ژیانئاوایی هونەرمەند و مامۆستا و نیشتمانپەروەر (زرار رواندوزی) دیسان كۆستێكی گەورە بوو لە گەلەكەمان كەوت، مامۆستا زرار هەڵكەوتەیەكی دەگمەن و بێوێنەی نیشتمانەكەمان بوو، پێشمەرگەیەكی بەئەمەك و رێبازێكی ماندوی ڕێی كوردایەتی و پەروەردەكار و مامۆستا و ڕابەری چەندان نەوە و نووسەرەوەی مێژووی ژیار و شارستانی و هونەری میرنشینی سۆران و رێبەرێكی شارەزا و ئەزموونداری هونەری ناوچەكە و كوردستان بوو.
ئەزموون و گەشت و ژیانی مامۆستا بۆ هەموومان رۆمان و پەرتووكێكی رێگاكانی فێربوونی وانەیە، هەر بوارێكی ژیانی بۆ خۆی وانە و زانستێكە و ئەو ئەزموون و ژیان و وانانەی ژیانی وای كرد خودی مامۆستا ببێتە قوتابخانە بۆ هەموولایەكمان.
ئێمە لە تیپی مۆسیقای باواجی كۆیە هەواڵی كۆچی دوایی مامۆستا زرار جارێكی تر تاسەبار و پرسەداری كردین چوونكە هێشتا بەرگی ڕەشی پرسەی مامۆستامان (هونەرمەند سەرداری باب سەردار) و (هونەرمەند ئەحمەد هاشم)مان نەدڕیبوو، دیسان ئاسمانی شارەكەی حاجی و دڵدار و تایەر و سێوە، هەوری ڕەش دایپۆشی.
ئێمە هونەرمەندانی باواجی و شاری كۆیە لەڕابردوو ئازاری لەدەستدانی چەندان مامۆستا و رابەرمان چەشتووە و هەموویان بە سوێ و بەئازار بوون بەڵام مەرگی هونەرمەند زرار رواندوزی لای ئێمە بەسوێتر بوو چونكە دەزانین گەلی كورد چ گەنجینەیەكی لە فەرهەنگ و مۆسیقا و ئاواز لەدەست داوە.
*سەرۆكی تیپی مۆسیقای باواجی كۆیە