ڕامانێكی هونه‌ری له‌ ڕه‌وشی موزیك و گۆرانی له‌ هه‌ولێر له‌ سه‌ده‌یه‌كدا

ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه‌ ناونیشانی ئه‌و كۆڕه‌ بوو كه‌ یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد لقی هه‌ ولێر، به‌ بۆنه‌ی ساڵیادی دامه‌زراندنی به‌ڕێوه‌یان برد له‌ شاری هه‌ولێر. ڕۆژی (10-2-2022) كات (4ی ئێواره‌). كۆڕه‌كه‌ بۆ هونه‌رمه‌ندان و مامۆستایانی كۆلیژی هونه‌ره‌ جوانه‌كان موزیسیانان(ئامانج غازی، سروود فوئاد) ئاماده‌ كرابوو.

له‌و كۆڕه‌دا هه‌ردوو هونه‌رمه‌ندی موزیسیان به‌ شیوه‌یه‌كی هونه‌ری و ئه‌كادیمیانه‌ باسیان له‌ ڕه‌وشی گۆرانی و موزیك كرد له‌ شاری هه‌ولێر له‌ ماوه‌ی سه‌ده‌یه‌كدا.
گۆرانی و موزیكی كوردی گه‌یشتۆته‌ ئه‌و قۆناغه‌ی كه‌ پیویسته‌ به‌ شێوه‌یه‌كی زانستی لایه‌نه‌كان و، ڕه‌هه‌نده‌كانی شیكاری و لێكۆڵینه‌وه‌و به‌ دوادا چوونیان بۆ بكرێت، تاوه‌كو بگه‌ینه‌ ئاستی ئه‌وه‌ی ناسنامه‌ی گۆرانی و موزیكی كوردیمان به‌ ڕاسته‌قینه‌یی ده‌ربكه‌ین و، گوتاری ئه‌و هونه‌ره‌ به‌ زیندوویی بهێڵینه‌وه‌.
هونه‌رمه‌ندی موزیسیان (ئامانج غتزی) سه‌باره‌ت به‌و چالاكیه‌ بۆ رۆژنامه‌ی هه‌ولێر گووتی:
له‌و كۆڕه‌دا له‌گه‌ڵ مامۆستای موزیسیان (سروود فوئاد) باسمان له‌و گۆڕانكاریه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌ ڕیشه‌ییانه‌ كرد، كه‌ له‌ نێو موزیكی كوردی به‌ تایبه‌تی له‌ناو شاری هه‌ولێردا نزیك سه‌ده‌یه‌ك به‌رله‌ ئه‌مڕۆ ڕوویداوه‌و له‌ دیرۆكی كوردیدا به‌ گرنگی ماونه‌ته‌وه‌. قۆناغه‌كه‌مان له‌ نێوان ساڵانی (1920- 1950) دیاریكرد. وه‌ك قۆناغی یه‌كه‌م، دواتریش ساڵانی (1950- 1980) وه‌ك قۆناغی دووه‌م. دواتریش قۆناغی 1980 تا دوای ڕاپه‌ڕین) .
له‌ ڕاستیدا ئه‌وه‌ی زۆر گرنگه‌ له‌ بواری موزیك و گۆرانی ئه‌وه‌یه‌ كه‌وا ئگۆرانی و موزیك له‌ هه‌ولێر به‌و ئاراسته‌یه‌ ڕۆیشتوه‌ كه‌وا سه‌رده‌مه‌كان به‌ تایبه‌ت سه‌رده‌می قه‌وان كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ند هه‌ڵكه‌وتوون كه‌ تێییدا به‌رجه‌سته‌یه‌كی جوانی ده‌نگیان كردوه‌، وه‌ گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌و ڕاده‌یه‌ی كه‌ چۆن ده‌نگ بتوانێت گوزارشت له‌ حاڵه‌ته‌ ده‌ربڕینه‌كانی خۆیان بكات.
ئه‌وه‌ی به‌لای ئێمه‌وه‌ گرنگ بوو ناساندنی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی به‌ڕاده‌یه‌ك توانیویانه‌ به‌ده‌نگی ڕه‌سه‌نی خۆیان‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ كاریگه‌ری ئامێره‌كانی موزیكیان له‌سه‌ر بێت، ئه‌و ژه‌نیارانه‌ی كه‌ موزیكیان بۆ ژه‌ندون ژه‌نیاری كورد نه‌بوون، واته‌ سه‌لیقه‌یی گۆرانی بێژه‌كه‌ له‌وه‌دا به‌رجه‌سته‌ بووه‌ كه‌ توانستی هونه‌ری خۆیان به‌و ڕاده‌یه‌ی بتوانن كاره‌كانی خۆیان پێشكه‌ش بكه‌ن.
له‌ هه‌مانكاتدا نه‌بوونی ژه‌نیاری به‌ توانای كورد وای كردووه‌ كه‌ گۆرانیبێژه‌كان نه‌توانن هه‌ستی هونه‌ری خۆیان به‌ دڵی خۆیان ده‌رببرن، بۆیه‌ گۆرانیبێژه‌كان ئه‌و ده‌ربڕینانه‌ی خۆیان ‌كردۆته‌ بابه‌تی زۆرگرنگی هونه‌ری پڕ چیژبه‌خشین.
ژه‌نیاره‌كان نه‌یانتوانیوه‌ له‌ ناخی ناوه‌وه‌ی گۆرانیبێژدا هه‌ڵیته‌كێنێ و بتوانێت هه‌موو شته‌كانی پێبكاته‌ ده‌ربڕینێكی گوزارشتكار تاوه‌كو بگاته‌ ئه‌و ئاسته‌ی كه‌ تێیدا گۆرانی به‌رجه‌سته‌ كردووه‌.
