پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ئەحلام حەجی بەشداری لە کارێکی نوێدا دەکات

شاجوانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەحلام حەجی بەشداریی لە زنجیرە درامایەكی مەغریبیدا دەکات بە ناوی (جودیا) لە دەرهێنانی سەفا بەرەكە سیناریستی بەناوبانگ بوشرا مەلاكە و بڕیار وایە لە مانگی رەمەزانی داهاتوودا لە كەناڵی یەكەمی نیشتمانیی مەغریبدا نمایش بكرێت و بەرهەمی كۆمپانیای (دیسكۆنیكتد)ە بۆ بەرهەمهێنانی هونەری.

لەم زنجیرەدا ئەحلام حەجی رۆڵێكی سەرەكی دەبینێت و ژمارەیەک ئەستێرەی ناوداری مەغریبی بەشداریی تێدا دەكەن لەوانە نەجات وافی، ئیبتیسام عەروسی، حەمید زوغی، عەبدولنەبی بنیوی، هاجەر مەسدوقی و جەواد ئەلسایح و چەندانی دیكە. لەم درامایەدا ئەحلام رۆڵێكی گرنگ دەبینێت لە گۆڕینی رێرەوی زنجیرەكە كە خۆی لە تۆڵە سەندنەوەدا دەبنیتێەوە و چەندین سوپرایزی تێدایە كە لەلایەن جەماوەرە پێشبaینی نەكراوە. سەبارەت بە ئەزموونی نواندن و ئەو رۆڵەی لە زنجیرەكەدا دەیبینێت ئەحلام حەجی رایگەیاند: لە زنجیرە درامای (جودیا) رۆڵی كچێك دەبینم بە ناوی (زیزۆ) كە ئافرەتێكی جوان و سەرنجڕاكێشە، چونكە گرنگییەكی زۆر بە جوان دەركەوتن و شێوازی دەرەوەی خۆی دەدات و هەمیشە جوانە، ( زیزۆ) هاوڕێیەكی زۆر نزیكی ئافرەتێكە بە ناوی (فەتومە) و گشت نهێنییەكانی ئەو ئافرەتە دەزانێت، دواتر چەند راستییەكی شۆك هێنەری بۆ روون دەبێتەوە كە پێشبینیی نەدەكرد.
ئەحلام هەروەها وتی: مایەی شانازی و خۆشحاڵیی منە كە لەگەڵ ئەم ئەستێرە ناسراوانەدا بەشداری لە كاری نواندن دەكەم بۆ تەلەفزیۆن ئەمە سەرەڕای ناوبانگی كۆمپانیاكە لەسەر ئاستی وڵاتی مەغریب و نیشتمانی عەرەبی كە بە شێوەیەكی پرۆفیشناڵ و پیشەگەرانە كاری خۆیان دەکەن و تا ئێستا سەركەوتنی زۆریان بەدەست هێناوە، بۆیە دڵنیاین بە بەشداری ئەم هەموو هونەرمەندە و دەرهێنەر و سیناریستە،(جودیا)ش لە هەموو روویەكەوە سەركەوتوو دەبێت و یەكێك دەبێت لە كارە نایابەكانی مانگی رەمەزانی داهاتوو. سەبارەت بە هاندانی بۆ بەشداری كردن لەو كارەدا ئەجلام حەجی رایگەیاند: پێشتر لە چەند پێشكەشكردنی چەندین بەرنامەی جیاجیا و كاری نواندن لە دەرەوەی مەغریب بەشداریم كردووە و لە هەموویان سەركەوتوو بوون، هەروەها بەر لە ماوەیەك بەشداریم كرد لە كارێكی نیشتمانی بە ناوی (هەموومان مەغریبیین) وەك میوانێكی كارەكە و لە مانگی رەمەزانی رابردوودا نمایش كرا، سەركەوتنی ئەم كارە و پێشوازیی گەرمی جەماوەر لێی وای لە من كرد كەبەشداریی بكەم لە كارێكی نواندن لە وڵاتی خۆمدا، زنجیرەدرامای (جودیا)م بە دەرفەتێک زانی كە لە وڵاتی خۆمدا بەشداریی كاری نواندن كەم و لە جەماوەری خۆم نزیك ببمەوە