هیچ پێوەرێک و نووسینێک نیە پێــوانەی گەورەیی و لێهاتوویی و جوانی و کەسایەتی مامۆستا زرار مــحەمــەد مستەفا بکات لەژیانی هونەریدا

مامۆستایە لێوانلێو و پڕاوپڕ لە خۆشەویستی و میهر و جوانی. هەرچی بنووسم بۆ تۆ مامۆستا گیان لەئاست گەورەییت لە پاکیت بۆ خاک و وڵات بەتایبەت بۆ شارە جوانەکەم رواندز کۆتایی نایەت. مامۆستا گیان من لەنزیکەوە دەمزانی هیواکانت چی بوون؛ خەونەکانت چی بوون کە چەندە بە پەرۆشەوە لە داهاتووی دنیای هونەرت دەڕوانی. تۆ بۆ ئێمە هەم وەکو باوکێک، هەم وەکو برایەکی گەورە ئامۆژگاریە جوانەکانت بۆ ئیمە ئەوە بوو کە چۆن بتوانین خزمەتی کوردستان بە گشتی و بەتایبەتی خزمەتی ناو و ناوبانگی شارە جوانەکەی رواندز بکەین. دەیان قوتابی وەکو منت پێ گەیاند کە ئیستا بوون بە ئەستیرەی درەوشاوە لە ئاسمانی هونەریدا شوێنپەنجەیان لە هەر سووچێکی کوردستان و دەرەوەی کوردستان دیار و بەرچاوە. ئەمەشیان بەری ماندوویەتی و هیلاکی ڕەنجی تۆ بووە بۆ ئێمەمانان. هەرگیز سیما و روخساری جوانت لە پێش چاومان ون نابێت؛ لە بیرمە ئەوساتانەی کە مناڵ بووین لە قوتابخانەی پاشای گەورە قوتابی سەرەتایی بووین لەگەڵ هاوپۆلاندا بە دزی دەهاتینە نهۆمی دووەمی قوتابخانە کە وەرشەیەکی خنجیلانەت رێک خستبوو گوێچکەمان شل دەکرد بۆ ئەو نۆتە و موزیکەی بە ئامێری عوود بە پەنجە ناسک و جوانەکانت دەتژەنی و چەندە دڵمان ئۆقرەی نەدەگرت و دەمانگوت دەبێ رۆژیک بێت ئەو خەون و حەز و خۆشەویستیەمان بۆ هونەری موزیک بهێتە دی ئەو مامۆستا جوانەمان فێری موزیکمان بکات؛ ئیتر ئەوە بوو خەونەکەمان بووە سەنگی مەحەک و خەنەکەمان هاتە دی؛ جوانترین قوتابیانی قوتابخانەی پاشای گەورەی هەڵبژارد و توانیی لە ١٩٧٧/٧/١ تیپی موزیکی مناڵان لە قوتابیانی قوتابخانەی پاشای گەورە دابمەزرێنێت من و ئامانج ـ چەتۆ ـ سیروان ـ شێرزاد ـ فاروق ـ رزگار ـ ریبوار ـ بژار ـ نەریمان. نیاز. نیعمەت. لە خولی دامەزراندنی تیپی پاشای گەورە بەشداریمان کرد. لە هەمان ساڵدا خولی فیربوونی خۆشنووسی وشیوەکاریشی بۆ ئیمە کردەوە. یادگاریەکان زۆرن بۆ باس کردن بەڵام ئەو ڕۆژگارە رووناکانەمان هەرگیز لەیاد ناچنەوە. چاکەو رەفتار و وەفاییت بۆ ئێمە شەرەفێکی گەورە بوو؛ مامۆستا گیان منەتبارین بە ماندووبوونت لە پێگەیاندمان و پەوەردەی جوانی هونەریت. بە کۆتاییهاتنی ژیانت تاسەبار و دڵگران بووین. هەرگیز ئەوەم بیر ناچێت رۆژێک بەر لەکۆتاییهاتن بە مەرگت زەنگی تەلەفۆنی تۆم بۆ هات گفتگۆیەکی تێروتەسەلمان کرد لە حاڵ و تەندروستی مناڵەکانمت پرسی؛ ئەمەیان کۆتا دیداری دەنگی بوو. منیش سوپاسگوزار بووم. ئەمەیان دوا قسەکانم بوو لەگەڵ مامۆستای خۆشەویستدا. گەورەیی ناوت بە رواندزەوە لکێنراوە مێژوویەکی گەورەو شکۆدارت بۆ خۆت و ماڵباتە بەڕێزەکەتان دروست کرد. ماڵئاوا مامۆستا گیان. ناوت بە قەد چیاکانی زۆزک و هەندرێن و کۆڕەک بەرز دەمێنێتەوە؛ خودای گەورە بە رەحمی خۆی رەحمت پێ بکات و جێگات بەهەشتی بەرین بێت.

ھەواڵی زیاتر