پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

لایڤ موزیك

سەرکەوت بورهان

لایڤ موزیك ئه‌و كاسبیه‌ی به‌ناوی هونه‌ره‌وه‌ ئه‌نجامده‌درێت، نه‌ك هه‌ر چێژی كورده‌واری شێواندین به‌ڵكو ڕۆحی هونه‌ری كوردی شه‌كه‌ت و ماندو وێران كرد.

لایڤ موزیك زۆر گووتنێكه‌ له‌ پێناوی گیرفاندا، نه‌ك له‌ پێناوی هونه‌ردا. بۆیه‌ زۆربه‌ی هه‌ره‌كات لایڤ موزیك تۆنی نه‌شازو ووشه‌ی بێ سه‌رو به‌ره‌و، ئامێری ناسازی ده‌كه‌وێته‌ ناو. ئاساییه‌ بڵێین لایڤ موزیك كوده‌تایه‌ك بوو به‌سه‌ر ڕه‌سه‌نایه‌تی گۆرانی كوردیدا كراو، كه‌سایه‌تی گۆرانی كوردی ڕووشاندو بریندار كرد.
تێگه‌یشتنێكی هه‌ڵه‌یه‌ كه‌ پیمان وابێت به‌شێكی زۆر ئه‌وانه‌ی لایڤ موزیك به‌ڕیوه‌ده‌به‌ن به‌هره‌دارو هونه‌رمه‌ندی خاوه‌ن توانان. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌وانه‌ لاسایی كه‌ره‌وه‌یه‌كی بێ ئه‌رزشن.
چه‌ند ده‌یه‌ك پیش ئێستا جۆره‌ هونه‌رێك له‌ناو كورداندا باوو بوو، كه‌ به‌ ئامانات و ڕێزه‌وه‌ گۆرانی كوردی گه‌شه‌ پێده‌داو، به‌شێكیش له‌ گۆرانی كوردی زاده‌ی ئه‌و كاتانه‌ن كه‌ پێی دوگوترا، گۆرانی مه‌جلیسی شه‌وانه‌، دانیشتن و به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و مه‌جلیسی‌ شه‌وانه‌یه‌، ده‌بووه‌ هۆكاری داهێنانی چه‌ندین ئاوازو گۆرانی ڕه‌سه‌ن، بۆنمونه‌ حه‌سه‌ن زیره‌ك و تاهیر تۆفیق و حه‌مه‌ ساڵح دیلان و ڕه‌فیق چالاك و ره‌شۆڵ و عه‌لی مه‌ردان و ناسڕی ڕه‌زازی و تاهیری خه‌لیلی و زۆرانی تر… به‌شێك له‌ ئاوازو گۆرانیه‌كانیان هی ئه‌و مه‌جلیس و دانیشتنی دیوه‌خانانه‌ن كه‌ شه‌وانه‌ به‌ڕێوه‌ چووه‌.
ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌گوزه‌رێت به‌ناوی لایڤ موزیكه‌وه‌ قه‌لاچۆكردنی ڕه‌سه‌نایه‌تی گۆرانی كوردی و، مه‌هزه‌له‌ی هونه‌رییه‌.
ئه‌وه‌ به‌و مانایه‌ نیه‌ كه‌ لایڤ موزیك كارێكی خراپ بێت، نا به‌ڵكو ئه‌وانه‌ی ئه‌و لایڤانه‌ به‌رێوه‌ده‌به‌ن ئامانج تێیاندا ڕه‌سه‌نایه‌تی و مۆركی كورده‌واری نیه‌ به‌ڵكو ئامانج ڕووتانه‌وه‌و گیرفان پڕكردن و، له‌ خاچدانی رۆحی هونه‌ریمان و ڕوخانی ژێرخانی هونه‌ریمانه‌.