ئه‌رسه‌لان ده‌روێش هونه‌رمه‌ندیك له‌ به‌فر سپیتر

هاوتا ئه‌سوه‌د

ئه‌رسه‌لان ده‌روێش ده‌نگێكی پر داهێنان و فانتازیه‌ له‌ هونه‌ری كوردیدا، ده‌نگێكه‌ به‌ هاڕمۆنیایه‌كی نوێ و كوردانه‌و، پر تاسه‌وه‌ سه‌دای دێت، له‌گه‌ڵ ده‌روێشدا چه‌ند پرسێكی هه‌نووكه‌یی و گرنگمان بۆ رۆژنامه‌ی هه‌ولێر تاوتوێ كرد!

-ھەڵبژاردنت بۆ دەقەکان زادەی قووڵبوونەوەیە لە ژیانی تاکی کورد؟
ـ بێگومان ئەو ھەڵبژاردنانە ھەر لەو ئامانجەوە سەرچاوەی گرتووە، نەک بەتەنھا لە کارکردنم لە دەقە کوردییەکاندا، بە ڵکو لە ھەڵبژاردنی دەقە عەرەبی و جیھانییەکانیشدا، بە نموونە کارکردن لە “دوژمنی گەل”ـی ھێنریک ئێپسن، “ماڵی برناردا ئەلبا”ـی “لۆرکا”، “ھێرۆسترات لە یادکەن”ـی “گریگۆری گۆرین”، شەوی بکوژان”ـی “خۆزییە ترییانە”، “لەمردن گەڕایەوە”ـی “فیکتۆر ئێمفیتیۆ”، “شورەی چین”ـی “ماکس فریش”، “مرۆڤە باشەکەی سیتزوان و بازنەی تەباشیری قەوقازی”ـی “برتۆڵد برێشت”، “ئازارەکانی نووسەرێک”ـی “ئەنتوان چێخەف”، “مۆزارت و سالێری”ـی “پۆشکین”، “ئۆدیبۆس بەپادشایی”ـی “سۆفۆکلیس”، ھەروەھا “گوڵەکان بۆ کێ”ـی “محێددین زەنگەنە”، “سەبری ئەیوب”ـی “محەمەد مسکین”، “گوێ بکرە عەبدولسەمیع”ـی “عەبدولکەریم بەرشید”، “دەستبەسەراگرتن”ـی “ھۆشەنگی وەزیری” “بەسەر شۆستەی نەویستنەوە”ـی “حەمدە خەمیس، لە ھەموو ئەم کارانەدا لە ھەوڵی دواندنی ھزری وەرگر و بەرجەستەکردنی خەم و خولیاو ئازارو خەونەکانی مرۆڤی کوردبووم، بەڵێ لەگەڵ تێکڕای ھاوەڵە ھونەرمەندە بەشداربووانەکانی ئەم بەرھەمانەدا ئەو ئاراستەیەمان بە ئامانج گرتووە.

  • وێستگەیەکی گرنگی ئەزموونی ھونەریی “ئەرسەلان دەروێش” وابەستەیە بە دەقە شانۆییەکانی “ئەحمەد سالار”ـەوەو زیندووکردنەوەی ئەو تەرزە شانۆییەی لەساڵانی ھەشتاکانی سەدەی رابردوودا بە “شانۆی ئاھەنگسازیی” ناونرا، رەنگە جوانترین وێنەی ھاوکاری و پێکەوە کارکردنی بەردەوام لەشانۆی کوردیدا لە پەیوەندیی و کارکردنی ئێوەدا رەنگی دابێتەوە، ئێوە خۆتان چۆنی دەبینن؟
    ـ بێگومان بەرھەمە شانۆییەکانی مامۆستا “ئەحمەد سالار” وەک فینۆمینێکی گرنگ لە بزاڤی شانۆیی کوردی تەماشا دەکرێت، ئەستەمە قسە لەسەر ئەزموونی نووسینی دەقی شانۆیی کوردی بکرێت بەبێ ئاماژەدان بە بەخششە گەورەکانی ئەم شانۆنووسە ھەڵکەوتووە، چونکە ئەو لەژمارە ستایڵی نووسیندا بەشێکی گەورەی بەردەکەوێت پانتاییەکی بێھاوتا داگیر