورە بوو بۆ گەلەكەمان چونكە كەسایەتیەكی گەورەی ئەدەبی و یاساناس و پرۆفیسۆرێكی لەدەست دا.
دكتۆر مارف گوڵ خاوەنی كتێبی شیعری بە ناوی پێنج دیوان وكۆمەڵێك لێكوڵینەوەی جینۆساید و كێشەی یاسایی نێونەتەویی گەلی كورد و دامەزرێنەری گۆڤارەكانی نێرگز و قەندیل و یاسایی وكۆمەڵێك بابەتی تر بوو.
من لە ڕوانگەی هونەردۆستیی مارف گوڵەوە ئەدوێم كە زۆرجار لە. نزیكەوە ئاڵۆگۆڕی زۆر بابەتی هونەری ڕەسەن و كلاسیكی كوردیمان دەكرد بە تایبەت لە ڕووی هەڵبەست و تێكست و ئاوێتەبوونیان بە ئاواز و مەقام و فۆرمە كوردیەكان.
دكتۆر مارف گوڵ وەكو شاعیر و ئەدیبێك شارەزاییەکی باشی لە زاراوەكانی زمانی كوردیدا هەبوو بە تایبەتی شێوەزاری (ماچۆ – گۆران) چونكە لە ناوچەی گەرمیان گەلێك لە شاعیرانی كلاسیك بەو زاراوەیە شیعریان نووسیوە و هەندێكیان ئاوێتەی ئاوازی فۆرمە مەقامیەكانی ناوچەكە كراون؛ بۆیە ئەو شارەزاییە پێوسیتە بۆ هونەرمەند و ئەدیبانی ئەو بوارە بۆ زیاتر تێگەیشتن لەو هونەرە كوردیەی ناوچەیەكی زیندووی كوردستان، هەروەها شارەزاییەکی باشی لە ئەدەبی لیركی كوردی و شیعری كلاسیكی كوردی هەبوو كە لای هونەرمەندانی ڕەسەنی كوردی وەكو (عەلی مەردان و تاهیر تۆفیق و سەید عەلی ئەسغەر ) و هونەرمەندانی دێرینی ڕادیۆی كوردی وەكو (کوێستانی و گەرمیانی و حەمەئەمین تاڵەبانی و عەبدوڵا سەعید عەربەتی و مەلا كەریم) و گەلێكی تر لە هونەرمەندانی كۆن و نوێ كە شیعر و ئەدەبی كوردییان لە بەرهەمەكانیان ئاوێتە كردووە، هونەری دەنگبێژیی كوردییان پێ دەوڵەمەند كردووە.
گەلێك جار بیرووڕامان دەگۆڕیەوە لەسەر ئەم بابەتانە یەكێك لەو كارانەیش كە بۆ من جێی شانازی و خۆشحاڵی بوو لەیادی سیوپێنج ساڵەی كۆچی دوایی مامۆستا عەلی مەردان سەنتەری لوڕ كۆڕێكی بۆ بەندە و دكتۆر مارف ڕێك خست؛ بابەتەكەی بەندە لەسەر قۆناغەكانی ژیانی هونەری مامۆستا عەلی مەردان بوو، بەڕێزیشیان لەسەر ئەدەبیاتی هونەری گۆرانی و مەقامەكانی مەردان و زاڵبوونی زاراوەی گەرمیان لە شیعری گۆرانێكانی مەرداندا ڕەنگی داوەتەوە، گەلێك نموونەیشی لەسەر هێنایەوە. مارف گوڵ وەكو كەسەیاتیەكی گەورەی كورد كەزێدی خۆی و باوباپیری ناوچەی گەرمیان و شاری كەركوك بوو ئاشنایەتی لەگەڵ گەلێك لەهونەرمەندانی كوردستان هەبوو بەتایبەتی لەو شوێنەی منداڵی و لاویەتیی تیا بەسەر بردووە نزیك بوو لە مەقامبێژەكانی شارەكە كە هەندێكیان هاوسێی ماڵ و نزیكی بوون؛ بۆ نموونە كوێستانی و گەرمیانی و حەمەدرێژ و گەلێك