خانمە هونەرمەند نازەنین حەمەكەریم: زیاتر حەزم لە بەشداریكردن لە درامایە نەک شانۆ

خەنمە هونەرمەند نازەنین حەمەكەریم رایدەگەیەنێت، هەرچەندە بەرهەمهێنانی دراما ئەركێكی قورسترە بۆ هونەرمەندان و ستافی پشت كامێرا، بەڵام وەك خۆی زیاتر لە بەشداریكردن لە درامایە.

ئەو خانمە هونەرمەندە نازەنین حەمەكەریم ساڵانێكی زۆرە لە بواری هونەریدا كار دەكات و تائێستا لەچەندین بەرهەمدا بەشداربووە، نازەنین حەمەكەریم بە (هەولێر)ی راگەیاند، ئەگەر درامای خۆماڵی هەبێت ئەوا بۆ بینەری كورد زۆر باشترە، چونكە دراما خۆماڵییەكان باسی واقیعی ژیانی كوردەواری دەكەن، هەم لەڕووی نووسین و سیناریۆ و هونەرمەند و دەرهێنەرەكانیش، بەڵام بەداخەوە ئێستا زۆربەی دراماكان هەر دۆبلاجكراوەكانن كە چیرۆكەكانیان دوورن لە ژیانی میللەتی كورد.
ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد، بۆ برەودان بە درامای كوردی، پێویستە حكومەتی هەرێم و كەناڵەكانی میدیا هاوكاری زیاتری كەرتی تایبەت و هونەرمەندان بكەن بۆ ئەوەی بتوانن ساڵانە چەند درامایەك بەرهەم بێنن كە ئەوەش كاریگەری بۆ باشتر بوونی رەوشی درامای كوردی دەبێت.
ناوبراو وتی “پێشتر بەشداری سێ دراما و كورتە فیلمم كردووە، بەڵام وەك خۆم زیاترم لە درامایە، راستە ئەركێكی قورستر دەخاتە سەرشانی ئەكتەر و ستافەكە، هەموو درامایەك هیلاكی هەیە، بەڵام كاتێك سەركەوتنی ئیشەكە دەبینیتەوە، ماندوویەكەت بیر دەچێتەوە، بەڵام پێمخۆشترە، چونكە كارەكە جوانترە و دەمێنێتەوە”.
نیشتمان حەمەكەریم یەكێكە لە ئەكتەرانی زنجیرە درامای سەمەرە كە بڕیارە لەمانگی رەمەزاندا لە كەناڵی كوردسات پێشكەش بكرێت كە ئەوەش دەبێتە سێیەم ئەزموونی دراما كە بەشداری تێدا كردبێت.
نیشتمان روونی كردەوە، بەشداریكردنی لە زنجیرە درامای (سەمەرە) لە دراماكانی دیكەی جیاوازتر بووە، چونكە هونەرمەندی زۆر باشی تێدایە و ستافێكی باشی پشت كامێرا و دەرهێنەرێكی زۆر باش كاری دەرهێنانی بۆ كردووە، ئەوەش هاوكار بووە بۆ ئەوەی دراماكە لەئاستێكی باشدا بێت و هیوادارن بینەریش لێی رازی بێت.
درامای سەمەرە تاڕادەیەك لایەنی كۆمیدی بەسەردا زاڵە و هەوڵیداوە كێشەكانی ئەمڕۆی كۆمەڵگەی كوردی بخاتەڕوو، نیشتمان دەڵێت، ئەوەندەی خۆیان لە دراماكە تێگەیشتوون باسی چەندین كێشەی ئەمڕۆی كۆمەڵگەی كوردستان دەكات كە لە هەردوو لایەنی كۆمیدی و جددی باسیان دەكات، بۆیە پێشبینی سەركەوتنێكی باشی بۆ دەكەن.
زۆربەی هونەرمەندان كۆكن لەسەر ئەوەی شانۆ بە دایكی هونەری نواندن دادەنرێت، بەڵام وەك نیشتمان دەڵێت، قەت حەزی لە شانۆ نییە، هەرچەندە پێشیان وتووە بۆ بەشداریكردن لە شانۆ، بەڵام نەیكردووە.
چەند ساڵێكە هونەرمەندان روویان لە بواری ریكلام كردووە، ئەم هونەرمەندە بە لایەوە ئاساییە هونەرمەندان ریكلام بكەن و هونەرمەند هەیە حەزی لێ دەكات، بەڵام تائێستا بەشداری هیچ ریكلامێكی نەكردووە.