گـــۆرانیی شــــاد

سەرکەوت بورهان

گۆرانی و دیلانەی شاد یەکێکە لە جۆرە گرنگەکانی گۆرانی لەناو هەموو نەتەوەکاندا، گۆرانی و موزیک كه‌موکووڕیه‌كی گەورەی دەبوو ئەگەر ئەو شێوازەی نەبووایە، له‌ مرۆڤی سه‌ره‌تاییه‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا بۆ ده‌ربڕینی خۆشی و شادییه‌كان به‌ هه‌ڵبه‌زو دابه‌زو هه‌ڵپه‌ڕكی و شایی و، گۆرانی شاده‌وه‌ گوزارشت له‌و خۆشیانه‌ كراوه‌.

گۆرانی و موزیکی کوردیش بێ گۆرانی شاد كه‌موكووڕیه‌كی گەورەی دەبوو بۆ نموونە له‌ سه‌د ساڵی ڕابردوودا گۆرانیی كوردی ئەکەر برایمی قادری و ڕەسووی نادری و سەید مەحەمەد سەفایی و زۆرانی تری نەبووایە ئه‌وه‌ بۆشاییه‌كی گه‌وره‌ ده‌كه‌وته‌ ناو گۆرانیی كوردییه‌وه‌..
بوونی گۆرانیی شاد نە لەنگیە و نە شووره‌یی، به‌ڵكو توخمێکی گرنگی پێکهاتەی کەلتوور و ژێرخانی موزیکیمانه‌.
له‌ گۆرانیی شاددا ئەوەی شایانی پێداچونەوە و بەدواداچوونە ئه‌وه‌یه‌، بەشێک لە گۆرانی بێژەکان هۆنراوەکانیان شێواندووە، یان وشەی بێمانا ڕێز دەکەن کە هیچ مانای نیە و لە کەسایەتیی گۆرانیی شاد کەم دەکاتەوە؛ بۆ نموونە:
تڵپە تەماتەم تێ مەگرە
مەمخەرە ئاوی بامیە

بە ناو هۆنراوەی لەو جۆرەه، له‌ كه‌سایه‌تیی گۆرانیی شادیان كه‌م كردۆته‌وه‌ و هیچ واتا و مانایه‌ك ناگه‌یه‌نن؛لە کەسایەتی ئەو جۆرە گۆرانیەیان کەم کردۆتەوە. ئەگینا ئه‌گه‌ر گەلێک بێبەش بێت لە گۆرانیی شاد، ئەوا گەلێکی نەخۆشە و ئەبێ چارە بکرێت…
چۆن هۆنراوەی ئەو گۆرانیە شادەی ڕەسووی نادری و برایمی قادری کەبە دووێت دەیڵێن، دێتە ڕیزی تڵپە تەماتەی تورکی..
که‌ دەڵێن:
تۆزی غوربەت نیشت لە یارم
شێواوە ناسک و نازدارم
نامدوێنی یاری پێرارم
سەیزادە دۆعام لێ دەکا
ئای بریندارم، دەرمانم کە
یار ئەسیری تۆم، ئازادم کە

له‌ راستیدا گۆرانیی شاد پێویستیەکی ڕۆحی کۆمەڵگایە، ئەوەی لە کۆمەڵگای کوردی لە کەسایەتی گۆرانی شادی کەمکردۆتەوە هۆنراوە بێ سەروبەرەو بێ مانایەکانی چەرخی پۆست مۆدێرنەتەی ناو کوردەوارییە، یان تێنه‌گه‌یشتنه‌ له‌ ره‌سه‌نایه‌تی و مۆرك و چێژی كورده‌واری.
نه‌بوونی هیچ سانسۆر و لێپرسینه‌وه‌یه‌ك له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ گۆرانی و موزیكی كوردی له‌كه‌دار ده‌كه‌ن هۆكاریكه‌ بۆ ئه‌و راستیه‌ی كه‌ ئێستا دروست بووه‌ له‌ ناوه‌ندی هونه‌ری كوردیدا.
ئاستی ناهۆشیاریی ئه‌وانه‌ی گۆرانیی شاد ده‌ڵێن پاڵنه‌رێكی سه‌ره‌كی ئه‌و به‌ ناو گۆرانیانه‌یه‌ كه‌ ئێستا له‌ مه‌یدانه‌كه‌ چێژی كورده‌وارییان شێواندووه‌.

ھەواڵی زیاتر