دەکات، من پێش راپەڕین و تەواوکردنی خوێندنی ھونەریم بە چەند ساڵێک وەک ئەکتەرو دەرھێنەری یاریدەدەر لە شانۆگەری “جزیری وانەی ئەڤین دادەدات” بە رکەوتنێکی راستەوخۆم لەگەڵ کارە ئاھەنگ سازییەکانی مامۆستا “سالار”ـدا ھەبووە، ئەو خاوەنی ئەزموونێکە کە بزووتنەوە شانۆییەکەی کوردی بە زیندوویی راگرتووە، ھاوکات ھەوڵی بەزیندوو راگرتنی کەلتووری نەتەوەیەکە بەشدارییەکی چالاکانی لەپرۆسەی پارێزگاری لە قەوارەی بوون ڕەنگ ڕێژکردووە، لە یەکەم دەیەی دوای راپەڕین و لەقۆناغێکی نوێی کارکردن لەم فۆرمە شانۆییەدا، لە ئەتمۆسفێرێکی تازە و بەچڕییەکی زیاترەوە، لەگەڵ چەردەیەک لە شانۆکارە بەتواناکانی کوردستان ھەوڵی بەردەوامی و گەشە پێدانی ئەم ئەزموونەمانداوە، بەندە ھەر بەتەنھا کاری دەرھێنانی لەو بەرھەمانەدا ئەنجام نەداوە، بەڵکو وێڕای دیزاینکردنی سینۆگرافیای تێکڕای شانۆگەرییەکان، لە زۆرێک لەو نمایشانەدا ئەرکێکی دراماتۆرگیشم لە ئەستۆ گرتووە، بەنموونە لە درەوشاوەترین شانۆگەریی ھاوبەشماندا کە “کۆتەڵەکەی ئەحمەد موختار جاف” بوو ساڵی ٢٠٠١ لە شارەکانی ھەولێرو دھۆک و سلێمانی نمایشمان کردووە، چەندین دیمەن و کەسایەتی نێو دەقەکانی دیکەی مامۆستا سالارم بەکارھێناوەتەوەو لە کردەیەکی دراماتۆرگیدا بوونەتە بەشێک لە بونیادی نوێی دەقەکەو دواتریش نمایشەکە، ھەروەھا لە ئەزموونی کارکردنماندا ھونەرمەند “ئەحمەد سالار” وەک “ئەکتەر” لە تێکڕای نمایشەکاندا رۆڵی گێڕاوەو ئەو شانازییەی بە بەندە بەخشیوە، کە پێشتر و دواتریش ئەم ئەزموونەی لەگەڵ ھیچ دەرھێنەرێکی کوردا نەبووە، دەبێت ئەوەش بوترێت، مامەڵەکردنی ھونەریی لەگەڵ خەیاڵێکی فراوانی وەک ئەوەی “م.ئەحمەد سالار” لە داڕشتنی چیرۆک و رووداوو کەسایەتییەکانیدا، بووەتە ھەنجەتێکی بەھێز بۆ پرۆسێسی دەرھێنان لەلای من و دەرفەتی قورتاربوونم لە بۆتە کەلتووریی و ئەتنۆگرافییە باوەکەی نمایشەکانی پێشووتر، لێرەوە ھەوڵی خوڵقاندنی پانتاییەکی نۆیی ھاوسەنگ بووەتە کەڵکەڵەی کارکردنم لەپێناوی ھێنانە گۆی دیدو روانینی ھاوبەشمان لەسەر راستە ھێڵی “پرسی کوردبوون”، چ لەڕێی گوتاری نمایشەوە یان مامەڵەکردن لەگەڵ میرات، کەلەپوور، کەلتووری نەتەوەیەکی روو لەئایندە. تەواوی ئەم کارکردن و ھەڵکۆڵینەش بەمەبەستی ئەوەی دەروازەیەکی ئەفڕێنەرانەی جیاوازو سەرنجڕاکێش لە بەردەم بواری وەرگرتن و راڤەکردنی ھونەریی بۆ ئەم ئەزموونە واڵا بکات.
