بە بۆنەی 75ەمین ساڵیادی دامەزراندنی دەوڵەتی هیندستانەوە، چالاكییەكی هونەریی هاوبەشی گروپێكی هندی و تیپی هەڵپەڕكێی میللی سلێمانی بەڕێوەچوو.
ئێوارەی رۆژی 29ی 1ی 2022 لە هۆڵی رۆشنبیریی سلێمانی، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای هیندستان لە عێراق و كوردستان، بەرپرسانی رۆشنبیری ئیداری لە شاری سلێمانی و ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتیانی شارەكە، مەراسیمێك بەڕێوەچوو كە تیایدا گروپێكی هونەریی ئەو وڵاتە و گروپی هەڵپەڕكێی میللی سلێمانی چەند چالاكییەكیان کرد.
د. موحسین ئەدیب، بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی بە (هەولێر)ی راگەیاند، ئەو چالاكییە بە بۆنەی 75ەمین ساڵیادی سەربەخۆییی وڵاتی هیندستانەوو بووە و وەك بەڕێوەبەرایەتییەكەشیان دەیانەوێت لەڕێگەی هونەرەوە كلتوری كورد بناسێنن، چونكە وڵاتی هیندستان یەكێكە لە زلهێزەكانی جیهان، بۆیە هەبوونی پەیوەندی رۆشنبیری و هونەری لەگەڵیاندا زۆر گرنگە.
سەبارەت بەوەی بەرپرسانی هیندستان شاری سلێمانییان بە لاوە چۆنە، ناوبراو وتی ئەوەی سەرنجڕاكێشە سەركونسوڵگەریی هیندستان لە شاری سلێمانییەوە لایڤی فەیسبووكی بۆ هاوڕێكانی كردۆتەوە لێیان پرسیوە ئەوێ ئەوروپایە؟ واتە ئەوەندە شاری سلێمانییان بە لاوە جوانە، ئەوانیش دەزانن سلێمانی پایتەختی رۆشنبیرییە و لەسەر رەزامەندی خۆیشیان ویستیان ئەو نمایشە لە سلێمانی بكەن.
هەروەها محەمەد جەلال، راهێنەری گروپی هونەریی میللی سلێمانی بۆ (هەولێر) رایگەیاند، ئەم چالاكییە بۆ ئاڵوگۆڕی هونەری و كولتووریی هەردوولا زۆر گرنگە بەتایبەتیش ناساندنی هونەری كوردی بە دەرەوە، دەتوانن لەو رێگەیەوە پەیامی ئاشتی باشتر بگەیێنن.
ناوبراو روونی كردەوە، وڵاتی هیندستان لەڕووی كولتوور و سەما و موزیكەوە زۆر دەوڵەمەندن، ئەوان لە فیستیڤاڵە جیهانییەكانیشدا بەركەوتنیان لەگەڵ گروپە هیندییەكاندا هەیە و كاریان زیندوویەتیی پێوە دیارە.
بەشێك لە ئامادەبووانی چالاكییەكە لە كاتی سەمای گروپە هیندییەكاندا بە مۆیایل وێنە و ڤیدیۆی سەماكەیان تۆمار دەكرد؛ ژینەر ستار وەك گەنجێكی ئامادەبووی چالاكییەكە بۆ (هەولێر) ئاماژەی بە گرنگیی سازكردنی ئەم چالاكییە كرد و وتی پێشتر زیاتر ئاشنای نمایشی گروپە كوردی و عەرەبییەكان بوون، بەڵام چالاكییەی ئەمجارە جیاوازتر بوو، چونكە گروپێكی هیندی نمایشیان كرد، لە كاتێكدا پێشتر تەنها لە تەلەفزیۆن یان سۆشیاڵ میدیاوە چالاكی هیندییەكانیان بینیوە، بەڵام ئەمجارە بە راستەوخۆ بینییان و توانییان چێژی لێ وەربگرن.