پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

كۆتایی بە وێنەگرتنی درامای (سەمەرە) هات

زنجیرەدرامای (سەمەرە) لە ماوەی سێ مانگ كاركردنی بەردەوام، كۆتایی قۆناغی وێنەگرتنی هات و بڕیارە لە مانگە پیرۆزەکەی رەمەزاندا پەخش بكرێت.

درامای (سەمەرە) نووسین و سیناریۆی ئومێد كەمال، دەرهێنانی جەمیل مەفاخیرییە و ناوەندی بەرهەمهێنانی هونەری زەنێ بەرهەمی هێناوە و لە 40 ئەڵقە پێك دێت؛ ژمارەیەك هونەرمەندی بەناوبانگ و ناسراوی كوردستان بەشدارن: مستەفا ئەحمەد، ئەحمەد جۆڵا، حیكمەت هندی، بەكر مستەفا، ئیبراهیم حەكیم، زاهیر عەبدوڵا، سیروان عوسمان، بەیان بۆمبا، بەیان عەلی، فەرەیدوون محەمەد، عوسمان حاجی، غەفوور عەبدوڵا، نووری كاكەخان و کۆمەڵە هونەرمەندێکی دیکەیش.
هەفتەی رابردوو دوای سێ مانگ كاركردنی بەردەوام لەلایەن ستافێكی بەتوانای تەكنیكی، كۆتایی بە قۆناغی وێنەگرتنی سەمەرە هات و ئێستاش لە قۆناغی مۆنتاژكردندایە بۆ ئەوەی لە مانگی رەمەزاندا پێشكەش بكرێت.
ئومێد كەمال، نووسەر و سیناریستی (سەمەرە) بە (هەولێر)ی راگەیاند، ناوی دراماكە لە مانای سەرگوزشتە و شەوچەرە وەرگیراوە كە ناوێكی باوە لە كۆمەڵگەی كوردیدا و چیرۆكەكانی دراماكەش واقیعی ئێستای كۆمەڵگەی كوردییە.
ناوبراو باسی لەوەكرد، بۆ نووسینی دەقەكە زیاتر لە سوودی لە چیرۆكی واقیعی كۆمەڵگەی كوردی وەرگرتووە ئەوانیش، نەزانینی بەشێكی زۆری خەڵك لە بەكارهێنانی تەكنەلۆجیا و كێشەی سۆشیاڵ میدیا و واستەكاری و خۆشەویستی هاوڕێیەتی لەپێناو بەرژەوەندی.
ئومێد كەمال وتی “كۆمیدیا چەند جۆرێكە، ئەو گاڵتەجاڕییەی كە خەڵكیش باسی دەكات بەشێكە لە كۆمیدیا، بەڵام چیرۆكی درامای سەمەرە كۆمیدیایەكی ئامانجدارە و لە گاڵتەجاری جیامان كردۆتەوە”.
درامای سەمەرە ژمارەیەكی هونەرمەندی توانای كوردستانی كۆ كردۆتەوە، ئیبراهیم حەكیم هونەرمەندی ناسراوی شاری هەولێر كە یەكێكە لە ئەكتەرانی دراماكە، گەشبینە بەوەی (سەمەرە) دەبێتە درامایەك كە رەزامەندی بینەر بەلای خۆیدا رابكێشێت و وتی “درامایەكە هەست دەكەم زۆر باشە و لەڕووی نووسین و سیناریۆ و دەرهێنانەوە ئامانجی خۆی دەپێكێت، كۆمیدیایەكی رەشە، نەك گاڵتەجاڕی، دەرهێنەر و ستافەكەش زۆر بە وردی و بە جوانی ئیشەكانیان كردووە بە باشی كاریان تێدا كردووە”.
هونەرمەند بەیان عەلی ئەكتەرێكی دیكەی (سەمەرە) رایگەیاند، زۆر بەهیوان دراماكە ئیشێكی سەركەوتوو دەبێت، دواتریش خەڵك دەبێت بڕیار بدات، چونكە ئێستا بەهۆی زۆربوونی دراما دۆبلاجەكان و سۆشیاڵ میدیاوە دەبێت قەناعەت بە بینەر بكرێت سەیری كارە هونەرییەكان بكات.
ناوبراو وتی “دەبێت قەناعەت بە بینەر بكرێت بۆ سەیركردنی درامای كوردی ئەوەش زیاتر كەوتۆتە سەر حكومەتی هەرێم، ئێستا كۆمپانیایەك دێت كار بكات، بەڵام پشتگیری زیاتری ناكرێت بۆ كاری جوانتر، ئەگەر بودجەیەكی باش هەبێت بێگومان كاری باشتر دەكرێت، ئەگینا ئەكتەری ئێستا هەر ئەوانەی پێشترن”.
زاهیر عەبدوڵا، هونەرمەندی دیاری شاری هەولێر و یەكێك لە ئەكتەرە سەرەكییەكانی درامای (سەمەرە) رایگەیاند، زۆر لە دراماكە رازین، چونكە هەم كۆمیدییە و هەمیش ئامانجدارە و خاوەنی پەیامێكی جددییە، ژمارەیەك هونەرمەندی زۆر باشی هەولێر و سلێمانی تێدایە.ناوبراو وتی “ئێستا پەیامەكانمان گرانتر دەگاتە بینەر، بێگومان سۆشیاڵ میدیا كاریگەری زۆرە بۆ درەنگ گەیشتنی پەیام بە بینەران، هەروەها دراما بیانییەكان لەهەموو روویەكەوە لەگەڵ كۆمەڵگەی ئێمە جیاوازن”.
هونەرمەند غەفور عەبدوڵا، بەڕێوەبەری بەرهەم و ئەكتەرێكی دیاری دراماكەیە رایگەیاند، سەمەرە زنجیرە درامایەكی كۆمەڵایەتی كۆمیدییە و باس لە كێشەكانی ناو كۆمەڵگە دەكات، ئەمڕۆش بینەران تام و چێژێكی باشیان بۆ دراما كوردییەكان هەیە، بۆیە سەمەرە بینەری زۆر باشی دەبێت لەبەرئەوەی هونەرمەندی زۆر باشی تێدایە.
غەفور عەبدوڵا روونی كردەوە “لەڕووی بەرهەمهێنانەوە چ مەسەلەی شوێن یان تەكنیك كارەكەیان زۆر بە باشی جێبەجێ كردووە و وەك ئەو پلانەی دایاننا بوو سەرەڕای وەرزی سەختی سەرما و بەفربارین، بەڵام لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا كۆتایی بە وێنەگرتن هات”.