    ٭ قۆناغێکی زۆر گرینگی تری کارکردنت لەگەڵ دەقە شانۆییەکانی “دڵشاد مستەفا”ـدا دەست پێ دەکات، بەڵام پێش ئەو قۆناغەو دواتریش بایەخی تۆ بۆ بەرجەستەکردنی تێکستە کوردییەکان بەردەوام و پڕ بوێرییە، جارێک لەگەڵ “شیرین و فەرھاد”ـی “بەڕێز مەجید”و، جارێکی تر لە گەڵ رۆمانی “دواھەمین ھەناری دونیا”ـی “بەختیار عەلی” کە پێشتریش لە پرۆسەیەکی دراماتۆرگیدا لە داڕشتنی کارەکتەری “خانی لەپ زێڕین”ـدا بەرکەوتنتان ھەبووە، ئەوە وێڕای چەند دەقێکی تر کە بە عەرەبی نووسراون و نووسەرەکانیان کوردبوون، نەسرەوتنێکی ئاشکرای ئێوە پیشان دەدات بۆ دۆزینەوەی ھێڵێکی پتەوو تۆکمە لەنێوە کارەکانتدا. ئەو ھێڵە سەرەکییە لەچیدا خۆی دەنوێنێت؟
    ـ پێ دەچێت لە جێھێشتنی کایەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ رابردوو کەلەپوور میراتەکانی، بەرەو قسەکردن لەسەر”ئێستا” “ئێرە”، لەسەر ئەو خولیایەی کە “کوردبوون” بەخشینی ستایڵێکی کوردی بە دەربازبوون لە تەوقی فۆڕمی میراتی کوردی و مامەڵەی سوونەتی لەگەڵ تووخمە ھونەرییەکاندا خۆی بنوێنێت و بێتە دی. ئەو لۆژیکە پەسەند بکات، کە کوردی بوونی ھەر نمایشەک لە میانەی گوتاری ھونەریی و پەیامی نمایشەوە دێتە بەرھەم. بێ شک مامەڵەکردن لەگەڵ دەقێکی کوردیدا کە دەرەنجامی ھزرو ھۆشیاری و خولیاکانی کوردێکە لەنێو ئاریشەو ئازارەکانی نەتەوەکەی خۆیدا ژیاوە، پرسیارەکانی ئاراستەی پانتاییەکی دەرەوەی ئێرە ناکات، مامەڵەیەکی جیاوازو ھەڵکۆڵینێکی فرە مەوداو ورد دەخوازێت، ئەو کردەیەش خواست و خولیایەکی گرنگە بۆ جیاوازبوون و ئەفراندن. سەبارەت بە ئەزموونی بەردەواممان لەگەڵ ھاوڕێی داھێنەرم “د.دڵشاد مستەفا” زەحمەتە لەدیدارێکدا وردەکاریی و رەھەندەکانی حەقی خۆی وەربگرێت، بەڵام مەحاڵە لەبارەیەوە نەدوێم، مامەڵەکردنم لەگەڵ دەقەکانی ئەم نووسەرەدا زیاتر برەوی بە درەوشانەوەی لایەنە رەخنەگرەکەی ھزرو ویژدانم داوە، نەخاسمە کە ئەو کار بە میرات و شێوازەکانی ناکات، نوقمی فەنتازیاکانی رابردوو نابێتو دێت لەگەڵ ساتێکی ئینسانی کورددا مامەڵە دەکات کە لێوان لێوە لە ھەژموونی شتەکان، ئەوەش وادەکات کە بە قورسایی ئێستاوە کاربکەین لەنێو ڕابردوودا قەتیس نەبینەوە، ھەرچەندە لە سەر ھێڵی گشتیدا ھەمان پرسی شوناس و کوردبوون کڕۆکی گوتارەکەمانە، وەلێ لە پڕۆسێسی گشتگیری شوناسدا “ئێستا” پێناسە و سەنگێکی تایبەتی خۆی ھەیەو بەھێزی خۆیەوە بەشدار دەبێت، ئەوەش یەکێک لە خەسڵەتە سەرنجبەرەکانی دەقەکانی “دڵشاد”ـە، لێرەوە دەکرێتوریاییەکی نوێ بخەینە کارو مامەڵەیەکی دروست لەگەڵ زەینو خواستی وەرگر بکەین، ھەرواشمان کردووە. جارێکی دی پەیمانی خۆمان لەگەڵ وەرگردا لە میانەی گوتاری نمایشەوە سەرچاوەی گرتوو کە لە پەپکەردا زادەی گوتاری دەقە، بەردەوامی ئەو پەیوەندی و ھەڵبژاردنە نوێیانەمان لە گەشەکردندایە و ھەمیشە ئاستی تر بۆ خۆی دەدۆزێتەوە، ھەروەک چۆن لە کارکردن لە دەقەکانی “گۆرانی تەنیایی” بەرەو “بکوژان–سەراب” پاشان، “پاسەوان” و “نیگای خۆکوژێک” و “تاریکترین لە شەوە زەنگ” بەردەوام لە ھەڵکشانێکی دیاردا رەنگی داوەتەوە.
ھەواڵی زیاتر