له‌ دوای قۆناغی ئێزگه‌ی كوردیشه‌وه‌ هونه‌رو موزیك به‌ ئاراسته‌یه‌كی تر گوزه‌ری كردوه‌و قۆناغی پێش خۆی ڕه‌تكردووه‌.
ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه‌ له‌ هه‌ولێردا هیچ قۆناغێك نه‌بۆته‌ باگڕاوندی بابه‌ته‌كانی خۆیان، واته‌ قۆناغه‌كان له‌ یه‌كتر جیان و هونه‌رمه‌ندان له‌هه‌ر قۆناغێكدا به‌ كۆمه‌ئڵ كاریان نه‌كردووه‌ به‌ڵكو تاكڕه‌وی هونه‌ری هونه‌رمه‌ند وایكردووه‌ داهێنانی گه‌وره‌یان له‌ بواره‌كانی خۆیاندا كردووه‌.
له‌نێو هه‌ولئیردا دیوه‌خان و چایخانه‌و هه‌روه‌ها ته‌كیه‌كانیش بونه‌ته‌ مه‌نزڵگای له‌دایكبوونی هونه‌رێك كه‌ تێیدا هونه‌ری گۆرانی وموزیك بتوانێت به‌ حاڵه‌تێكی نوێوه‌ ده‌ربكه‌وێت.
دوای قۆناغی ئێزگه‌ی كوردی سه‌رهه‌ڵدانی ئاوازو میلۆدی كوردی له‌ ساڵه‌كانی حه‌فتایه‌كان و سه‌رهه‌ڵدانی كۆمه‌ڵێك ئاوازو میلۆدی نوێ كه‌ گوزارشتی له‌ داهێنانی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ گه‌ورانه‌ ده‌كرد كه‌ بتوانن ئاوازی ڕه‌سه‌ن پێشكه‌ش بكه‌ن و بیكه‌نه‌ هه‌وێنی بابه‌ته‌كانی خۆیان و له‌ دایكبوونی داهێنان.
هونه‌رمه‌ندانی بواری ئاوازو گۆرانی له‌ هه‌ولێر توانیویانه‌ پاراستنی ئه‌و كه‌له‌پورو كه‌لتوره‌ی خۆیان به‌ جوانترین شێوه‌ ده‌رببڕن. به‌وه‌ی كه‌كاریگه‌ری هیچ موزیكێكیان به‌سه‌ره‌وه‌ نه‌بووه‌. ته‌نها گوزارشتی حاڵه‌تی ده‌روونی خۆیان كردۆته‌ هه‌وێنی كاره‌كانی خۆیان. هه‌روه‌ها كاتی ده‌ربڕینه‌كاندا بابه‌تی به‌پێز پێشكه‌شكرا به‌ نمونه‌ی چه‌ندین به‌رهه‌می كۆمه‌ڵێك له‌ به‌هره‌مه‌ندانی ئاوازو گۆرانی كوردی.
دواتر مامۆستای موزیسیان (سروود فو‌ئاد) بۆ رۆژنالمه‌ی هه‌ولێر به‌و جۆره‌ دوا:
له‌و كۆڕه‌دا باسمان له‌ ڕه‌وشی گۆرانی و موزیكی كوردی له‌ شاری هه‌ولێرو ڕامانێكی هونه‌ری ده‌رباره‌ی سه‌ده‌یه‌ك له‌ خزمه‌تی هونه‌رمه‌ندانی گۆرانی و موزیكی كوردی له‌و شاره‌دا، له‌و كۆڕدا توانیمان كۆمه‌ڵێك نمونه‌و سامپڵ بخه‌ینه‌ ڕوو كه‌ گوزارشت له‌ ستایڵی هونه‌ری گۆرانی و موزیك ده‌كات له‌و شاره‌دا.
(چوار تا پێنج) نمونه‌مان پێشكه‌شكرد. دواتر شڕۆڤه‌ی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌مان كرد له‌ لایه‌نی هونه‌ری و زانستییه‌وه‌، به‌ شێوازێكی پسپۆری توانیمان شرۆڤه‌و شیكاری بۆ بكه‌ین و لێكدانه‌وه‌ی ئه‌تنۆمۆزیكۆلۆژیانه‌ی بۆ بكه‌ین، تا ئه‌و شێوازانه‌ چۆن هاتوون و چۆن په‌ره‌یان سه‌ندووه‌، وه‌ ئه‌و كاریگه‌ریانه‌ چین كه‌ بوونه‌ته‌ هۆی په‌ره‌سه‌ندنیان و، به‌ستنه‌وه‌یان به‌ لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕامیاری و كۆمه‌ڵێك بابه‌ت كه‌ بوونه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و فۆڕمانه‌ جێگیری به‌ خۆیانه‌وه‌ ببینین و دواتر په‌ره‌سه‌ندن به‌ خۆیان ببینن.
باسمان له‌و بابه‌تانه‌ كردو، وه‌ هه‌ندێك لایه‌تی مێژووییمان خسته‌ ڕوودواتر هه‌ندێك پێشنیارو ئه‌نجامی زانستیانه‌مان خسته‌ ڕوو.
شایانی باسه‌ ژماریه‌كی به‌رچاو له‌ نووسه‌ران و ڕۆشنبیران و هونه‌رمه‌ندان ئاماده‌ بوون و، چه‌ندین چالاكی تر و چه‌ند گۆرانی و موزیكێك پیشكه‌شی ئاماده‌بووان كران.

ھەواڵی زیاتر