لە هونەرمەندانی شاری كەركووكیش؛ زانیاری لەسەر بەرهەمەكانیان هەبوو چ لە ڕادیۆی كوردی و دەرەوەی دامودەزگاكانی دەوڵەتیش چیان تۆمار كردووە بەتایبەتی مامۆستا عەلی مەردان كە لە نزیكەوە چاوی پێ دەكەوت و شارەزاییەكی باشی لە بەرهەمەكانی هەبوو، چونكە د. مارف گوڵ دەرچووی زانكۆی بەغدا بوو؛ لە هەمانكاتدا بەرنامەی یەكێتیی نووسەرانی كوردی لە رادیۆ كوردییەکەی بەغداوە پێشكەش دەكرد؛ بۆیە خۆشەویستی و حەز و ئارەزووەی زۆری بۆ مامۆستا عەلی مەردان وای كرد جگە لە شیعری ناو مەقام و گۆرانێكانی گەلێك لەو شیعرانەی مەولەوی و مەلای جەباریی ساغ كردووەوە كە مەردان ئاوێتەی فۆرمەكانی (ئەڵاوەیسی و ئای ئای و قەتار و خاوكەر و خورشیدی) كردبوو؛ وێنەیەكی لەوانە بۆ من نارد تاكو لە كاتی بەنۆتەكردنی ئەو ئاوازانەدا سوودی لێ ببینین؛ چونكە مامۆستا عەلی مەردان پێش چاپكرانی دیوانەكەی مەولەوی ئەو شیعرانەی بەكارهێنابوو لەنێو مەقامەكانیدا؛ هەندێك لە بڕگاكانی دواتر دەكەوتە لاپەڕەی جیاوازی نێو دیوانەكەی مەولەوی؛ هەڵبەتە بۆ ئێمەمانان بە زەحمەت دیاری دەكران، بە تایبەت لە كاتی چڕینی هونەرمەندانی بواری مەقام بەگشتی.
لەلایەكی ترەوە بەشێك لە شیعرەكانی نێو دیوانەكەی مارف گوڵ لەلایەن هونەرمەندان (ئەنوەر قەرەداغی) بە گۆرانی باخی دڵ بۆ خاتوو (پەیمان عومەر) تۆمار كردووە بە (ئەو دەمەی چرای خۆشیمان) ناسراوە؛ مامۆستا سەڵاح ڕەئووف گۆرانیی (بەفر)ی بۆخاتوو ئەمەل كوردە و هونەرمەند عەدنان كەریم گۆرانیی (گوڵستانی ڕۆح) ئاوازی بۆ ئەم هەڵبەستە داناوە یەكێكە لە گۆرانیە شیرینەكانی و هونەرمەند خالید ڕەشید و تاهیر خەلیلی و چەند هونەرمەندێكی تر شیعری مارف گوڵیان كردووەتە گۆرانی.
ئاشنایەتیی من و دكتۆر مارف دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی مێردمنداڵیی من؛ ئەو كات ئەو لە زانكۆی بەغدا وەرگیرابوو؛ لە نیوەی ساڵانی حەفتاكان بە دواوە كە من سەرسام بووم بە كەسێتیە ڕۆشنبیر و هێمن و لەسەرخۆ و کوردپەروەر و نیشتمانپەروەرەكەی؛ لەو گەڕەكەی كە كۆمەڵیك هونەرمەندی لێ دەژیا هەموو ئەمانە كاریگەرییان لەسەر ژیانی ئەدەبی و هونەریمان هەبوو؛ بۆیە بە پێویستم زانی وەكو وەفایەك ئەو زانیاریانەی لای بەندە هەبوو لەسەر ئەم كەڵەئەدیب و ڕۆشبیرەی گەلەكەمان، بینووسمەوە؛ وەكو وەفایەیەك بۆ ڕۆحی پاكی دكتۆر مارف گوڵ. كە بەداخەوە مەرگ مەودای نەدا بەرهەم و زانیاریی زیاترمان پێشكەش بكات؛ دروود لە ڕۆحی پاكی.
*كەركووك
previous post