بەشداریکردنی هەندرێن خۆشناو لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتیەکەی کاریکاتێر لە میسر

رۆژی هەینی 4ی فبرایەر، کۆپی یەکەمی فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتی کاریکاتێری، بە ناونیشانی (گوڵ) لە مۆزەخانەی کاریکاتێر لە شاری فەیوم لە وڵاتی میسردا کرایەوە، ئەم پێشانگایە نێودەوڵەتیەش بە سپۆنسەر و رێکخستنی سەنتەری کاریکاتێریی فەیوم و گۆڤاری ئەلیکترۆنی توماتۆ کارتۆن بوو؛ پێشانگاکە هەتا 15ی مانگ بەردەوام دەبێت.

خاتوو ئەگیار فێرناندێزی باڵیۆزی کوبا لە قاهیرەی پایتەخی میسر و، شێوەکاری میسری محەمەد عەبلە دامەزرێنەری سەنتەری هونەریی فەیوم و، مستەفا شێخ سەرۆکی کۆمەڵەی کاریکاتێریستانی میسر، هەستان بە کردنەوەی ئەم پێشانگا کاریکاتێرییە نێودەوڵەتیە. هەندرێن خۆشناوی شێوەکار و کاریکاتێریستی ناسراوی کورد، کە کاریکاتێریستیکی پێشەنگە لە بواری هونەری کاریکاتێر لە کوردستاندا، جێی پەنجەی دیارە لەم بوارەدا و خزمەتێکی زۆری هونەری کوردی کردووە و، ئەمساڵ 36 ساڵ تێپەڕێ بەسەر کردنەوەی یەکەم پێشانگای تایبەتی شیوەکاری و کاریکاتێری خۆیدا. لە دوایین چالاکییە هونەرییەکانی خۆیدا، بەشداریکردن بوو لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتیە کاریکاتێری و کارتۆنیەکەی گوڵ کە لە شاری فەیومی وڵاتی میسر دوێنێ بەڕێوە چوو. هەندرێن خۆشناو سەبارەت بەم بەشداریکردنەی لەم فێستیڤاڵەدا گوتی: 404 کاریکاتێریست لە (63) وڵاتەوە زیاتر لە (900) کارتۆنیان بۆ فێستیڤاڵەکە ناردبوو، لێژنەی دادوەری هونەریی فێستیڤاڵەکەش کە لە چەند هونەرمەندێکی (٦) وڵاتەوە پێکهاتبوون، (236) کاری (210) هونەرمەند لە (60) وڵاتەوە پەسەندکرد و لە پێشانگاکە نمایشکران. جێگای شانازییە کە کارەکانی منیش لەنێو کارە سەرکەوتووەکانی پێشانگەکە بوون و بە فیلتەری لێژەنەکەدا تێپەڕین. ئەوەی جێگەی خۆشحاڵی بوو لەم فێستیڤاڵەدا چەند کارتۆنیستێکی کوردی تریش بەشداربوون، ئەوانیش بەڕێزان گرفتار کاکەیی و بەکر عەبدولڕەحمان و جەبار سابیر بوون. هەندرێنی هونەرمەند سەبارەت بە مەبەستی کردنەوەی ئەم پێشانگایەش گوتی: مەبەست لە کردنەوەی ئەم پێشانگا کاریکاتێریەش، بایەخدان بە گوڵ و رووبەری سەوزایی و، بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری ژینگەیی و، هاندانی هاوڵاتیان بۆ پاراستنی ژینگە و بەرەنگاربوونەوەی پیسبوونی ژینگە بوو، ئەمانەش هەمووی لە تابلۆ کاریکاتێری و کارتۆنیەکاندا رەنگیدایەوە. هەندرێن خۆشناو سەبارەت بە وردەکارییەکانی فێستیڤاڵەکە گوتی: بێجگە لە پێشانگا کارتۆنیە سەرەکیەکە، چەندین چالاکیی تریش بەڕێوە دەچن کە بریتین لە ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی ساڵیادی لەدایکبوونی محەمەد عیفەتی کاریکاتێریستی کۆچکردووی میسری و، کردنەوەی پێشانگایەکی پۆرترێتی کاریکاتێری بۆ هونەرمەندی کۆچکردوو، کە بریتی بوو لە 30 کاریکاتێر، هەروەها نمایشکردنی چەند کارێکی هونەرمەندی کۆچکردوو محەمەد عیفەت، هەروەها بەستنی کۆڕێک سەبارەت بە هونەرمەندی ناوبراو و خوێندنەوەی کارەکانی.

ھەواڵی زیاتر